عەبدولعەلیم کایا لە دایکبووی ١٩٤٣ بە هۆی بەشداری لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە ساڵی ٢٠٠٨دا دۆسیەی لە دژ کرابووەوە. لە ئەنجامی دۆسیەکەدا لە ٢٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٠٩ لە لایەن ٥ەمین دادگای سزا قورسەکانی ئامەدەوە بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە بۆ رێکخراو" سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و ئەو سزایە لە ساڵی ٢٠١١ دا پەسەند کرا.
کایا کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا بە هۆی نەخۆشیی پرۆستاتەوە نەشتەرگەری بۆکرابوو، لە ١٤ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا لە ماڵەکەی سەرباری ئەوەی برینی نەشتەرگەریەکەی چاکنەببووەوە و تەقەڵەکانی دەرنەهێندرابوون دەستگیرکرا و خرایە زیندانی جۆری ئێچی بورساوە.
کایا تەنیا گورچیلەیەکی کار دەکات و بەهۆی نەخۆشی درێژخایەن و دڵەوە تا دێت دۆخی تەندروستی دژوارتر دەبێت و چاویشی کز بووە.
'لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا بە رێژەی سەدا ٩١ کەمئەندامە'
کوڕی زیندانی نەخۆشی عەبدولعەلیم کایا ئیسماعیل کایا باسی لەوەکرد کە باوکی چیتر ناتوانێت میزی خۆی رابگرێت و ئەوەشی خستەڕوو کە باوکی لەسەرەتای زیدانی کردنیەوە بۆ ماوی ٦٠ رۆژ لە ژورێکی تاکەکەسیدا لە زیندانی بورسا راگیراوە و بەم جۆرە درێژەی پێدا: "لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا لە بورسا کاتێک چوومە سەردانی باوکم، بەمنی وت، 'کێشەم هەیە، قاچەکانم دێشن، کاربەدەستان ئاوڕ لە دۆخی من نادەنەوە'. سەرباری ئەوەی نەخۆشیەکەشی قورس بوو دەستبەجێ ئازاد نەکرا. لە ٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢١دا راپۆرت لەبارەی باوکمەوە راگەیەندرا و تیایدا هاتووە کە لەسەدا ٩١ کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەتە. جگە لە نەخۆشی پرۆستات، توانای بیستنی کەمبووەتەوە و یەکێک لە گوێچکەکانی بە رێژەی لەسەدا ٨٠ نابیستێت. لەسەدا ٥٠ توانای بینینی لەدەستداوە و چاوی چەپی ئاوی سپی هەیە. گورچیلەیەکی لەدەستداوە و تەنیا بە یەک گورچیلەوە دەژی. لە رووی دەماریشەوە تووشی نەخۆشی بیرچوونەوەی سووک بووە. نەخۆشی دڵی هەیە و پێشتر تووشی ئاوسانی خوێنبەری دڵ بووە".
دەبێت رای گشتی هەستیار بێت
کایا ئەوەی خستەڕوو کە باوکی ئەو لە دۆخێکدا نییە کە پێداویستییەکانی بە تەنیا جێبەجێ بکات و وتی "بە هاوکاری پاسەوانەکان دەهێندرێت بۆ چاوپێکەوتن. ئێمەش وەک ئەو بە کاتێکی دژواردا تێدەپەڕین، لەگەڵ هەر سەردانێکمان برینەکانمان قووڵتر دەبنەوە. بە هۆی دۆخی زیندانەوە باوکم لە رەوشێکی دژوار و زەحمەتدا دەژی. داوا لە رای گشتی دەکەم کە لە پێناو باوکم و زیندانیانی نەخۆش بە هەستیاری بجوڵێنەوە. دەبێت دەستبەجێ ئازاد بکرێن. ئێمە لە سەر ئاستی نێونەتەوەییش درێژە بە هەوڵەکانمان دەدەین. ئەگەر تەرمی باوکم لە زیندانەوە بهێندرێتە دەرەوە ئۆباڵی لە ئەستۆی هەموو ئەوانەدایە کە بێدەنگ بوون. تائێستا دۆسیەی باوکی خۆمم بۆ زۆر کاربەدەست ناردووە، بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێک بەدەست نەهێندراوە".
هـ . ب