کۆڵبەرێک کوژرا و ٩ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون

بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە ژمارەیەک کۆڵبەر، لە ناوچەی سنووری نەوسود، کۆڵبەرێک کوژرا و ٩ کۆڵبەری دیکەش بەسەختی بریندار بوون.

بە پێی هەواڵێکی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە ناوچەی سنووری نەوسود لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەقەی ڕاستەوخۆیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک کە خەڵکی شاری پاوە بووە، گیانی لەدەستداوە و ٩ کۆڵبەری دیکەش بە سەختی بریندار بوون.

ئەو کۆڵبەرە، کە ناوی ئاسۆ کەریمی و تەمەنی ٣٩ ساڵ بووە، گولـلە بەر سەری کەوتووە و دوای ١٩ کاتژمێر تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە، بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی قودسی شاری پاوە گواستراونەتەوە و دۆخی تەندروستی بەشێک لەو کۆڵبەرانە ناجێگیرە.

بە پێی ئامارێکی کۆڵبەر نیوز، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لانیکەم ١١ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان بە هۆکاری جیاجیا لەوانەش تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران، هەرەسی بەفر، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و تەقینەوەی مین و هتد.. گیانیان لەدەستداوە و ٥٠ کۆڵبەریش بریندار بوون.

ژ.ن