کۆڵبەرێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بریندارکرا

کۆڵبەرێکی خەڵکی سەلاسی باوەجانی سەربە پارێزگای کرماشان، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی لە ناوچە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە، برینداربوو.

بەپێی هەواڵێکی کۆڵبەرنیوز، دوێنێ لە ناوچە سنوورییەکانی نەسودی سەربە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆڵبەرێک لەکاتی کۆڵبەیریدا لە بەرزایی بەربووەتەوە و برینداربووە.

بەگوێرە هەواڵەکە، “نەسروڵا حەمیدی” کە خەڵکی سەلاسی باوەجانیی سەربە کرماشانە، لە بەرزاییەکانی ناوچەی سنووریی نەوسود بەربووەتەوە و برینداربووە و دوای ئەوە گەیەندراوەتە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری کرماشان.

٢٧ی حوزەیران لە هەرێمی سەردەشت، گروپێک کۆڵبەر لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە کرایە ئامانج. لە هێرشەکەدا وەحید محەمەدپوری باوکی سێ منداڵ کوژرا.

٢٤ی حوزەیران لە هەرێمە سنوریەکانی کرماشان، هێزەکانی رژێمی ئێران تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کرد و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بریندار بوو و ژمارەیەکیان دەستگیرکران.

٢٣ی حوزەیران لە هەرێمی هەورامانی سنە، کۆڵبەر فەهیم روستەمزادە لەلایەن هێزەکانی رژێمی ئێرانەوە کوژرا.

لەم ماوەیەیی دواییدا هێرشەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری تورک و ئێران لەدژی کۆڵبەران زیادی کردووە.

لەگەڵ ئەوەی کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران بەردەوامە، بەڵام ناچارن بۆ بژێوی ژیانی خۆیان کۆڵبەری بکەن.

ف.ق