کۆبوونەوەکانی شاندی هەدەکە و دەم پارتی و دەبەپە لە هەولێر بەردەوامە

لە درێژەی سەردان و کۆبوونەوەکاندا لە شاری هەولێر، شاندی هەدەکە و دەم پارتی و دەبەپە دەربارەی بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری و حزبی زەحمەتکێشان کۆبوونەوە.

لە چوارچێوەی سەردان و کۆبوونەوەکان بۆ هەڵسەنگاندنی بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، ئەمڕۆ شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) و پارتی دیموکراتیکی هەرێمەکان (دەبەپە) سەردانی باشووری کوردستانیان کرد و لە شاری هەولێر لەگەڵ پارت و لایەنەکان کۆبوونەوە.

لەو چوارچێوەیەدا شاندەکە لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری و حزبی زەحمەتکێشان کۆبوونەوە. شاندەکە پێکهاتووە لە هاووتەبێژی هەدەکە مەراڵ دەنیش بەشتاش، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی دەم پارتی سەرحەد ئەرەن، هاووتەبێژی کۆمسیۆنی دیپلۆماسی دەبەپە موراد سارساچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی سالیحە ئایدەنیز، هاووتەبێژی ئەنجوومەنی گەنجانی دەم پارتی ڕەزان کاغان‌ئارسلان و نوێنەری هەولێری دەم پارتی موراد شەن.

شاندەکە لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری و حزبی زەحمەتکێشان، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی لەگەڵ سەرکردەکانی هەردوو پارتەکە تاوتوێ کرد.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، هەر ئەمڕۆ سەردانی چەند پارت و لایەنێکی تریان کردبوو.