کۆبوونەوەی گەل لە وان: پێکەوە دەفتەری ئاکەپە دادەخەین

لە وان دژی زەوتکردنی ئیرادەی گەل بانگەواز لە گەلانی تورکیا کرا بەرخۆدان مەزن بکەن بۆ ڕێگری لە ڕژێمی زەوتکەر.

دژی زەوتکردنی ئیرادەی گەلی جولەمێرگ، لە ناوچەی ڕێگەی ئاوریشمی وان کۆبوونەوەی گەل ئەنجامدرا، هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری و هاوسەرۆکی دەبەپە کەسکین بایندەر بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.

هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە کەسکین بایندەر تیشکی خستەسەر بەرخۆدانی ٥ ڕۆژەی گەل دژی دەستبەراگرتنی ئیرادەی گەلی جولەمێرگ، گوتی: "مزگێنی ئاکەپە بۆ وڵاتەکە، تەنها شەڕ و دوژمنایەتییە. ئەردۆگان دوو ڕۆژ پێش ئێستە گوتی "ئەوەی لە جولەمێرگ ڕوویدا بەردەوام دەبێت". ئێمە تا کۆتایی دژی ستەم بەرخۆدان دەکەین و خاوەنداری لە ئیرادەمان دەکەین".

هاوسەرۆکی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند گەلی وان و گەلی کورد و گەلانی تورکیا ڕێگە بە زەوتکاران نادەن، دووپاتی کردەوە دەیانەوێت ئەوەی لە جولەمێرگ ڕوویدا لە شوێنی دیکەش ئەنجامی بدەن، دووپاتی کردەوە لە هەموو جێگەیەک دژی ئەم هەوڵە بەرخۆدان دەکەن و گوتی: "ئەمە تێکۆشانێکە دژی فاشیزم. لەم تێکۆشانەدا تەنها نین، چەندەها ڕۆشنبیر و دیموکراتی تورکیا، شۆڕشگێڕانی تورکیا، سۆسیالیست و سەندیکا و ڕێکخراوی جەماوەری دیموکراتیک و پارتی سیاسی پشتگیری ئێمەن".

حاتەم ئۆغۆللاری جەختی کردەوە سەردەمی دەسەڵاتی ئاکەپە کۆتایی هاتووە و پێکەوە دەفتەری ئاکەپە دادەخەن، گوتی: "دیسان لە قەڵای وانەوە بانگەواز دەکەم، وەرن پێکەوە بەرخۆدان مەزن بکەین، زەوتکاران بنێرینەوە و ڕێگەیان پێ نەدەین. وەرن پێکەوە یەکگرتن بەهێز بکەین. بڕوام وایە بە یەکگرتن و ڕێکخستنی جەماوەری لەگەڵ گەلەکەمان دەتوانین زەوتکەران بنێرینەوە و ڕێگەیان لێ بگرین".

پاشان جەماوەر بە درووشم و چەپڵە و هەلهەلە بەرەو بینای دەم پارتی ڕێپێوانیان کرد.