کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆتای هات

کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی کۆتای هات و بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی یەکەنە بەرەو سلێمانی بەڕێکەووتن. دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا.

کەمێک پێش ئێستا، لە دیوانی پارێزگای هەولێر، شاندی ئیمرالی دەم پارتی کە ماوەی دوو ڕۆژە لە هەولێرن و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیان ئەنجامدا، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بڵاوکردەوە.

لە سەرەتای کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد و وتی: شاندەکە کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی ئەنجام دا و سڵاو و پەیامی بەڕێز ئۆجالانیان بە ئەوانە گەیاند.

دواتر کەسکین بایندر، لەسەر ناوی شاندەکە سڵاو و ڕێزی خۆیان ئاراستەی ڕاگەیاندنەکان کرد و سووپاسی پارێزگاری هەولێر کرد کە ماوەی دوو ڕۆژە لەگەڵیان بەردەوام بوو.

ئاماژەی بە کۆبوونەوەکان دا و وتی: دوێنێ کۆبوونەوەمان لەگەڵ مەسعود بارزانی ئەنجام دا و کاتژمیر  و ٤٥ خولەک گفتوگۆیەکی برایەتی و باشمان کرد و سڵاو و پەیامی بەڕێز ئۆجالانمان سەبارەت بە پرۆسەکە پێیان گەیاند، ئەمڕۆش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبووینەوە و بە هەمان شێوە سڵاو و پەیامی بەڕێز ئۆجالانمان گەیاند، ئەوانیش پشتیوانی خۆاین بۆ ئەو پرۆسەیە کە بەڕێز ئۆجالان دەستپێشخەریی کردووە دووپات کردەوە.

وتیشی: لە کۆبوونەوەکاندا باسمان لە ڕۆڵ و هەوڵەکانی هەموو لایەنەکان بۆ چارەسەری کێشەی کورد کرد، هیوای گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە کە کێشەی کورد بە شێوەیەکی یاسایی و سیاسیی چارەسەر بکرێت، لایەنەکان بە ئەرێنی نزیک بوونەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا کەسکین بایندر ئاماژەی بەوەدا، بەڕێز ئۆجالان لەم هەلومەرجە سەختەدا دەستپێشخەرییەکەی گەورەی کردووە و کە کێشەی کورد چارەسەر ببێت و ئەم ڕێگایەی بەڕێز ئۆجالان گرتوویەتییەبەر هەموو کێشە و ئاڵۆزیی و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر دەکات.

وتیشی: کۆبوونەوەکانمان لە هەولێر بەکۆتاهات و دەچینە سلێمانی لەگەڵ بەڕێز بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەنەکە و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبینەوە.

ئاشکراشی کرد، دەرئەنجامی هەموو کۆبوونەوەکانمان پاش گەیشتن بە باکووری کورستان بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو بڵاودەکەینەوە.