KCDK-E: هەموو کەسێک لە ئامادەباشیدا بێت بۆ ٢ی تشرینی دووەم 'رۆژی جیهانی بەرخۆدانی رؤژئاوا'

 کۆنگرەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیکی کوردستانیان لە ئەورۆپا بانگێکی ئاڕاستەی ژن و گەنج و پیرو کەسانی دیمۆکرات و رۆشنبیر و چەپ و سۆسیالیست و گەلانی جیهان کرد کە لە ئامادەباشیدابن بۆ رۆژی جیهانی خۆڕاگری ڕۆژئاواو پێویستە هەرکەسێک بەشداری چالاکیەکان ببێت.

دیوانی هاوسەرۆکایەتی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیکی کوردستانیان لە ئەورۆپا KCDK-E رایگەیاند بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیمانانەی کە ئیرادەی گەل قبوڵ ناکەن، لە ٢ی تشرینی دووەم رۆژی جیهانی خۆڕاگری رۆژئاوا هەموو ناوچەیەک دەکەینە گۆڕەپانی بەرخۆدان و خۆڕاگری.

'رێکەوتنێک کە ئیرادەی گەل لەبەر چاو نەگرێت، قبوڵ ناکرێت'

KCDK-E  لەبارەی رۆژی جیهانی بەرخۆدانی رۆژئاوا (٢ی تشرینی دووەم) بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند سوپای تورک کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩-وە لە دژی گەلانی رۆژئاوای کوردستان دەستی کردوە بە هێرشێکی قڕکەر و داگیرکەر، تا ئێستاش هێرشەکانی بەردەوامیان هەیە. سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی داعش کە لە سەرتاسەری ناوچەکە دەستیان بە تاڵان و کۆمەڵکوژی کردووە، دەیانەوێت خاکی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا داگیر بکەن.

لە بەیاننامەکەدا باس لەوە کرا کە ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانە، داگیرکەری و لەناوبردنی شۆڕشی رۆژئاواو دەستکەوتی گەلانی ناوچەکەیە و جەختیش کرایەوە کە گەلانی رۆژئاوا لە دژی داگیرکەریەکان بە شێوەیەکی مێژووی لە خۆڕاگریدان و هیچ پەیمانێکی هێزە ئیمپریالەکان کە نوێنەرایەتی گەل نەکات، قبوڵی ناکەن.

'پشتیوانی نێودەوڵەتی کاریگەریان هەبووە'

KCDK-E لە بەیاننامەکەدا باسی لە پشتیوانی گەلانی جیهان بۆ خاوەندارییێتی لە شۆڕشی رۆژئاوا کرد و رایگەیاند  خۆڕاگری لە بەرامبەر داگیرکەرییەکان هەتا ئەو رۆژەی داگیرکەری کۆتایی پێ نەیەت، بەردەوام دەبێت. هەروها ناڕەزایەتی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی بە ئاستێکی باش کاریگەری خۆی بەجێ هێشتووە. بۆ بەردەوامی پشتیوانییە نێودەوڵەتیەکان، پێویستە ئێمە زیاتر خەبات بکەن و ماندوونەناسانە کار بکەین. بۆیە پێویستە هەموومان بەردەوام بین لە خۆڕاگریدا.

'پێویستە هەموو کەسێک لە ئامادەباشیدا بێت'

دیوانی هاوسەرۆکایەتی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیکی کوردستانیان لە ئەورۆپا لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا بانگێکی ئاڕاستەی ژن و گەنج و کەسانی دیمۆکرات و رۆشنبیر و چەپەکان و کەسانی سۆسیالیست و گەلانی جیهان کرد کە لە ئامادەباشیدابن و وتی:" لە ٢ی تشرینی دووەم رۆژی جیهانی خۆڕاگری ڕۆژئاوا پێویستە هەموو کەسێک بەشداری چالاکیەکان ببێت. هیچ کەسێک نەچێتە سەر کارەکەی و لە ماڵ دانەنیشێت و لە گۆڕەپانەکان بەشداری چالاکیەکان ببێت."

ز.ش