کۆدار پشتیوانیی خۆی لە مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکارانی ئێران ڕاگەیاند

کۆدار بە ئاماژەدان بەوەی، کە مانگرتنی کرێکاران پێویستیی بە پشتیوانیی جوڵانەوەی گەلە، پشتیوانیی خۆی لە مانگرتنی کرێکارانی کەرتی پیشەسازیی نەوت لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتیوانیی خۆی لە مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکارانی کەرتی پیشەسازیی نەوت دەربڕیی.

لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆداردا هاتووە: مانگرتنی کرێکارانی کەرتی پێشەسازیی نەوت، گاز و پەترۆکیمیاوی لە ئێران، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دۆخی نالەباری بژیوی و ئابوریی خراپی وڵات، بە واتای مافێکی دیموکراتی، لە ناوخۆ و دەرەوە پشتیوانیی لێدەکرێت و ئێمەش وەک کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، پشتیوانیی خۆمان لەم تێکۆشانە دیموکراتیانە دەردەبڕین.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە پێش شۆڕشی ١٩٧٩، دوای چوار دەیە تێکۆشان کرێکاران زۆرێک لە مافە دیموکراسییەکانیان بەدەستهێنا، بەڵام لە یەکەم دەیەی دوای شۆڕش و بە دەسەڵاتگەیشتنی مەلاکان، هەموو ئەو دەستکەوتانە لەدەستچوو، دەستپێکردنی مانگرتنی کرێکارانی کەرتی پێشەسازیی نەوت، تەنیا چوار ڕۆژ دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران، نیشانەی دۆخی نالەباری هەموو توێژەکانی کۆمەڵگای ئێرانە، ئەم مانگرتنە زەنگی پێویستیی سەرهەڵدانی گەلی لێدا، کە خۆی مانگرتنەکە پێویستیی بە پشتیوانیی جوڵانەوەی گەلە. هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: دۆخی کرێکاران لە ڕاستییدا ئاوێنەی دۆخی گشتیی کۆمەڵگایە، کرێکاران لەم هەڵمەتە گەورەیەیاندا، ناڕەزایەتییان بەرامبەر پێنەدانی مووچە و دۆخی بژیوییان دەربڕی، لە خانەنشینانەوە بگرە تا کارمەندەکان، بە مانگرتنی بەربڵاو و دەرکردنی ڕاگەیەندراوی ناڕەزایەتی، لە هەموو شوێنێکی ئێران، داوای مافە لەکیس چووەکانیان دەکەن، بێ باکیی دەسەڵات لە ئاست مافی کرێکاران و هاوارەکانیان، بۆ ئەوەیە کە مانگرتن بە کێشەیەکی ئەمنیی بۆ دەسەڵات و حکومەت دەزانن، دەسەڵات کەرتی پێشەسازیی نەوتی لە بەرژەوەندیی خۆی و لەپێناو قازانجەکانی، کردووەتە دۆزەخی کرێکاران.

لە بەشێکی دیکەشدا هاتووە: بێگومان زیاتر لە داواکاریی پێویستیی کرێکاران، زیادکردنی مووچە و پێڕاگەیشتنیان، پێویستە بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ، ئەم کێشە مێژووییە لە ئێران، بە سەرهەڵدان و جوڵانەوەی گەل سەربکەوێت، مانگرتنی دوایی کرێکاران، بووەتە جێگەی سەرنج و پشتیوانیی یەکێتی و ڕێکخستنە کرێکارییەکانی جیهان لە ئێراندا، بەڵام قەیرانی ژیان و بژێویی کرێکاران، گرێدراوی چاکسازیی لە هەموو هەیکەلی دەسەڵاتە، کە دەسەڵاتداران وەها نیازێکیان نییە، بۆیە بێگومان تەنیا کاتێک، مانگرتنی گشتیی دەگاتە ئەنجام، کە بگاتە ئاست “جوڵانەوەیەکی ناڕەزاییانەی گەل”، کێشەکە سەرووی ماف و مووچەی مانگانەیە، پرسەکە باسی ژیان و سەرهەڵدان لەپێناو ژیانە، بەهۆی ئەوەی ئەم مانگرتنانە، دەسەڵاتی تووشی دڵەڕاوکێی کردووە و دەبێت وەک درێژەی سەرهەڵدانی پایزی ٢٠١٩ ببیندرێت، دەسەڵات لە ئەوپەڕی بێشەرمیدا، بابەتەکەی بەلاڕێدا بردووە و بەرپرسیارێتیی قەیرانە بێشومارەکان لەئەستۆ ناگرێت، ڕازیبوون بە زیادکردنی مووچەی کرێکارانی گرێبەست و هەمیشەیی، دابەزاندنی ئاستی ژیانی شکۆمەندانە و سەرهەڵدانێکی ڕادیکاڵە بۆ ژیانێکی ئاسایی.

لە کۆتاییشدا هاتووە: وەک کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، لەگەڵ دەربڕینی پشتیوانیی خۆمان لە مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکارانی ئێران، ڕایدەبگەیەنین؛ لە دۆخی ئێستادا کە هەموو کرێکاران بەرەو کۆیلەکردن پاڵدەنرێن، ڕێگەچارەی دیموکراتی، جوڵانەوەی ڕێکخستنکراوی گەل و داواکردنی ماف، نەتەنیا لە کارگەکان، لە شەقامەکاندا بە جوڵانەوە گەل مسۆگەر دەبێت، وەک کۆدار بۆ سەرهەڵدانێکی گشتگیر لەگەڵ بەڕێکخستنکردنی بزووتنەوەیەکی کرێکاریی هاوبەش و یەکگرتوو لەژێر ڕێبەرایەتی و پێشەنگایەتی خۆبەڕێوبەری گەلەکەمان، ئامادەین و داوا لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا، بەتایبەتی کارمەندان، کرێکارانی کەرتەکانی دیکە، ڕۆشنبیران و چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی، گەنجان و ژنان دەکەین، کە لەپێناو بەدیهاتنی بزوتنەوەیەکی ڕادیکاڵ و خۆبەڕێوبەری گەل، لە هەموو ئاستەکاندا، پشتیوانیی لە مانگرتنی کرێکاران بکەن، لە ئەگەری بەسیستمکردنی ڕێکخستنی جوڵانەوەی کرێکاریی، مانگرتن بە شێوازی ڕێشەیی دەگاتە ئامانج، سەرکەوتنی گەورەی کرێکاران بە تێکۆشانی ڕادیکاڵ و خۆبەڕێوبەر مسۆگەر دەبێت.

ف.ق