خانەوادەی شەنیاشار: زوڵم هەبێت جەژن نییە

خانەوادەی شەنیاشار کە بۆ دادپەروەری بەرخۆدان دەکات رایگەیاند، جەژن لە ناو زوڵمدا واتای نییە.

ئەمینە شەنیاشار هاوسەرەکەى و دوو کوڕی لە ساڵی ٢٠١٨دا لەلایەن خزمانی خەلیل ئیبراهیم یڵدز پەرلەمانتاری ئاکەپەوە کوژران. ئەمنیە شەنیاشار لەگەڵ فەریدی کوڕیدا، کە فەریدیش لەو هێرشەدا بریندار بوو، ماوەی ١٣٧ رۆژە بەردەوامن لە چالاکیی ئێشکگرییان بۆ دادپەروەری. خانەوادەی شەنیاشار جارێکی دیکە چوونەوە بەردەم دادگای رۆحا و داوای دادپەروەری دەکەن.

بکوژەکان لەبەرچاوی ئێمەن

فەرید شەنیاشار رایگەیاند، ئەوان نەیانتوانی جەژن پیرۆز بکەن و وتی، "زوڵمێکی گەورەمان لێدەکرێت. برایەکم ٣ ساڵە لە ژوورێکی تاکەکەسیدا زیندانی کراوە. باو و براکانم لە نەخۆشخانە کوژران. هیچ لێپرسینەوەیەک نەکراوە. ئەوانەی کەسوکاری ئێمەیان کوشت لەبەرچاومانن. بۆیەش ئێمە دەیڵێین کە لەناو زوڵمدا جەژن نابێت. ئێمە جارێکی دیکە لەبەردەم رۆحاین. تێکۆشانی خۆمان دوای جەژن فراوانتر دەکەین. لە پارێزگاری رۆحا تاوەکو سەرۆککۆمار هەموویان دەزانن کە لە نەخۆشخانە کۆمەڵکوژی ئەنجامدرا. بەڵام ئێدی زانین بەش ناکات، دەمانەوێت کاری پێویستە ئەنجام بدرێت. تاوەکو دادپەروەری جێبەجێ نەکرێت، لێرە ناچین."

ف.ق