خەڵک لە ئامەد دەستە دەستە لە گۆڕەپانی نەورۆز کۆدەبنەوە

لە ئامەد جەماوەری خەڵک دەستە دەستە بەرەو گۆڕەپانی جەژنی نەورۆز دەڕۆن.

لوتکەى ئاهەنگەکانی نەورۆز لە ئامەد بە دروشمی "کات کاتی سەرکەوتنە" بەڕێوەدەچێت.

ئاهەنگی نەورۆز لە ئامەد بە پێشەنگایەتیی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە)، تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)، پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) و پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) بەڕێوەدەبرێت.

بۆ پیرۆزکردنی نەورۆز لە هەموو شارەکەوە گەل بەرەو پارکی نەورۆز لە ناوچەی باغلار دەڕۆن.

لە بەرەبەیانییەوە خەڵک لە شار و ناوچەکان و گوندەکانی دەوروبەرەوە بەرەو گۆڕەپانی نەورۆزی ئامەد بەڕێککەوتن.

لە باغلار خەڵک بە جلی ئاڵ و واڵی کوردییەوە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان لە زۆر شوێنەوە دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا دێت.

ژنان، پیاوان، منداڵ و بەساڵاچووان بەرەو گۆڕەپانی نەورۆز دەڕۆن. لەڕێگادا گۆرانی لەسەر نەورۆز دەوترێت و خرۆشان و جۆشێکی زۆر لە ناو گەلدا هەیە بۆ ئاهەنگگێڕانی نەورۆز.

سەدان کەس لە گەڕەکی یەنی حالی ناوچەی پیاسی ئامەد بە دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێت"، "بژی بەرخۆدانی زیندان" دەستیان بە ڕێپێوان بەرەو گۆڕەپانی نەورۆز کردووە.

هەزاران کەس گەیشتوونەتە پارکی نەورۆز و لە پێنج خاڵ و دەروازەوە دەچنە گۆڕەپانەکە.

پۆلیس لە خاڵەکانی پشکنین دا دەست بەسەر قەڵەم و کەلوپەلی کەسیی هاووڵاتییاندا دەگرێت!.

لەخاڵەکانی پشکنینی پۆلیس دا رێگری لە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان دەکرێت، کە جل و بەرگی نەتەوەیی کوردییان لە بەردایە. سەرۆکی گشتیی پارتی ئازادی ئایەتوڵا ئاشتی و هاوسەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فورات سەردار ئاڵتان و زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان و چەندین کەسی تر بەهۆی لەبەرکردنی جلوبەرگی نەتەوەیی کوردییەوە لەلایەن پۆلیسەوە ڕاگیراون و تا ئێستا رێگایان پێنادەن بڕۆنە گۆڕەپانی نەورۆز.

هەزاران کەس لەبەردەم خاڵەکانی پشکنینی پۆلیس دا کۆبوونەوە و بۆ ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دروشمیان وتەوە و گۆڤەند و هەڵپەڕکێیان گێڕا.

هاوکات پۆلیس خۆی رژاندوەتە ناو گۆڕەپانی نەورۆز و هەوڵی دەستگیرکردنی ئەو گەنجانە دەدات، کە دروشمیان وتوەتەوە. جەماوەریش بە بەردەم خاڵەکانی پۆلیس دا ڕێپێوانیان ئەنجامدا و دەستیان بە وتنەوەی دروشم کرد.

جەماوەری گەل تا ئێستاش بە چری و دەستە دەستە بەرەو گۆڕەپانی نەورۆز دەڕۆن.

هونەرمەند دەڤریم دەمیر و ئۆزجان ئاتەش لە ئاهەنگی پیرۆزبایی نەورۆزدا هونەری خۆیان پێشکەش دەکەن. بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکی کەجەدە، ساڵیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی دەبەپە، پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە و سەرۆکی گشتیی پارتی ئازادی ئایەتوڵا ئاشتی بەناوی گروپی هاوپەیمانیی کوردستانەوە لە ئاهەنگی نەورۆزدا وتە پێشکەش دەکەن.

ژ.ت