خەڵکی قەندیل بۆ دوو گەریلا مەراسیمێکی جەماوەرییان ڕێکخست

لە قەندیل مەراسیمێکی جەماوەری بۆ گەریلاکانی هەپەگە، ڕێزان بۆتان (ڕێزان گونگەن) و باوەڕ بۆتان (بەکر کنا) ڕێکخرا، کە بە ھۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر شەهید بوون.

گەریلاکانی هەپەگە ڕێزان بۆتان (ڕێزان گونگەن) و باوەڕ بۆتان (بەکر کنا)، کە ڕۆژی ٦ی ئابی ٢٠٢٣، لە ھەرێمەکانی پاراستنی مێدیا شەهید بوون، بە مەراسیمێکی جەماوەریدا، لە قەندیل بە خاک سپێردران.

مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە گۆڕستانی محەمەد قەرەسونگور لە قەندیل دەستیپێکرد. پاشان سوڵتان یەڵدزئاتان، هاووتەبێژی ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدانی مەخمور قسەی کرد و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان کرد.

سوڵتان یەڵدزئاتان وتیشی: "لە هەموو لایەکەوە هێرش دەکرێتە سەرمان، لە گۆڕستانەکانمان، لە ھەموو نەتەوەکان شەهیدی تێدایە. ئەمەش دەریدەخات، ئەندێشەی ڕێبەر ئاپۆ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، وەک خاوەنی ئەو شەهیدانە، تا کۆتایی ڕێچکەیان دەگرینەبەر، سەرکەوتن بۆ گەریلایە".

دواتر، خالید محەمەد، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان قسەی کرد و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و سەرجەم بنەماڵەی شەهیدان کرد و وتی: ڕۆژ بە ڕۆژ ئازادیخوازان و نەتەوەی دیموکراتیک هیوا بە گەلەکەمان دەبەخشن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دوژمن بەهۆی ئەندێشەی ئازادیخوازیمانەوە هێرش دەکاتە سەرمان، سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی بەنرخی شەھیدان و گەلانی ئازادیخواز دەکەین.

دوای وتارەکان، تەرمی شەهیدان ڕێزان و باوەڕ بە دروشمەکانی 'شەهید نامرن' و 'بژی سەرۆک ئاپۆ' بە خاکسپێردران.

ژ.ن