خەڵکی شەنگال هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا شەرمەزار دەکەن

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال و بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی ئێزدی (تاژێ)، کۆمەڵکوژی و هێرشەکانی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا شەرمەزارکرد.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە شەنگال و تاژێ، پێنجشەممە، ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە لەبەردەم دەرگای "پارکی ڕێبەر ئاپۆ".

هاوسەرۆکی مەجلیسی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە شەنگال، نایف شەمۆ، گوتی: "بەتوندی هێرشە دڕندە و نائەخلاقییەکەی سەر ڕۆژئاوا و پێشەنگەکەنمان شەرمەزار دەکەین، هۆکاری سەرەکی بۆ چڕکردنەوەی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا، هەوڵە بۆ ڕێگریکردن لە دادگایکردنی چەتەکانی داعش، ئێمە لەگەڵ گەلی ڕۆژئاواین".

شەمۆ هەروەها گوتی: "پێویستە دوژمن باش بزانێت، ناتوانێت بەم هێرشانە ئامانجەکانی بپێکێت، ئەم هزرە بە ئیرادەی ئازاد بەرهەمهاتووە، هیچ هێزێک ناتوانێت لەناوی ببات".

ڕەیحان هەجۆ بەناوی تاژێ وتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی: "لە کەسێتی یوسرا و ڕەیحان، بە ڕێز و سوپاسەوە یادی هەموو شەهیدان دەکەینەوە، ئامانجی ئەم هێرشانە بۆ سەر پێشەنگەکانمان لە ڕۆژئاوا و شەنگال، قڕکردنی گەلی کورد و جڤاکی ئێزدییە".

هەروەها ڕەیحان هەجۆ گوتی: "ڕۆژانە هێرشە دڕندانەکان بۆ سەر ڕۆژئاوا بەردەوامە، هەمووان ئەمە دەزانن، ئامانجی داگیرکەر لەم هێرشانە ڕێگرییە لە دادگایکردنی چەتەکانی داعش، چونکە هەرکات ئەم چەتانە دادگایی کران، ڕوخساری ڕاستەقینەی دەوڵەتی تورک دووبارە ئاشکرا دەبێت".