خەڵکی ئامەد: ئەوە گۆڕەپان و ئەوە هەدەپە

هاووڵاتییانی ئامەد بە جۆش و خرۆشێکی گەورە نەورۆزیان پیرۆزکرد و ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە دۆزی داخستنی هەدەپە نیشان دا.

هاووڵاتییانی ئامەد بە جۆش و خرۆشێکی گەورە نەورۆزیان پیرۆزکرد و ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە دۆزی داخستنی هەدەپە نیشان دا. ئامەدییەکان وتیان، "ئەوە گۆڕەپان و ئەوە ئەوەگەل. کەس ناتوانێت ئیرادەمان زەوت بکات. هەدەپە ئیرادەی ملیۆنەها کەسە و کەس ناتوانێت دەنگی ملیۆنەها کەس ببڕێت".

لە ئامەد سەدان هەزار کەس پیرۆزبایی نەورۆزیان بە دروشمی "ئێمە بە ئاگری نەورۆز خۆڕاگری دەکەین و سەردەکەوین" لە پارکی نەورۆز بەڕێوەبرد. قەیومە داسەپێنراوەکەى ئاکەپە نەک ژمارەی پاسەکانی رێگای رۆیشتنی بۆ گۆڕەپانی نەورۆز زیاتر نەکرد، بەڵکو پاسەکانی خستە خزمەت پۆلیسەکان و خەڵێکیش بە گوێرەی توانایی خۆی بەرەو گۆڕەپانەکە رۆیشتن. سەدان هەزار کەس لە بەرەبەیانەوە روویان کردە گۆڕەپانی نەورۆز و بە جۆش و خرۆشێکی گەورە ئاگری نەورۆزیان کردەوە. لە نزیک نیوەڕۆدا ئیدی گۆڕەپانەکە شوێنێ کەسی تیادا نەدەبوویەوە. ژنان و گەنجان بە جلوبەرگی کورد و نەتەوەیی گۆڕەپانی نەورۆزیان بە رەنگەکانی سەوز، سوور و زەرد رازاندنەوە.

جەماوەر بە درێژایی رۆژی نەورۆز پۆستەرەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ئاڵاکانی پەکەکەیان بەرزکردبووە و بەبێ وەستان دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان دەوتەوە. بە وتنەوەى ئەو دروشمە داوای ئازادیی ئۆجالانیان دەکرد. سەرباری ئەوەى پۆلیسەکان دەستوەردانیان لە سیستمی دەنگی ئاهەنگەکەدا کرد، بەڵام نەیانتوانی دەنگی دروشمی سەدان هەزار کەس ببڕن.

ئەو کەسانەى بەشداری پیرۆزبایی نەورۆز بوون لەبارەی دۆزی داخستنی هەدەپە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد و ئەم پەیامەیان بە ئاکەپە دا "ئەوە گۆڕەپان و ئەوە ئێمە، هیچ هێزێک و هیچ کەسێک ناتوانێت ئیرادەمان زەوت بکات. هەدەپە ئیرادەی ملیۆنەها کەسە، کەس ناتوانێت دەنگی ملیۆنەها کەس ببڕێت".

"مەهەپە هەوساری تورکیای خستووەتە دەست خۆی"

گەنجێک بە ناوی ئازاد یڵدز باسی ئەوەیکرد، مەهەپە هەوساری یاسا و مافەکانی لە تورکیا خستووەتە دەستی خۆی و تورکیا بەرەو تاریکی دەبات و وتی، "بێ مافی و نایاسایی لە دژی حیزبەکەمان بە هیچ شێوەیک قبوڵ ناکەین. مەهەپە یاسا و مافەکانی لە تورکیا خستووەتە دەستخۆی و بەپێی خواستی خۆی بەکاری دەهێنێت، بەڵام با ئاکەپە – مەهەپە ئەوە باش بزان، ئەوە گۆڕەپان و ئەوە هەدەپە. هەدەپە ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی نەورۆزدایە. هەدەپە زیاتر لە ٦ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دەنگی هەیە، ئێمە تا دوا هەناسەمان لە پشت حیزبەکەمان دەبین و خاوەنداریی لێدەکەین. با هەرگیز خۆیان فریو نەدەن، هەدەپەش دابخەن، بە دڵنیاییەوە حیزبێکی زۆر بەهێزتر دروست دەکەین. دەبێت بە خێرایی داواکاری گشتی لە هەڵەکەى خۆی پاشگەزبێتەوە و سکاڵاکە بکشێنێتەوە. بۆ ئەوەى دەسەڵاتەکەیان بپارێزن هێرش دەکەنە سەر حیزبەکەمان و دەیانەوێت حیزبەکەمان دابخەن. ئەگەریش وابێت و هەدەپە دابخەن، بەڵام ئێمە هەرگیز دەنگ بە ئاکەپە – مەهەپە نادەین. کەس ناتوانێت هەدەپە دابخات. هەدەپە حیزبی گەلانی کوردستان و پارتی گەلانە. من داوا لە هەموو گەنجانی کورد دەکەم، کە لە دەوری هەدەپە کۆ ببنەوەو خاوەنداری لە ئیرادەی خۆیان بکەن".

"هەدەپە حیزبی گەلانە"

مامۆستا ساڵحی خانەنشین رایگەیاند، ئەوان چەند هەدەپە دابخەن ئێمە زۆر بەهێزتر دەڕژێینە گۆڕەپانەکان و وتی، "لەبەر ئەوەى ئێستا من ناتوانم بە زمانی دایکیی خۆم قسە بکەم و بە زمانێکی بێگانە قسە دەکەم، شەرم لە خۆم دەکەم. من مامۆستای خانەنشینم، ئەم دەوڵەتە توانیی زمانی من بتوێنێتەوە، بەڵام هیچ هێزێک ناتوانێت رۆح و مێشکی من بتوێنێتەوە. ئێستا دۆزیان لە دژی هەدەپە کردووەتەوو دەڵێن، هەدەپە دادەخەن. با دایبخەن، ئەوەتا ناوە نوێکەى ئامادەیە. ئەوەتا من ناوە نوێکەى لە گۆڕەپانی نەورۆزدا ئاشکرا دەکەم، "پارتی گەلانی خۆڕاگر – دەهەپە / DHP " ئەوان چەند دایبخەن ئێمە زۆر بەهێزتر دەگەڕێینەوە. لەبەر ئەوەى ئێمە حیزبی گەلان و حیزبی کەسە بەرەنگار و خۆڕاگر و بەرخودێرەکانین".

"دەبێت هەموو بنەماڵەکان بڕۆن لە بەردەم بارەگای ئاکەپە – مەهەپە دانیشن"

دایە مەدینە یڵدرمیش وتی، "ئێمە کوردین هەین و دەشبین. کورد، تورکی شکستداوە. تورکەکان دڵیان بە کورد و ئەوەى خۆیان پێی دەڵێن، "کوردی سواڵکەر" ناسوتێت. ئەوانە هاتوون لە بەردەم بارەگای حیزبەکەمان چادریان هەڵداوە. مرۆڤ چۆن دەتوانێت خۆی بە چەند قوروش بفرۆشێت. ئەو کەسانەی هاتوونەتە بەردەم بارەگای هەدەپە و دانیشتون بە پارە هێنراون. لەسەر خوێنی گەلان پارە وەردەگرن. شەرمە بۆ ئێوە، کە دەوڵەت رۆڵەکانتان دەکوژێت. دەبێت هەموو بنەماڵەکان بڕۆنە بەردەم بارەگاکانی ئاکەپە – مەهەپە و لەوێ چادر هەڵدەن و دانیشن.

ئێستا دەڵێن، ئێمە هەدەپە دادەخەین. هیچ هێزێک نییە حیزبەکەمان دابخات. بە رۆح و گیان ئێمە لە پشت حیزبەکەى خۆمانین. تاوەکو خوێن لە جەستەمدا بێت، من داوای مافەکانی خۆم دەکەم و لەگەڵ حیزبەکەی خۆم دەبم. ئەوەتا ئێمە لێرەین، رەحمەتی خوامان لێ بێت. ئەوەتا نەورۆز، ئەوەتا هەدەپە. ئەو کەسانەى دەڵێن، هەدەپە دادەخەین، با سەیری نەرۆزی ئامەد بکەن. بەرەبەیان و کاتێک من هاتم بۆ گۆڕەپانی نەورۆز، پۆلیسەکان ویستیان ئاڵاکەى من لە من بستێن، من بە پۆلیسەکانم وت، "ئەگەر ئێوە گیانیشم بکێشن، من ئاڵاکەى خۆم بە ئێوە نادەم". ئێمە بە گرتن، کوشتن و کۆمەڵکوژی کۆتاییمان پێنایەت. ئێمە ئاشتیمان دەوێت و ئەوان ئێمە دەکوژن، ئێمە برایەتیمان دەوێت ئەوا جیاکاری دەکەن. ئەوەندە خوێنمژن، کە کیمیایی بەکار دەهێنن. ئەوانە دوژمنی باو و باپیرانمانن. ئەوانە دوژمنی شێخ سەعید و دوژمنی مسوڵمانانن. خۆیان بە مسوڵمان نیشان دەدەن، بەڵام هیچ پەیوەندییەکیان مسوڵمانێتییەوە نییە".

"تەنها ٦ میلۆن و ٥٠٠ هەزار کەس دەتوانن هەدەپە دابخەن"

گەنجێک بە ناوی وەیسی گیوندوز وتی، هەدەپە دەنگی ملیۆنەها کەسە و وتیشی، "وەک گەنجێکی کورد سکاڵا بۆ داخستنی هەدەپە ئیدانە دەکەم. ئێمە بە ٦ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار هاتین، مەگەر تەنها ئەو ٦ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسە بتوانن ئەم حیزبە دابخەن. هیچ هێزێک و هیچ کەسێک ناتوانێت هەدەپە دابخات".

"هەدەپە حیزبی ژنانە"

ژنێکی گەنج بە ناوی عایشە گوڵ سۆیوت وتی، "ئێوە بە داخستنی هەدەپە بە هیچ ناگەن. هیچ کەس ناتوانێت هەدەپە دابخات. هیچ کەس ناتوانێت لە بریی دەنگدەران بڕیار بدات. ئەوە هەدەپەیە و ئەمڕۆ لێرەیە. لە تورکیا هەموو رۆژێک ژنان دەکوژرێن و لەبەر ئەوەى هەدەپە حیزبی ژنانە و بەرگری لە مافی ژنان دەکات، دەیانەوێت هەدەپە دابخەن. ئەگەر هەدەپە دابخرێت، دیسانەوە بە بەهێزتر و چالاکتر حیزبێکی تر دروست دەکرێت. هیچ کەسێک ناتوانێت دەنگی گەلان کپ بکات".

گەنجێکی تر بە ناوی موزەفەر چیچەک وتی، "خوا غەزەب لەو داواکارە گشتییە بگرێت، کە سکاڵای لە دژی هەدەپە کردووەتەوە. هەدەپە حیزبی گەلانە و هیچ کەس ناتوانێت دایبخات. بژی هەدەپە و بژی تێکۆشانی گەلی کوردستان".

"ئامەد گەورەترین وەڵامە"

ژنێک بە ناوی حەلیمە ئاڵتای وتی، ئەوە ئامەدە ئەمڕۆ گەورەترین وەڵامی بەو کەسانە دایەوە، کە دەیانەوێت هەدەپە دابخەن و وتی، "هەدەپە حیزبی دیموکراسییە. ئەم گۆڕەپانە گەورەترین وەڵامە بۆ ئەو کەسانە باسی هێزی نەتەوەیی دەکەن و خاکی کوردستانیان کردووە بە گۆڕستان. ئەم گۆڕەپانە ئەمڕۆ گەورەترین وەڵامی بە هەموو ئەو کەسانە دایەوە، کە دەیانەوێت هەدەپە دابخەن. هەدەپە گەلە و ئەوە گەلیش لە گۆڕەپانی نەورۆزدایە. ئێمە هەرگیز دەستبەرداری دۆزەکەمان نابین و هیچ کەس ناتوانێت هەدەپە دابخات. لە ساڵی ١٩٩٠ەوە ئەوان هەر خەریکی داخستنی حیزبن، بەڵام سەیر بکە حیزب لە دوای حیزب بەهێزتر دەردەکەوێت".

"ئیرادەی ملیۆنەها کەسە"

دایکێک بە ناوی نایفە دەمیر وتی، "ئەوە گۆڕەپان و ئەوە ئێمە. هیچ هێزێک و هیچ کەسێک ناتوانێت ئیرادەمان زەوت بکات. هەدەپە ورە و ئیرادەی ملیۆنەها کەسە. دەنگی ملیۆنەها کەس بە هیچ کەسێک و هێزێک کپ ناکرێت".

ژ.ت