خۆپیشاندانەکانی گەنجانی هەرێمی کوردستان بەرفراوان دەبن

لە هەرێمی کوردستان چالاکی گەنجان لە بەرانبەر خەرجنەکردنی دەرماڵەی خوێندن بەرفراوان دەبن.

خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی لەبەردەم زانکۆ گردبوونەوە و دەرگای زانکۆیان داخست و رێگریان لە مامۆستایانی زانکۆ کرد بچنە ناو زانكۆوە و ئەمەش توندوتیژی لێکەوتەوە

له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی خوێندكارانی زانكۆ و په‌یمانگاكانی سلێمانی، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ بڵاوه‌پێكردنیان گازی فرمێسك ڕێژیان به‌كارهێنا و چەند خوێندكارێکیان برینداربوون و بەهۆیەوە گرژى کەوتە نێوان هێزە ئەمنیەکان و خۆپیشاندەران و ژمارەیەک خوێندکار و هێزە ئەمنیەکان بریندار بوون.

سەنتەری میترۆ لەسەر خۆپیشاندانی خوێندكارانی سلێمانی و بەكارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ڕایگەیاند،، سەرهەڵدانەوەی ڕواڵەتەكانی توندوتیژی بەرامبەر بە میدیاكاران و خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەبنە هۆكاری پشێوی، نەك خۆپیشاندانی مەدەنی ئاشتیخوازانەی خوێنكارانی زانكۆ كە داوای لانی كەمی مافەكانیان دەكەن.

خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی، ئەمشەو جارێکی دیکە خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان ده‌ستپێكردوه‌ته‌وه‌، داوای خزمەتگوزاریەکان دەکەن بۆ بەشە ناوخۆییەکانیان و هاوکات جارێکی دیکەش داوای گێڕانەوەی ده‌رماڵه‌كانیان دەکەن.

دوای داخستنی رێگای نێوان سلێمانی و تاسڵوجه‌ لەلایەن خوێندکارانەوە قه‌ره‌باڵغی و لۆدێكی زۆر له‌سه‌ر ئه‌و رێگایه‌ دروستبوه و کەمێک لەمەوبەریش هێزە ئەمنیەکان گەیشتنە شوێنی خۆپیشاندانی خوێندکاران.

بە وتەی خۆپیشاندەران  پێدانی ئاوی خواردنه‌وه‌ و كاره‌با و غازی به‌شه‌ ناوخۆیی كوڕانی زانكۆی سلێمانی راگیراوه‌، ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی ئەمشەو جارێکی دیکە خوێندکاران هاتونەتەوە سەرشەقامەکان.

دەرچوانی دانەمەزراو بەشداری خۆپیشاندانی خوێندکاران دەکەن

لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ناوی ئەنجوومەنی دەرچووانی دانەمەزراو ڕایانگەیاند: بڕیارماندا هاوشانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بە گڕو تینەوە بەشداری خۆپیشاندانەکان بکەین.

ئەنجومەنەکە ڕاشیگەیاندووە: لە پێناو مافی هەمووان  کە دابینکردنی دەرماڵەیە بۆ خوێندکاران و دامەزراندنی  دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان، داوا لە سەرجەم دەرچووانی دانەمەزراو و وانەبێژان و خۆبەخشان و کارمەندانی کەرتی تایبەت دەکەین بەشداری کارایان هەبێت و چیتر  قبوڵی  يئەو بێڕێزی و سوکایەتیە نەکەن کە بەپرۆسەی خوێندن و بڕوانامە دەکرێت .

لەساڵی 2014ەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان پێدانی دەرماڵە بە خوێندکاران وەستێنراوە ، ماوەی دوو ڕۆژیشە لە بەشیکی زۆر لە زانکۆ و پەیمانگاکانی سنوری پارێزگای سلێمانی خوێندکاران داوای گەڕاندنەوەی دەکەن، بەڵام بە پێی زانیاریەکان لە زانکۆ و پەیمانگە ئەهلیەکان دەرماڵە بە خوێندکاران دەدرێت.

ف.ق