خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ لە باشوری کوردستان بەردەوامە
خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ لە سلێمانى، ڕانیە، قەڵادزێ، کۆیە و کەلار بەردەوام بوو و دەڵێن، داواکاریى سەرەکیى ئێمە پێدانى دەرماڵە و چارەسەركردنی گرفتی خزمەتگوزاریی بەشە ناوخۆییەكانیانە.
خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ لە سلێمانى، ڕانیە، قەڵادزێ، کۆیە و کەلار بەردەوام بوو و دەڵێن، داواکاریى سەرەکیى ئێمە پێدانى دەرماڵە و چارەسەركردنی گرفتی خزمەتگوزاریی بەشە ناوخۆییەكانیانە.
ئەمڕۆ خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی لەبەردەم بیناى زانکۆکان دەستیپێکردەوە و خوێنداکاران دەڵێن: ڕێگا نادەین هیچ کەس و لایەنێک ئاڕاستەى داواکارییەکانمان بگۆڕێت بۆ بەکارهێنانى توندوتیژیى، تاوەکو بەدەستهێنانى سەرجەم مافەکانیشمان بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانى خۆپیشاندانەکان.
هەروەها خوێندکارانى زانکۆى کۆیە لە سنوورى پارێزگای هەولێر بە دروشمى “چیتان دەوێ خوێندکاران، دەرماڵە بۆ خوێندکاران”، درێژەیان بە خۆپیشانداندا و دەشڵێن، پێویستە وەڵامى جدیى داواکارییەکانمان بدرێتەوە.
خۆپیشاندانى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان لە هەردوو شارۆچکەى ڕانیە و قەڵادزێش بەڕێوەچوو بۆ داواکردنى مافەکانیان، کە خۆى دەبنێتەوە لە دابیننکردنى دەرماڵە و باشترکردنى گرفتى بەشە ناوخۆییەکان.
هەروەها بەشێکى زۆرى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکانى سنوورى ئیدارەى گەرمیان بۆ داواکردنى دەرماڵە گردبونەوە و تێیدا دەرگاى سەرەکى زانکۆکەیان داخست و دەوامى خوێندن تێیدا ڕاگیرا.
لەساڵی ٢٠١٤وە حكومەتی هەرێم بە بیانووی قەیرانی دارایی و شەڕی دژ بە چەتەکانى داعش دەرماڵەى تەواوی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی بڕی و بۆ ئەو مەبەستەش لە دوو هەفتە پێش ئێستادا خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکانى بەشێکى زۆر لە ناوچەکانى کوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و تێیدا داوایانکرد، کە حکومەت مانگانە بڕیک پارەیان وەک دەرماڵە بۆ خەرج بکات، بەڵام لە هەندێ ناوچە توندوتیژىی بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارهات و هێزێکى زۆرى ئەمنییش هێنرانە ناو شار و شارۆچکەکان، کە تائێستاش لەو شوێنانە جێگیرکراون.
ف.ق