ناوەندی هەواڵ
درەنگانى شەوى ٢٨ لەسەر ٢٩ی ئابی ٢٠٢١، تیمێکی حەوت کەسیی گەریلاکانی پەکەکە لە نزیک ئاوی زاپ لە ناوچەی خەلیفان دەکەونە بۆسەی هێزەکانی پەدەکە و لە ئەنجامدا پێنج گەریلا شەهید دەبن، گەریلایەک بە برینداریی بەدیل دەکەوێتە دەست هێزەکانی پەدەکە و گەریلایەکیش خۆی ڕزگار دەکات.
هەرزوو پەکەکە لەسەر ئەو ڕووداوە پەنجەی تۆمەتی بۆ پەدەکە ڕاکێشا، ڕۆژی ٣ی ١٠ی ٢٠٢١، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا وردەکاریی ڕووداوەکەی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەکرد، شەوی ٢٨ی ئاب گروپێک گەریلا، کە لە حەوت کەس پێکدەهاتن، دەیانویست لە قەندیلەوە بچنە بادینان، دەورووبەری کاتژمێر ٢:٣٠ خولەکی نیوەشەو، کاتێک گەریلاکان ویستوویانە ئاوی زاپ تێپەڕێنن، ڕووبەڕووی هێرشی هیزەکانی پەدەکە بوونەوە.
هەپەگە ڕوونیشیکردەوە، بێ ئەوەی چەکدارەکانی پەدەکە هیچ هۆشیارییەک بدەن، یان گولـلەی هۆشداریی بتەقێنن، ڕاستەوخۆ لە چوار لاوە گولـلەبارانیان کردوون، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا بە زانیاریی ڕوون، پێنج هەڤاڵمان شەهیدبوون، ئەگەری زۆر هەیە، هەڤاڵێکمان بە برینداریی دەستگیر کرابێت، هەروەها هەڤاڵ حەقی، کە یەکێک لە ئەندامانی گروپەکە بووە و شاهیدی ئەو ڕووداوەیە، توانیویەتی بە زەحمەتییەکی زۆر لەو هێرشە ڕزگاری ببێت.
ڕۆژی ٦ی ١٠ی ٢٠٢١یش هەپەگە لەزاری حەقی زیلان، ئەو گەریلایەی کە لەهێرشەکەدا توانیبووی خۆی ڕزگاربکات، وردەکاریی هێرشەکەی خستەڕوو.
حەقی زیلان وتبوی: نزیکەی ١٠٠ مەتر لە ڕووباری زاپ دوور کەوتینەوە، لە ناکاو بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک بە چڕیی دەستڕێژى گوللـەمان لێکرا و شوێنەکەمان زۆر نالەباربوو، چونکە پشتمان لە ڕووبارەکە بوو بەردەمیشمان چۆڵ بوو، سەرەتا نەماندەزانی کێ هێرشی کردووەتە سەرمان، دواتر زانیمان لەسەر گردەکانی نزیک لەو شوێنەوە بە چەکی قورس کراوینەتە ئامانج.
وەک زیلان باسی لێوە کردووە، چەکدارانی پەدەکە کۆتا فیشەکیان لە گەریلا بریندارەکان داوە، بەشێوەیەک ئەو چەکدارانە بە زرێپۆشەکانیانەوە چوونەتە شوێنی بۆسەکە و بە چەکی ئێم ١٦ جارێک ١٢ فیشەک و جارێکیش نۆ فیشەکیان لە گەریلاکان داوە، تا ئەوانەی هێشتا زیندووبوون شەهیدبن.
ڕۆژی ١٣ی ١٠ی ٢٠٢١یش ئاژانسی هاوارنیوز، لەزاری سەرچاوەیەک کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، ئاشکرایکرد کە عەزیز وەیسی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی زێرەڤانی و فەرماندەیەکی دیکەی پێشمەرگەی پەدەکە بەناوی دلۆڤان ڕووباری، فەرمانی هێرشکردنە سەر ئەو گەریلایانەیان دەرکردووە و چەکدارانی ڕۆژی سەر بە پەدەکەش فەرمانەکەیان جێبەجێکردووە.
ئاژانسی هاوار ناوی ژمارەیەک لەو چەکدارانەی ڕۆژی بڵاوکردووەتەوە، کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە و پکێهاتون لە، شێران ڕەمەزان سیما، میڤان عیسا ئیبراهیم، ئیسماعیل محەمەد ساڵح و ڕائید عیسا.
ڕۆژی ٣ی ١٠ی ٢٠٢١، هەپەگە ناسنامەی ئەو شەش گەریلایەی ڕاگەیاند کە لە هێرشەکەی خەلیفاندا شەهید و برینداربوون، چواریان خەڵکی باکووری کوردستانن و دوانیشیان خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، کە پێکهاتوون لە (تۆڵهەڵدان ڕامان، شۆڕش مێردین، ئاخین مەزرێ، شۆڕش جۆلەمێرگ، بروسك مونزور و سەردەم جودی).
کەس و کارى دوو شەهیدەکەى ڕۆژئاوا، لە ٥ تشرینى یەکەمەوە لەدەروازەى سیمڵکا چادریان هەلدا و داواى تەرمى ڕۆڵەکانیان کردەوە، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی پەدەکە هیچ وەڵامێکیان نەداونەتەوە، یەک وشەشیان لەسەر ئەو هێرشەی خەلیفان نەدرکاندووە.
ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر ئەو هێرشەی پەدەکەدا تێدەپەڕێت، تا ئەمڕۆش پەدەکە بە هەمان سیاسەتی دژ بە کورد و نۆکەریی بۆ تورک بەردەوامە و لە هەرێمی زاپ شانەوشانی سەربازی تورک هێرش دەکەنە سەر هەرێمەکانی گەریلا و شۆڕشگێڕ و ئازادییخوازانی کورد بە داگیرکەر و "تیرۆر" پێناسە دەکەن و سەرانی دڕندە و فاشیستی تورکیش وەک خاوەن ماڵ.
هـ . ب