کۆمیتەی گەلان و باوەڕەکانی کۆما جڤاکێن کورستان (کەجەکە)، ئاماژەی بە گرنگیی هەڵبژاردنەکان کرد و دەڵێت: «دەرفەتێکمان لەپێشە بۆ لێپێچینەوە لە دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە، دەرفەتێکمان لەپێشە تا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکەین بەرامبەر ئەو هەموو سەرکوت و ئازار و ستەمەی ڕووبەڕووی جڤاکیان کردۆتەوە».
کۆمیتەی گەلان و باوەڕەکانی کەجەکە، هەڵسەنگاندنێکی بۆ هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکانی ١٤ ی ئایاری باکوری کوردستان و تورکیا پێشکەش بە ئاژانسی فورات نیوز (ANF) کرد.
کۆمیتەی گەلان و باوەڕەکانی کەجەکە، ئاماژەی بە گرنگیی هەڵبژاردنەکان کرد، هەروەها ئاماژەی بە سەرکوتکارییەکانی دەسەڵاتەکەی ئەردۆگان کرد، کە بیست ساڵە دژی کورد و ژن و ڕەنجدەران درێژەی پێ دەدات. کۆمیتەی گەلان و باوەڕەکانی کەجەکە ڕوونی کردەوە، ئەوەی کێشەی عەلەوییەکان و کوردیان خوڵقاند و گۆڕیان پۆ پرسێکی ئاڵۆز و بێ چارەسەر، دەوڵەت و حکومەتن. هەروەها دەڵێت، پێویستە ژنان لە ڕیزی پارتی چەپی سەوز تێبکۆشن دژی جیاکاریی ڕەگەزی و سیستەمی پیاوسالاری و توندوتیژی.
هەروەها کۆمیتەی گەلان و باوەڕەکانی کەجەکە ئاشکرای کرد، پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دایهێنا دژی ئەو تاکجەمسەرییە، کە دەوڵەت دەیسەپێنێت، چارەسەرێکی گونجاوە بۆ برینی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەروەها دەڵێت، هەموو گەلان و گرووپە ئایینییەکان و ڕەنجدەران و ژنان و گەنجان لە تورکیا، ئامادەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە.
کۆمیتەی گەلان و باوەڕەکانی کەجەکە ئاماژە بەوە دەکات، قۆناغی هەڵبژاردن لە تورکیا و کوردستان گرنگە بۆ تێکۆشان لەپێناو ئازادیی زمان و کەلتووری گەلی کوردی و گەلی عەرەبی و لازی و تورکی و هەموو گەلانی تر، دەڵێت: «دیسان، ئەم قۆناغی هەڵبژاردنە زۆر گرنگە بۆ تێکۆشان لەپێناو ئازادی و دیموکراسی بۆ هەموو گرووپە ئاینییەکان، بەتایبەت، عەلەوییەکان و ئێزیدییەکان و ئاشورییەکان و سریانییەکان، هەروەک ئەم هەڵبژاردنانە زۆر گرنگن بۆ ژیان و تێکۆشانی ئازادیی ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەوڵەت و کوشتن و بێسەروشوێنی دەبنەوە لە تورکیا و کوردستان، هەروەها ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە لەپێناو تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی بۆ هەموو توێژە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت گەنجان و ڕەنجدەران، بەم مانایە، دەمانەوێت ڕوونی بکەینەوە، پێویستە گەلەکەمان و ژنان و گەنجان بەشداربن لەم قۆناغە، بێگومان ڕۆڵ دەگێڕن لە بەزاندنی فاشیزم و دەسەڵاتی کۆمەڵکوژ و دوژمنی سرووشت و کەلتوور و مافی مرۆڤ.
سەدەیەک بەسەر مێژووی کۆماردا تێپەڕی، ئەم سەدەیە لە کاراکتەری کورددا جێگەی خۆی لە مێژووی کورددا دەگرێت وەک سەدەی قڕکردنی گەلان، چەندین قڕکردن دژی عەلەوییەکان ئەنجامدران وەک قڕکردنەکانی ئەرزینکان و دەرسیم و کۆچگری و مەرەش و گازی و چۆروم لەڕێگەی زیهنیەتێکی قڕکەرەوە. دەمانەوێت ئاماژە بەوە بکەین لەم سەدەیەدا، لەپاڵ هێرشە جەستەییەکان، هێرشی ئایدۆلۆژی و دەروونی هەمیشە هەبوون، بە مانایەکی تر، دەوڵەتی نەتەوەپەرستی تورکی یان دەوڵەتی کۆماری تورکی، بە کارەکانی ئەم سەدەیەی سەلماندی، هەمیشە کورد و عەلەوییەکان وەک کێشەیەکی ئەمنی دەبینێت، هەر لە ساڵی ١٩٢٣ ـەوە، واتە لە دامەزراندنی کۆمارەوە، ڕێگەیان نەداوە گەلان و بەتایبەت کورد و عەلەوییەکان چاو بکەنەوە، بەڵام کاتێک دەڕوانینە ڕووداوەکانی بیست ساڵی پێشوو، ئەو شتانەی بەسەر کورد و عەلەوییەکان و ژنان و ڕەنجدەران لەماوەی بیست ساڵدا سەپێنراون، دەبینین لە ئاستی سەدەیەکدان».
تێکۆشانی تەڤگەری ئازادیی ڕژێمی فاشیستی لە لێواری ڕووخان نزیککردۆتەوە
کۆمیتەی گەلان و باوەڕەکانی کەجەکە ئاماژەی بەوە کرد، تێکۆشانی تەڤگەری ئازادی و ژنان و گەنجان و کرێکاران و ناوەندە دیموکراتیکەکان ڕژێمی فاشیستیان لە لێواری ڕووخان نزیککردۆتەوە ، گوتی: «لەم هەڵبژاردنەدا، گەلی تورکیا گورزێکی کوشندە لە دەسەڵات دەدات، هەروەها ڕۆڵی سەرەکی و گرنگی هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی لەم قۆناغەی هەڵبژاردن دا دەردەکەوێت. داینامیکەکانی تێکۆشان لەپێناو دیموکراسی و ماف و ئازادی لە تورکیا لەو بەشانەی کۆمەڵگە پێکدێت، کە هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادیی لەسەر دامەزراوە. بەم مانایە، تا هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی بەهێزتر و گەورەتر بێت، کاریگەریی زیاتر دەبێت لەسەر هەموو گەلان و گرووپە ئایینییەکان و ڕێکخستنی ژنان و گەنجان و کرێکارانی تورکیا زیاتر دەبێت، هەروەها تێکۆشان لەپێناو دیموکراسی بەهێزتر دەبێت، ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ سیاسەتی دیموکراتیک.
زیاتر لە ٢٠ ساڵە، دەسەڵاتی فاشیستی وەک دوژمنی کۆمەڵگەی تورکی دەردەکەوێت. بۆیە دەبێت کاربکرێت لەدەوری پارتی چەپی سەوز کە نوێنەرایەتی شوناسی گەل و ژنان و گەنجان دەکات و وەک تێکۆشانێک لەپێناو دیموکراسی و ئازادی خۆی ڕێکدەخات، هەروەها پرۆگرام و پێشنیارە سیاسییەکانی بەگوێرەی ئەمە ڕێکدەخات، بۆیە پێویستە لەسەر ئەم بناغەیە خەبات بکرێت و یەکێتییەک بێتە دی. پێویستە گۆڕانێکی ڕیشەیی لە زیهنیەت ڕووبدات، لە زیهنیەتی نکۆڵی و وێرانکاری، هەروەها لە قڕکردن و سیاسەتی قڕکردن تێبگەن. بێگومان گۆڕان و وەرچەرخان لەڕێگەی پەرەپێدانی سیاسەتی دیموکراتیک و تێکۆشانی دیموکراتیک و تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و بەرخۆدانەوە سەرهەڵدەدات».
«دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە، بەرپرسیارە لە کارەساتی بومەلەرزە»
کۆمیتەی گەلان و باوەڕەکانی کەجەکە ڕایگەیاند، دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە و مەهەپە، بەرپرسیارە لە کارەساتی بومەلەرزە، گوتی: «هێشتاش فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە پشت بە بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان دەبەستن. هێشتاش کردەوەکانی ئاکەپە و مەهەپە لە سەردەمی بومەلەرزە بەردەوامە. ئەم دەسەڵاتە دەستوەردانی نەکرد و ڕێگەی نەدا خۆبەخشەکانیش هاوکاربن. گەل بۆ چەندین ڕۆژ چاوەڕێی هاوکاری بوون. لەبەرچاوی هەموواندا، کارەساتی بومەلەرزە وەک قڕکردنی کورد و عەلەوییەکان دەرکەوت. سەرەڕای هەڕەشە و گوشار و ئەشکەنجەی دەوڵەت، سەدان هەزار کەس کۆبوونەوە بۆ گەیاندنی یارمەتی بە ناوچە لێقەوماوەکانی بومەلەرزە. هەروەها گیانی هاوکاری و یەکێتی لەنێو کۆمەڵدا گەشەی کرد، سەرەڕای ئاستەنگەکانی دەوڵەت، گەل هێزی خۆی دەرخست. ئەمەش بووە وانەیەکی مەزن بۆ گەلانی جیهان و کۆمەڵگەکەمان. گەل و ژنان و گەنجان متمانە بەخۆتر و بە ئیرادە و هۆشیارییەوە دەرکەوتن، دەوڵەت دەیەوێت هێز و دەرفەت بەخۆی بدات لەڕێگەی ئەو شتانەی لە گەلی زەوتکردووە. بەم مانایە، دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە، بینیان ئەم تەڤگەر و هاوکاری و گیانی هاوبەشییەی نێوان گەل هەڕەشەیە بۆ سەری. بۆیە دەیویست لەو قۆناغەدا بە هەزار فرتوفێڵ دەستوەردان بکات، لەڕێگەی دامەزراندنی بریکارەکانی و دەستگرتن بەسەر ئەو کۆگایانەی هاوکاری تێدا کۆدەکرایەوە، تەنانەت دەستگرتن بەسەر بارهەڵگرەکانی یارمەتی.
بەم مانایە، ئەو گەلانەی لە ناوچە لێقەوماوەکانی بومەلەرزە دەژین، ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە. ئەگەر بیانەوێت بە شوناسی کوردی و عەلەوی خۆیانەوە، شوێنەکان نۆژەن بکەنەوە، هەمدیسان بە شوناسە عەرەبی و عەلەویی و شوناسە ئیسلامییەکەیان لەو شوێنانەی موسڵمانان دەژین، پێویستە لەم پێناوەدا تێبکۆشن و بەرپرسیاری مێژووییان هەڵبگرن. تاوەکو گەل بە هەستی وڵاتپارێزییەوە ئەم خاکە دێرینانە بگەڕێنێتەوە، پێویستە بەگیانی خۆڕێکخستنەوە بجووڵێت. ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ ساڕێژکردنی برینەکانمان. بەم مانایە، نابێت ڕێگە بدەین زیهنیەتی دەوڵەتی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە، حسابات لەسەر دانیشتووانی هەرێمەکە بکات، بە فێڵ و درۆ گەل فریو بدات».
«نابێت ئایین ببێتە ئامرازی دەسەڵات»
کۆمیتەی گەلان و باوەڕەکانی کەجەکە ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە، ڕێبازی ئیسلامی کردۆتە ئامراز بۆ سیاسەتەکانی، درێژە پێدا: «ئیسلامی دیموکراتیک مانای ئەوەیە، موسڵمانانی کورد و موسڵمانانی تورک و موسڵمانان بەبێ هیچ جیاوازییەکی نەتەوەیی یان زمانەوانی لەنێو کۆمەڵگەکاندا، دەبێت لە ئاستێکی یەکساندا بن. هەڵبەت ئیسلامی دیموکراتیک لە بنەڕەتدا ئایینێکە داندەنێت بە جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکاندا و دژی ئەو چینانەیە کە لەڕێگەی چەوسانەوە و قۆرخکارییەوە پەیدابوون. ئیسلام بە سرووشتە یەکسانیخوازییەکەی، هەموو مرۆڤەکان بە یەکسانی دەبینێت. تێگەیشتنی ئیسلامی پرەنسیپ و یەکسانی ئەخلاقی و جیاوازییەکان ڕەتناکاتەوە. دانپیانان بە مافی ژنان و مناڵ و ڕێبازی ڕێزگرتن لە ئەزموونی بەتەمەنەکان و ڕزگارکردنیان، لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئیسلامی دیموکراتیکە. ئیسلامی دیموکراتیک دژی بەشداری ژنان نییە لە کۆمەڵگەدا، هەم لە ئابووری و هەم لە سیاسەت؛ بەکورتی، لە هەموو بەشەکانی ژیان. ئەوەی ژنان دوور دەخاتەوە لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی کۆمەڵگە، هەروەها قەتیسکردنیان لە چوارچێوەی چوار دیواردا، بریتییە لە ڕەوش و کردەی دەسەڵات، نەوەک ئایینی ئیسلام. بەم مانایە، ئیسلامی دیموکراتیک پێی وایە، ڕێبازی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان لەسەر بنەمای دادپەروەری، پرەنسیپێکی سەرەکییە.
بەم مانایە، پەیوەندییەک هەیە لەنێوان ئایین و سیاسەتی دیموکراتیک. دەبێت ئەم پەیوەندییە لەسەر بناغەی پرەنسیپی ئیسلامی کەلتووری بێت دوور لە دەسەڵات. دانپیانان بە ژیانی ئازاد و یەکێتیی هەموو ئایینەکان و جڤاکە ئیتنیکییەکان و پاڵپشیکردنیان، هەروەها ڕوانین لە فرەیی وەک یەکێک لە بنەماکان، گرنگە بۆ پەرەپێدانی ئەخلاقی سیاسی و ڕزگارکردنی کۆمەڵگە. دەبێت مێژووی ئایینەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەتایبەت مێژووی ئیسلام، هەروەها پەرەپێدانی وەڵامەکان بۆ ئەم ڕاستییانە، بوارێکی سەرەکییە لەپێناو تێکۆشان دژی ئەوانەی ئایین بەکاردەهێنن. بەم مانایە، بەدڵنیاییەوە کورد گۆڕان و وەرچەرخانی دیموکراتیکییان لە بواری زیهنیەتی ئایینی بەدیهێناوە. بێگومان هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەکانی ڕێبەرایەتی پارتەکەمان لێرەدا کاریگەری هەبووە. ئاشکرایە بۆچوونەکانی ڕێبەرایەتیمان کە لە نەوەتەکانەوە پەرەی پێدراوە و بە پارادیمێکی نوێ ڕوونکراوەتەوە، لەلایەن گەلی کوردەوە بینراوە، هەروەها پەرەسەندنی گرنگ لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان هاتۆتەکایەوە کە شیاوی نکۆڵیکردن نییە، بەتایبەت لە کۆمەڵگەی کوردی».
پێویستە ژنان و گەنجان و هەموو کەسێک لە دەوری پارتی چەپی سەوز کۆبنەوە
کۆمیتەی گەلان و باوەڕەکانی کەجەکە ئاشکرای کرد، دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە لەماوەی ٢٠ ساڵدا، گەیشتۆتە ئەوپەڕی سیاسەتی قڕکردن و فاشیزم، گوتی: «کۆمەڵگەی تورکی و ڕاستینەی گەلی تورکی چیتر لە ڕەوشێکدا نین ڕێگە بدات بە پشتیوانیکردن لە ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپە. ئەو شتانەی لە بوارەکانی ئابووری و سیاسی و سەربازی ڕوویانداوە ڕژێمی تورکی بەرەو بنبەست بردووە. مەزنترین فاکتەری کێشە کۆمەڵایەتییەکانی دەوڵەتی تورکی بریتییە لە کێشەی ئابووریی گەلان. کێشە ئابوورییەکان دەگەڕێتەوە بۆ کڕین و بەرهەمهێنانی فیشەک و تۆپ و هەموو جۆرەکانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتەوە. بڕوانن، دەوڵەت دەڵێت دیموکراتی و کۆمار بەڕێوەدەبات، کەچی خەڵکی نێو دەوڵەتەکە خۆراک لە زبڵدانەکان کۆدەکەنەوە. هێشتاش گەنجان بێکارن، بەڕێوەبەرانی هەڵبژێردراوی شارەکان دەستگیردەکرێن، قەیومەکان شارەوانییەکان بەڕێوەدەبەن.
سەرەتا، فاشیزمی ئەردۆگان و باخچەلی ناچاربوون پاشەکشە بکەن دژی بە گەلی کورد و تێکۆشانی پەکەکە. پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک کە ڕێبەرایەتیمان پەرەی پێدا دژی ئەو نەژادپەرستییەی دەوڵەت دەیسەپێنێت، چارەسەر بۆ برینی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین. هەروەها وەرچەرخانی گرنگ ڕوویانداوە پەیوەست بە چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگە و گەلان و گرووپە ئایینییە جیاوازەکان لەژێر ڕێبەرایەتی پەکەکە و ڕێبەرایەتییەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین. هەڵبەت بە قوربانیدانی بەنرخ دەسکەوتی مەزن بەدەستهاتوون. بێگومان، گەل و گرووپە ئاینییەکان و کرێکاران و ژنان و گەنجانی تورکیا ئامادەن سنوورێک دابنێن بۆ دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە. پێویستە زۆرینەی عەلەوییەکان بە یەکگرتووی لە دەوری پارتی چەپی سەوز کۆبنەوە بۆ تێکۆشان لەپێناو دیموکراسی. بەم هۆکارە، پێویستە عەلەوییەکان چاودێری پەرەسەندنەکانی تورکیا و کورستان بکەن، تا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ببنە هێزێکی کاریگەر لەسەر ئەو پەرەسەندنانەی ڕوودەدەن و ئامانجەکەیان تێکۆشانە لەپێناو دیموکراسی و ئازادیی بیروباوەڕ.
پێویستە عەلەوییەکان گفتوگۆ و پەیوەندی و هاوپەیمانییەکانانیان و هێڵی تێکۆشانیان دژی هێرشە ترسناکەکان دەستنیشان بکەن. پارتی چەپی سەوز ئەو پارتەیە کە هەموو گەل و باوەڕە جیاوازەکان و ژنان و گەنجان دەتوانن تێیدا گوزارشت لە خۆیان بکەن. دیارترین سیمای ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە لە بیست ساڵی ڕابردوو، بریتییە لە زایەندپەرەستییەک دژی ژنان. بەتایبەت لەم بیست ساڵەی پێشوو، توندوتیژی و کوشتار دژی ژنان، ئاراستەکانی شەڕی قێزەون و دەروونی و تایبەت، سیاسەتی دوورخستنەوەی ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی زیادی کردووە. زایەندپەرستی نێو خێزان، گەیشتۆتە شوێنی کاریش، بەکورتی، گەیشتۆتە هەموو قوژبنێکی ژیانی کۆمەڵایەتی، گەیشتۆتە خاڵی بەرتەسککردنەوەی بوارەکانی ژیان و کارکردنی ژنان، لەگەڵ ڕوانین لە ژن وەک سەرچاوەیەکی هێز بۆ کاری ماڵەوە و بەس. بەم مانایە، پێویستە ژنانی نێو پارتی چەپی سەوز دژی ڕژێمی باوکسالاری و سەرکوتکاری پیاوانە بوەستنەوە».
کۆمیتەی گەلان و باوەڕەکانی کەجەکە ڕایگەیاند، گەلی کوردی و گەلی تورکیا، لە قۆناغێکی پەرەسەندنی گرنگدان، گوتی: «ئەم قۆناغە چۆن پێشدەکەوێت، بەدەستی ئێمەیە. کۆمەڵگە گوزارشتە لە تۆڕێکی پەیوەندی کە ژیان و گەشە و یەکێتیی خەڵک دەپارێزێت. کاتێک وەها دەڕوانین، پێویستە بچینە نێو تێکۆشانێکی بەهێزەوە دژی ئەو ڕژێمەی کار بۆ پارچەکردن و لەناوبردنی جڤاکی کۆمەڵایەتی دەکات. ئازیزان لە گەلی تورکیا و گەلی کورد، ژنان و گەنجان و کرێکاران، دەمانەوێت دیسان بڵێین، ئێمە لەبەردەم دەرگایەکی چارەنوسسازین بۆ تورکیا گەلی تورکیا و هەموو کۆمەڵگە. بە نیسبەت ئێمەوە، ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ لێپێچینەوە لە حکومەتی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە کە دژی ژنان و گەنجان و دیموکراسی و ماف و یاسای و داد و ئایین و زمان و کەلتوورە. دەرفەتمان هەیە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکەین، لەسەر ئەم ستەمەی کردوویانە، لەسەر ئەو ئازارانەی توشی کۆمەڵگەیان کردووە، لەسەر دڵڕەقی و پشێوی و دزی و سەرکوتکارییەکان. داوا لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەی تورکیا دەکەین، سود لەم دەرفەتە وەربگرن و بۆ هەمیشە دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە ببەزێنن.
هەروەها دەمانەوێت بەبیرتان بهێنینەوە، هەموو گەلی تورکیا و بەتایبەت کورد و گرووپە ئایینییە جیاوازەکان و ژنان و کرێکاران و گەنجان و کرێکاران، بەکورتی هەموو کەرتە کۆمەڵایەتییەکان، پێویستە بچینە تێکۆشانێکەوە لەپێناو تورکیایەکی دیموکراتیک و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ژیانێکی دیموکراتیک و دەستوورێکی دیموکراتیک و کۆمارێکی دیموکراتیک، تاوەکو پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک بێتە ژیانەوە. دەمانەوێت ڕایبگەیەنین، ڕێگەی ڕزگاری و ئازادبوونی گەلان و باوەڕەکان و پاراستنی جیاوازییەکان و گەرەنتیکردنی ژیانی دادپەروەر، بەمەدا تێدەپەڕێت. بەم مانایە، داوا لە گەل و هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە دەکەین، بە بەهێزییەوە خاوەندارێتی لە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بکەن. هیوا خوازین هەمووان لە بەرەبەیانی ١٥ ی ئایار بە جۆش و خرۆشەوە لەدەوری پارتی چەپی سەوز یەکبگرن و ژیانێکی ئازاد و یەکسان بژین، مافە دیموکراتیکەکان و داخوازییەکانیان بە جدی وەربگیرێت، سەلامەتی ژنان پارێزراو بێت، مناڵان و گەنجان بە زمانی خۆیان بدوێن و بەگوێرەی کەلتووری خۆیان پەروەردەبکرێن و بژین».
ژ.ت