کەجەکە بانگەوازی راگەیاند: بێدەنگی دامەزراوە نێونەتەوەییەکان شەرمەزار بکەن

کەجەکە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری بۆ سەر مەدەنیەکان شەرمەزار کرد و داوای لە گەلی کورد و دۆستانی کرد کە بێدەنگی دەوڵەت و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان لەوبارەوە شەرمەزار بکەن.

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە:

"دوای ئەوەی ئاکەپە- مەهەپە سەرلەنوێ دەسەڵاتیان گرتەوە دەست، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و کۆمەڵکوژکار هێرشەکانی بۆ سەر گەلی کورد هێزەکانی ئازادی زیاتر کردووە و لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا هەم لە رۆژئاوا و هەمیش لە باشووری کوردستان ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئێمە شەهید بوون.ئێمە ئەو هێرش و کۆمەڵکوژیانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و کوژەر بە توندی شەرمەزار دەکەین. هەروەها سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو کەسانەی ژیانیان لەدەستداوە و سەرجەم گەلی کورد دەکەین.

هەولێر و بەغدا بێدەنگن

لەبەرامبەر ئەو هێرش و کۆمەڵکوژیانەی دەوڵەتی تورکدا هەندێک رێکخراوەی دیموکراتیک و وڵاتپارێز ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بەڵام لەپێشەوە کەسانی خاوەن بەرپرسیارێتی، دەوڵەت و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکدا بێدەنگن. ئەو هەڵوێستەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و دەوڵەتان مایەی قەبوڵ کردن نییە. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە تێگەیشتی دوژمنکارانەی بەرامبەر بە کوردان یاساکان پێشێل دەکات و لە هەموو شوێنێک بێ پسانەوە هێرش دەکات و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات. تەنیا لە هەفتەی رابردوودا لە باشووری کوردستان لە هێرشەکان بە فڕۆکەی سیخوڕی ژمارەیەکی زۆر مرۆڤ شەهید کران. بەڵام نە حکومەتی باشوری کوردستان و نە دەوڵەتی عێراق لە بەرامبەر ئەوەدا ناڕەزایەتیان نیشان نەدا. بەتایبەتی حکومەتی باشووری کوردستان و دەوڵەتی عێراق دەبێت بەرامبەر بەو هێرشانە بوەستنەوە و بەر بەو هێرشانە بگرن. بێدەنگی و کەمتەرخەمی بە واتای هاوکارییە لەگەڵ کۆمەڵکوژی و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک. ئەو دۆخە بە تایبەتی بۆ حکومەت و سیاسەتی باشووری کوردستان راست و بەرکارە. ئەوانەی کە لە بەرامبەر کۆمەڵکوژی، کوشتنی کوردان دەنگیان لێوەنایات، ناڕەزایەتی دەرنابڕن، ئاخۆ چۆن دەتوانن بڵێن کە ئەوان کوردن و نوێنەرایەتی گەلی کورد دەکەن؟ ئەو هەڵوێستە مایەی قەبوڵکردن نییە. هێندەی حکومەتی باشووری کوردستان رێکخراوە و پارتە کوردیەکانیش لەو دۆخە بەرپرسیارن و دەبێت بکەونە ناو جموجۆڵ، هەڵوێست نیشان بدەن.

ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان نابێت ببنە ھاوبەشی کۆمەڵکوژییەکان

دەوڵەت و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان ناڕەزایەتییان بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەرنەبڕی. دەوڵەتی تورکی کۆلۆنیالیست لە هەموو شوێنێک بەتایبەتی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان هێرش ئەنجام دەدات، ڕۆژانە کوردان دەکوژێن، بەڵام دەوڵەتانی ناوبراو لەگەڵ دەوڵەتی تورک پەیوەندی ئابووری و سیاسی دەبەستن. مامەڵەیەکی بەمجورە بەرامبەر گەلی کورد مایەی قبوڵکردن نییە. جارێکی دیکە داوا لەو دەوڵەت، ڕێکخراو و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان دەکەین، کە واز لەو هەڵوێستەیان بھێنن، کە ھەبوون و بەهاکانی گەلی کورد پشتگوێ دەخرێن، نەبنە هاوبەشی هێرش و کۆمەڵکوژیەکانی دەوڵەتی تورک و لە دژی ئەو کردەوانە ھەڵوێست نیشان بدەن.

دەبێت هەڵوێستێکی بەهێز نیشان بدرێت

دەوڵەتی تورکی کۆلۆنیالیست و قرکەر بە مەبەست و بۆ شێواندنی ڕاستییەکان وا نیشانی دەدات، کە ئەو جۆرە هێرشانە دژی پەکەکە ئەنجام دەدرێن. ئەو خیانەتکارانەی لە پێناو بەرژەوەندی و سامان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا کاردەکەن، بە مامەڵەیەکی لەجۆرە هەوڵ دەدەن خیانەتەکەیان بشارنەوە. هێرشەکانی ئەم دواییە لە باشووری کوردستان جارێکی دیکە دەریخست، کە ئامانجی دەوڵەتی تورک لەناوبردنی ھەبوونی کوردە. لەبەرامبەر ئەوەشدا گرنگە وڵاتپارێزان، ڕێکخراوە دیموکراسیەکان، ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی کورد هەڵوێستێکی بەهێزیان ھەبێت و گوشاری سیاسی بخەنە سەر بەرپرسان و ناچاریان بکەن ئەرک و بەرپرسیارێتییان جێبەجێ بکەن. هەروەها پێویستە گەلی کورد و دۆستەکانییان لە هەموو شوێنێک ناڕەزایەتی دەربڕن و بێدەنگی دەوڵەت و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بەرامبەر هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزار بکەن و نیشانی بدەن کە مامەڵەیەکی لەو جۆرە مایەیی قبوڵکردن نییە.

هـ . ب/ ژ. ن