کەجەکە بەهۆی کۆچی دوایی شێخ سەدرەدین پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە

کەجەکە پەیامێکی سەرەخۆشیان، دەربارەی کۆچی دوایی شێخ سەدرەدین بڵاوکردەوە و خەمباری خۆیان لەو بارەیەوە نیشاندا و ڕایانگەیاند هاوڕێ و دۆستێکی وڵاتپارێز و قەدرگرانیان لەدەستداوە.

کۆما جڤاکێن کوردستان کورستان- کەجەکە، بەبۆنەی کۆچی دوایی شێخ سەدرەدین، یەکێک لە کەسایەتییەکانی دەڤەری ڕاپەرین لە باشوری کورستان پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەلەی کەجەکە-دا هاتووە: بەهۆی کۆچی دوایی کەسایەتی شێخ سەدرەدین، کە دۆستێکی قەدرگرانمان بوو هەروەها  لە سنووری ڕاپەڕین پێشەنگی  تێکۆشانی ئازادیی گەلەکەمان بوو لە باشوری کوردستان، سەرەخۆشی لە خانەوادە وڵاتپارێزەکەی و خزمانی و دەوروبەری و تەواوی گەلەکەمان دەکەین.

هەروەها هاتووە: شێخ سەدرەدین ئەرکی وڵاتپارێزی خۆی بۆ نەوەکانی گەلێکی ژێردەست، بە بەرپرسیارێتی و فیداکارییەکی بێوێنەوە جێبەجێکرد، هەروەها لە ڕابردووشدا لە ناو تێکۆشانی ئازادیی لە دژی ڕژێمی دیکتاتۆری سەدام حسێن خاوەنی ڕۆڵێکی گەورەبوو، دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە باشوری کوردستان لە سایەی بەرخۆدان و ڕۆڵی شێخ سەدرەدین و وڵاتپارێزانی هاوشێوەی ئەو هاتوونەتە بەرهەم، شێخ سەدرەدین وەکوو ڕوسپییەک و مرۆڤێکی باوەڕمەند هەمیشە هەوڵی دەدا باشی و ئاشتی و ڕاستی نیسانی شوێنکەوتووانی خۆی بدات، هەوڵی دەدا هەموو مرۆڤێک بکاتە خاوەن ئەخلاقێکی بەرز، لە کاتێکدا کە هەوڵێکی زۆر هەیە کە گەلی ئێمە لە نرخ و بەهاکانی خۆی دابماڵرێت، ئەو بۆ پاراستنی کۆمەڵگەکەمان لە سەر بنەمای نرخ و بەها جەوهەرییەکانی تێکۆشانێکی گەورەی بەڕێوەدەبرد.

لە کۆتایشدا هاتووە: شێخ سەدرەدین دۆستێکی باش و قەدرگرانی تەڤگەرەکەمان بوو، لەبەر ئەوە ئێمەش خەمگین و نیگەرانین بە لەدەستدانی دۆستێکی وەها باش و قەدرگرانمان، شێخ سەدرەدین لە دژی ئەقڵییەتی پارچەگەری، کەسی، خێزانی و هەرێمی، کە هەرگیز لەگەڵ نەتەوەیی بوون یەکناگرنەوە، خاوەن هەڵوێستە و توڕەییەکی گەورەبوو، کورد و کوردستانی هەمیشە بە هاوبەش و یەکپارچە سەیردەکرد  و لەسەر ئەم پێوانەش خاوەن بنەمایەکی بەهێزبوون، ئەو نەک تەنها ڕۆڵی خۆی لە ناو تێکۆشانی ئازادی باشوری کوردستان دەگێڕا بەڵکو، لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستانی گەورەشدا خاوەن ڕۆڵ بوو ڕەنگی دیاربوو.

ف.ق