کەجەکە: دەبێت پارتی (پەدەکە) بەشداری پلانی داگیرکەری نەبێت

کەجەکە ڕایگەیاند، زانیاریان بۆ هاتووە، کە دەوڵەتی تورک بە بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هێرشێکی داگیرکەری ئەنجام دەدات و راشیگەیاند: "نابێت پەدەکە بەشداری لەو داگیرکارییە پیسەدا بکات....

کەجەکە ڕایگەیاند، زانیاریان بۆ هاتووە، کە دەوڵەتی تورک بە بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هێرشێکی داگیرکەری ئەنجام دەدات و راشیگەیاند: "نابێت پەدەکە بەشداری لەو داگیرکارییە پیسەدا بکات، چونکە ئەم داگیرکارییە ڕێگا بۆ کارەساتی گەورە بەسەر گەلەکەمان و وڵاتەکەمان دا دەکاتەوە".

کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕایگەیاند، زانیارییان پێگەیشتووە، کە دەوڵەتی تورک بە بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هێرشێکی داگیرکاری بۆ سەر باشووری کوردستان ئەنجام دەدات و راشیگەیاند: "نابێت پارتی بەشداری لەو داگیرکارییە پیسەدا بکات، چونکە ئەو داگیرکارییە ڕێگا بۆ کارەساتی گەورە بەسەر گەلەکەمان و وڵاتەکەمان دا دەکاتەوە".

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) راگەیاندراوێکی لەسەر ئەو پلانە داگیرکارییە بڵاوکردەوە، کە دەوڵەتی تورک بە هاوکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) پلانسازیی بۆ ئەنجامدانی کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:

"لە نەورۆزی باکوری کوردستان و لە هەموو بەشەکانی وڵاتەکەمان دا و لە دەرەوە ملیۆنان کەس ڕژانە گۆڕەپانەکانی ئازادییەوە. گەلەکەمان پەیوەستبوونی خۆی بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەربڕی و لە دژی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە پەیامی بەرخۆدانی و تێکۆشانی نارد. نەورۆزی ٢٠٢٢ ئەوەی روونکردەوە، کە تێکۆشانی ٥٠ ساڵەی ئازادی بەردەوامە، ڕاستی گەلی خۆڕاگر و بەرەنگار، ئازادیخواز و لە هەموو هەلومەرجێکدا پشتبەستوو بە بەهاکانی خۆیان دامەزراندووە. ئەمڕۆ کاتێک گەلەکەمان بە شکۆوە پێشوازی لە نەورۆز دەکات، ئەوە کاریگەریی لەسەر جیهان هەیە. لە لایەکی دیکەوە فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە ناتوانن تەحەممولی خەباتی شکۆمەندانە و بێوێنەی گەلەکەمان بکەن و لەم چەند ڕۆژەی دواییدا دەرکەوت، کە بڕیاریداوە کۆمەڵکوژی نوێ ئەنجام بدات و دەستی بە جموجوڵی داگیرکەری کردووەتەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بووەتە ڕێگر لەبەردەم تێکشکانی کۆماری تورکیادا

دەوڵەتی تورکیای فاشیست لە ساڵی ١٩٨٢ەوە لە دژی بزووتنەوەکەمان ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدات، لە بەهاری ٢٠٢١یشدا لە گارەوە دەستی بە جموجوڵی داگیرکەری بۆ سەر باشووری کوردستان کرد. لە دژی ئەو جموجوڵە داگیرکەرییە، هێزەکانی گەریلامان بە قوربانیدانی زۆر گەورە و قورس بەرخۆدانیان کرد و تا ڕادەیەکی زۆر پیلانەکانی دوژمنیان پووچەڵ کردەوە. گەریلاکان لە گارە، وەرخەل، مامڕەشۆ، زەندورا، شاخە سوور قارەمانییەکی گەورەیان نیشاندا و شەهیدەکانمان تا دوا سات قارەمانانە لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان خۆڕاگری و بەرەنگارییان کرد، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) پشتگیری لە دەوڵەتی تورک دەکات. لەو ماوەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) زانیاریی دەدایە دەوڵەتی تورک و بە کاری ئاژاوەگێڕانە و تێکدەرانە دژ بە ناوچەگەریلاکان، بووە بەربەستێکی گەورە لە بەردەم شکستهێنانی دەوڵەتی تورک دا.

زانیاری دێت، کە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەکات

لە ساڵی نوێی تێکۆشاندا لە میدیاکانی باشوری کوردستان باس لەوە دەکرێت، کە دەوڵەتی تورک دەستی بە جموجوڵێکی داگیرکەری کردووە و بۆ ئەوەش لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ڕێککەوتوون و پلانێکی هاوبەشیان داڕشتووە. بەپێی هەواڵ و  ڕاپۆرتەکان لە میدیاکانی باشوری کوردستان دا، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە ئەمساڵدا راستەوخۆ و دەستبەجێ بەشداری لە جموجوڵە داگیرکەرییەکاندا دەکات و دەوترێت، کە پێشمەرگە لە دژی گەریلا دەخەنە شەڕ. ئێمە ئەم زانیاریانەمان لە بۆنە و رێگا جۆراوجۆرەکانەوە بۆ ڕای گشتی بڵاوکردووەتوەە، بەڵام سەرەڕای ئەم شتانەش باس لەوە دەکرێت، کە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) پێداگری لە بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنی داگیرکەری دەکات و خۆی بۆ جەنگ ئامادە دەکات.

بۆ رەوایدان بە خۆی هەندێک کردەی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە ئەنجام دەدات

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکان بڵاودەکرێنەوە و گەیشتوونەتە دەستی ئێمە، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بۆ ئەوەى بتوانێت بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی داگیرکەری دەوڵەتی تورک د بکات و رەوایی بەو بەشداریکردنەوەى خۆی بدات، هەندێک کردەی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە ئەنجام دەدات. بەپێی ئەوەش و پیلانێکی شەڕی تایبەت بە بڵاوکردنەوەى هەواڵی درۆ و چەواشەکارانە رای گشتیی کورد لە دژی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دەوروژێنن. ئەگەر ئەوە شکست بهێنێت، پێشمەرگە چەند هێرشێک ئەنجام دەدات، کە زیان بە گەلی باشور دەگەیەنن و ئەو هێرشانەش دەخەنە ئەستۆی گەریلاکان. هەندێک لە ماڵپەڕە گێرەشوێن و تێکدەرەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە ئێستاوە خۆیان دروستکردنی بوار و زەمینەى ئەو هێرشانە  ئامادە دەکەن و دەیانەوێت رەوایی بەو شتانە بدەن. لەڕاگەیاندنەکانیشدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لەڕۆژانی ڕابردوودا هێزە تایبەتەکانی پارتیەوە بەچەکی قورسەوە خۆیان لەو ناوچانەدا جێگیرکردووە، کە ئەو ناوچانەی ماوەی ٢٠ ساڵە لە ژێر کۆنترۆڵی گەریلاکاندان. ئەمە هەنگاوێکی زۆر مەترسیدارە و خزمەت بە ئامانجی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک دەکات.

ئەوە ڕێگا بۆ ڕوودانی کارەسات بەسەر گەلەکەمان و وڵاتەکەمان دا دەکاتەوە

ئێمە وەک پێشتر و جاران، جارێکیتر داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەکەین، کە بەشداری لەو شەڕە داگیرکەرە پیسە و پلانەکانی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە دا نەکەن. ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بەرگری لە هێزە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورک بکات و لە دژی گەریلاکان شەڕ بکات، ئەوە مانای گورزی قورسە لە دەستکەوتە نەتەوەییە دیموکراتییەکانی گەلەکەمان و کوردستان. ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بچێتە پاڵ دەوڵەتی تورک بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی گەریلا، ئەمەش بە واتای هێرشکردنە سەر دۆخی باشور و دەستکەوتەکانیەتی. نابێت پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بەشداری لەم پلانە داگیرکارییانەدا بکات. ئەو پلانە ڕێگا بۆ ڕوودانی کارەساتی گەورە بۆ سەر گەلەکەمان و وڵاتەکەمان دەکاتەوە.

بەم بۆنەیەوە داوا لە پەرلەمانی باشوری کوردستان و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە فەرمییەکان و ڕای گشتی دەکەین، کە لە بەرامبەر پلانی داگیرکەری بوەستنەوە و هۆشداری بە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بدەن و ئاگاداری بکەنەوە. ئێمە هەموو گەل و وڵاتەکەمان لەم پلانە ئاگادار دەکەینەوە، کە بە مانای شتی خراپە و داوای هەستیاری دەکەین و  نابێت پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بەشداری لەو پیلانە پیسە دا بکات".

ژ.ت