کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بەو ووروژاندن و ئاژاوەگێڕییانەی دژ بە ئێزیدییەکان بڵاوکردەوە، کە بەتایبەتی لە عێراق و باشوری کوردستان لە ناوچە جیاجیاکاندا ئەو وروژاندن و ئاژاوەگێڕییانە ئەنجام دەدرێن و بڵاودەکرێنەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئێزیدییەکان کۆمەڵگایەکن، کە ڕێز لە هەموو باوەڕەکان و ئاشتیی نێوان باوەڕەکان بۆ خۆیان کردووەتە بنەمایەکی سەرەکی و کۆنترین کولتوور و باوەڕن لە جیهاندا و ڕاشیگەیاند، "لەبەر ئەوەی کوردن و کۆنترین کۆمەڵگای کولتوور و باوەڕن، جارەهای جار هێرشیان کراوەتەسەر و کۆمەڵکوژ کراون، کە دوایینترین کۆمەڵکوژکردنیان، کۆمەڵکوژیی مانگی ئابی ٢٠١٤ بوو لەلایەن داعشەوە بە بەر چاوی هەموو جیهانەوە. هێشتا دیمەنەکانی کۆمەڵکوژکردنی هەزاران ژن و گەنجی ئێزدی، کە بە شێوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە کۆمەڵکوژکران، لە یادی جیهاندایە. هەرچەندە ئێزیدییەکان لە مێژوودا ڕووبەڕووی هەموو هێرشێک بوونەتەوە، بەڵام هەموو هەبوون و ژیانیان لەسەر خاکەکەیان پاراستووە و هێرشیان نەکردووەتە سەر هیچ گەل و باوەڕێک، لەگەڵ مرۆڤەکانی باوەڕەکانی تردا بە ئاشتی و دۆستانە و پەیوەندیی دراوسێیانەدا ژیاون."
لە بەیاننامەکەی کۆمیتەکەدا لەبارەی کەمپەینی پەلاماردان و هێرشی وروژێنەرانە بۆ سەر ئێزدییەکان ئاماژە بەوەشکراوە:
هەڵوێستی بە ئامانجگرتنی ئێزدییەکان مەترسیدارە و نابێت قبوڵ بکرێت
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بەتایبەتی لە عێراق و باشووری کوردستان دا ئەوە دەبینرێت، کە لە ناوچە جیاجیاکان دا کاری وروژێنەرانە و ئاژاوەگێڕانەی جۆراوجۆر دژ بە ئێزیدییەکان و باوەڕەکەیان ئەنجام دەدرێت. لەسەر کۆمەڵێک خێزانی عێراقی، کە دەیانەوێت لە شەنگال نیشتەجێیان بکەن و لەبەر ئەوەی زانیاری هەیە، کە هەندێک داعشی و ئەوانەی هاوکاریی داعشیان کردووە و ئێزدییەکانیان ڕادەستی داعش کردووە، کاردانەوەی ڕەوای خەڵکی ئێزیدیی لێکەوتووەتەوە، ئەو کەسانە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستگیرکراون و هەرچەندە کێشەکە چارەسەر کراوە، بەڵام چەندین ڕۆژە کەمپینی گەلەکۆمەکیکردن بۆ ناشیرینکردن لە دژی ئێزیدییەکان بەڕێوەدەچێت. بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و لێدوانی درۆ و هەڵەی وەک ئەوەی 'ئێزدییەکان مزگەوتیان سووتاندووە و هێرشیان کردووەتە سەر سوننەکان' خەڵکی شەنگال کراوەتە ئامانج و لەو هەڵمەتە وروژێنەرانەدا لە دژی ئێزدییەکان داواکراوە هێرش بکرێتە سەر ئەو کەمپانەی ئێزدییەکانی تیادایە. ئەو هەڵوێستانە، کە خەڵکی ئێزدی ۷۳ جار فەرمانیان لە دژ ئەنجامدراوە و بە ئامانجگرتنی ئێزدییەکان مەترسیدارە و نابێت قبوڵ بکرێت.
تا ئێستا هیچ بەرپرس و دەسەڵاتدارێکی باشوور هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم بابەتە نەداوە، تەنانەت بە هەڵوێستی خۆیان بوونەتە پشتیوانی لەوەی، کە ئێزیدییەکان بە ئامانج دەگیردرێن. خەڵکی ئێزیدیمان بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە هەڵهاتوون و لە باشوور گیرساونەتەوە و لەوێ لە کەمپەکاندا بەندکراون و ڕێگەیان پێ نادرێت بگەڕێنەوە سەر خاک و واری خۆیان، بەوەش ڕێگایان لە بەردەم هەموو گوشار و هێرشێک بۆ سەر خەڵکی ئێزیدیمان کردووەتەوە.
خۆ پاراستن زامنی هەبوونە
لە بەرامبەر هەڵوێست و بەرخۆدانی گەلی کورد، کە ڕێککەوتنی ۹ی تشرینی یەکەمی شەنگالیان قبوڵ نەکردووە، دیارە ئەمجارە دەیانەوێت بە شێواز و ڕێبازی قێزەون گەل ڕادەست ببێت و بۆ ئەوەش ئاژاوەگێڕی و وروژاندن و تێکدەرییان خستووەتە کار، بەڵام با ئەوە بزانن، کە خەڵکی شەنگال و ڕای گشتیی دیموکراتیک و کورد ئەوە قبوڵ ناکەن. بە ئاژاوەگێڕی و هێرشەکانی ئەمدواییە جارێکیتر ڕوونبوویەوە، کە زامنکردنی مافدارانە و هەبوونی ئێزدییەکان تەنها لەلایەن خودی خۆیانەوە و بە خۆپاراستنی خۆیان بەدی دیت و ئەوەش تا چەند لە جێی خۆیدایەتی.
بانگەوازمان بۆ دیاریکردنی هەڵوێستە لە دژی کاری تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە
بانگەوازمان بۆ هەموو هێزە سیاسییەکان، ڕۆشنبیران، ڕێکخراوەکان و دامەزراوە دیموکراتییەکان، هەموو ئەو لایەنانەی ڕێز لە باوەڕەکان دەگرن و ئاشتیخوازن ئەوەیە، لە دژی ئەم هەوڵە وروژێنەرانە و ئاژاوەگێڕانانە هەڵوێست بگرنەبەر. هەروەها ئێمە داوا لە سەرۆک کۆماری عێراق و حکومەت و لایەنە سیاسییەکان دەکەین، کە لە دژی ئەو سیاسەت و هەڵوێستە هەڵانە، هەڵوێست بگرنەبەر و کێشەکان لەسەر بنەمای دیالۆگ چارەسەر بکەن. لە پێش هەموویانەوە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەموو ڕێکخستن و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەکەین، کە هەڵوێستێک لە دژی ئەو جۆرە هاندان و ئاژاوەگێڕییە بگرنەبەر و لە بەرامبەریدا هەستیار بن. ئێمە داوای ڕاگرتنی هەموو ئەو هێرشانە دەکەین، کە بە ئامانجی نکۆڵیکردن و بێبەشکردن و بێ ئیرادە کردنن و لەسەر بنەمای خۆپاراستن هەبوون و ناسنامەی سیاسی – کولتوری و باوەڕی ئیزدییەکان، پشتیوانی لە بەرخۆدان و تێکۆشانی خەڵکی شەنگال بکرێت".
ژ.ت