هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە رەخنەی گرت لە بریاری کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا لە پرسی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدووڵا ئۆجالان کاتی بە تورکیا داوە بۆ ئەوەی هەنگاو بنێت. کەجەکە ئەوەی خستووەتەڕوو کە بڕیارەکەی کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا رەوایەتی بە تاوان و پێشێلکارییە زەقەکانی مافی مرۆڤ دەدات لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە و بەم جۆرە بەردەوام بوو، "لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکان کە بە شێوەی ئاشکرا بنپێدەکرێن و هەروەها گۆشەگیری رەها کە بە هیچ جۆرێک رەوایەتی هەڵناگرێت و مایەی قەبوڵکردن نییە، دەبیایە کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا دەستبەجێ هەنگاوی هەڵگرتایە. دەبوایە لەو چوارچێوەدا هەڵوێستیان بنواندایە. "
راگەیەندراوەکەی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە سەبارەت بەو بابەتە بەم جۆرەیە:
لە ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٤ەوە هەڵوێستی کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا لە بەرامبەر یاسای مافی هیوا لە ناو رۆژەڤی رای گشتیدایە. بە گوێرەی دەزگا راگەیاندنەکان، کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا، لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تورک مافی هیوای جێبەجێنەکردووە، وەک پێشێلکاری مافەکان هەڵیسەنگاندووە و داوای لە تورکیا کردووە هەنگاو بنێت. بۆ ئەوەش ماوەی یەک ساڵ کاتی بە تورکیا داوە، بەڵام دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی ئاشکرا رێگە لە رێبەری گەلی کورد دەگرێت کە سود لەو یاسایە وەرنەگرێت و رایدەگەیەنێت کە درێژە بەو هەڵوێستەی خۆیشی دەدات. بۆ ئەوەی رێبەر ئاپۆ سود وەرنەگرێت داواکاری زیندانیانی دیکەش رەتدەکرێنەوە و رێگری لەوەدەکەن کە سود لەو یاسایە وەربگیرێت. سەرباری ئەوەی هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست، نەژادپەرست و ئەشکەنجەگەر بەم جۆرەیە، وەرنەگرتنی بریاری پێویست لەلایەن کۆمیتەی ەزیرانی ئەنجومەن ئەوروپا و کات بەخشین بە تورکیا پارادۆکسێکی جدییە و مامەڵەیەکە مایەی قەبوڵکردن نییە. مامەڵەی دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە روون و لەبەرچاوە.
دەسەڵاتداری ئاکەپە- مەهەپە سیاسەتی قڕکردنی کوردان جێبەجێ دەکات و هیچ بنەمایەکی یاسا، ئەخلاق و ماف لەبەر چاوناگرێت. مامەڵەی بەرامبەر رێبەر ئاپۆش لەو چوارچێوەدایە. هەم نەیانهێشت رێبەر ئاپۆ سود لە "مافی هیوا" وەربگرێت و هەمیش لە ئیمراڵی سیستمێکی رەهای ئەشکەنجە و قڕکردنیان بەڕێوەبرد. رێبەر ئاپۆ ٢٦ ساڵە لە ئیمراڵی لە ژێر سیستمی ئەشکەنجە و قڕکردندا راگیراوە. ماوەی ٤ ساڵە هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی دەرەوە لە ناو گۆشەگیری رەهادا پچڕێندراون. سەرباری ئەوەی ئەمە راستیەکەیە، کات بەخشین بە دەوڵەتی تورکی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە کە بە شێوەی سیستمی ئیمراڵی قورسترین تاوان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات لە بنەڕەتدا رەوایەتیدان و قەبوڵکردنی ئەو پێشێلکارییەیە. چاوەڕوانی لە کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا ئەوەبوو، بە بێ ئەوەی هیچ کاتێک بە تورکیا بدات، داوای بکردایە هەنگاو بنێت. بە ئەنجامنەدانی ئەوە و بە بەخشینی کات ئەنجام و هەڵوێستێکی ناڕوونی هێناوەتە کایەوە.
ئەو بڕیارە رەوایەتی دەدات بە تاوانەکانی پێشێلکردنی مافەکان
دەوڵەتی تورک کە تا ئەمرۆکە بە هاوکاری هێزەکانی دەرەوە جوڵاوەتەوە، بە تایەبتی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەوروپا قڕکردنی کوردانی ئەنجام داوە. پیلانگێریی نێونەتەوەیی لە کەسایتەی رێبەر ئاپۆدا لە بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامدرا، لەسەرەتاوە لەسەر دەستی ئەو هێزانە ئەنجامدرا. ئێستاش، دەسەڵاتداری فاسیستی ئاکەپە-مەهەپە بە هاوکاری ئەمریکا، ئیسرائیل، ناتۆ و دەوڵەتانی ئەوروپا سیاسەتی قڕکردنی کوردان درێژە پێدەدات. رێکخراوە و دامەزراوەکانی ئەوروپاش تا رۆژی ئەمڕۆ بە گوێرەی بەرپرسیارێتی و ئەرکی خۆیان ناجوڵێنەوە. هەم بۆ جێبەجێکردنی هەردوو خاڵی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و هەمیش بۆ جێبەجێکردنی یاسای گەردوونی هەڵوێستی پێویست نیشان نادەن. لە پرسی کوردان و رێبەر ئاپۆدا، هەرچەندە بەشێوەیەکی ئاشکرا دەوڵەتی تورک مافەکانی پێشێلکردنی و تاوانی قورسی ئەنجامداوە، بێدەنگ بوون، یاخود بە لاوازی جوڵاونەتەوە. بەر لەئێستاش بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی ئەوەی رێبەر ئاپۆ بە شێوەی دادپەروەرانە دادگایی نەکراوە و دەبێت سەرلەنوێ دادگایی بکرێتەوە، لەلایەن دەووڵەتی تورکەوە جێبەجێ نەکرا. بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا هیچ شتێک نەکرا. هەروەها سی پی تی بۆ نەهێشتنی تاوانی روون و بەرچاو و پێشێلکردنی یاسایی کە هەر خۆی تێبینی کردبوو، هیچ هەنگاوێکی نەنا، هەموو جارێک بە پێدانی کات بە تورکیا لەگەڵ خۆیدا کەوتە هەڵوێستی دژبەیەک و رەوایەتی بە پێشێلکارییەکان دا. ئێستاش کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا مامەڵەیەکی هاوشێوەی بە بنەماگرتووە و کاتی بە تورکیا بەخشیوە. بەڵام لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکان کە بە زەقی ئەنجام دەدرێن و گۆشەگیری رەها کە بە شێوەیەک کە ماوەی رەوایەتی و قەبوڵ نییە، دەبوایە کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا دەستبەجێ هەنگاوی بنایە. دەبوایە هەڵوێستی ئەوان بەو ئاراستەیەدا بووایە. لەم رووەوە هەڵوێستی کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا لاوازە و پێسێلکردنی مافەکان لەلایەن دەوڵەتی تورک رەوایەتی پێداوە.
دەبوایە لە بری کات بەخشین هەڵوێستێکی بگرتایە بەر کە ناچاری بکردایە هەنگاوبنێت
دەوڵەتی قڕکەر-کۆلۆنیالیست و دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە بە داگیرکردنی کوردستان و هێرشەکانی خۆی لە دژی گەلی کوردستان و گەریلاکانی ئازادی، دەیەوێت پیلانگێریی نێونەتەوەیی لە رێگەی گۆشەگیری رەها لە ئیمراڵی درێژەپێبدات و لەسەر ئەو بنەمایە جینۆسایدی کوردان بە ئەنجام بگەیەنێت. بەو پاڵپشتیەی لە دەرەوە وەریدەگرێت، وەک ئەوەی تائێستا کردوویەتی، هەوڵ دەدات ئەمە بکات. لە بەرامبەر ئەو تاوانە گەورە مێژووییانەی کە دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لە چوارچێوەی سیاسەتی قڕکردنی کورداندا ئەنجامیانداون، دەبێت هەمووان بە بەرپرسیارێتی بجوڵێنەوە. دامەزراوەکانی ئەوروپا بە تایبەتی ئەنجومەنی ئەوروپا و هەموو رێکخراوە خاوەن بەرپرسیارێتییەکان دەبێت بەرپرسانە بجوڵێنەوە. بەهۆی زەوتکردنی چری مافەکان و تاوانەکان لە دژی مرۆڤایەتی، دەبێت هەڵوێستێک کە نەک کات بە تورکیا ببەخشێت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە هەڵوێستێک کە ناچاری بکات بە هەنگاونان، بگیرێتەبەر.
دەبێت تێکۆشان بەهێزتر بکرێت
ئێمە لێرەدا داوا لە هەموو دامەزراوە و کەسایەتیەکانی بەرگریکار لە مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی یاساناسان دەکەین: مامەڵەکردن بەرامبەر رێبەر ئاپۆ، تەنیا بە پێناسەکردنی تاوان لە دژی مرۆڤایەتی دەتوانرێت روونبکرێتەوە. مامەڵە و نزیکایەتی دەوڵەتی تورک دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لە بەرامبەر گەلی کورد و رێبەر ئاپۆ لە بنەڕەتدا هێرشە لە دژی بەهاکانی مرۆڤایەتی. ئێمە داوا دەکەین کە لە دژی ئەو کردەوە نایاسایی و نادادپەروەریە مێژووییە هەڵوێستی بەهێز نیشان بدەن و لەسەر ئەو بنەمایە هەوڵەکانتان بخەنەگەڕ.
چەندین بڕیار کە تائەمڕۆ لەلایەن رێکخراوە نێونەتەوەییەکانەوە دراون، دەریدەخەن کە دەوڵەتی تورک ماف، یاسا، دادپەروەری، ویژدان و ئەخلاقی پێشێلکردووە. بڕیاری پێشێلکاری کە لەلایەن کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپاوە دراوە، ئەم کاراکتەرەی دەوڵەتی تورک و راستی و رەوایەتی تێکۆشان لە دژی ئەوەی جارێکی دیکە سەلماند. لەم چوارچێوەدا بۆ هەموو ئەوانەی بەشداری لە هەڵمەتی ئازادیی دەکەن و پشتیوانی لێدەکەن، بەتایبەتیش گەلی کوردستان، بۆ ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ درێژەدان و بەردەوامیدان و بەهێزترکردنی ئەم تێکۆشانە زۆر گرنگە. لە سەر ئەو بنەمایە دەبێت هەموو گەلان، بەتایبەتی گەلی کوردستان، ژنان، گەنجان، هێزە شۆڕشگێڕ-دیموکراتیک-ئازادیخوازەکان لە دژی ئەو هێرش، داگیرکەری، گۆشەگیری و قڕکردنە پەرە بە تێکۆشانی جیهانیی ئازادی بدەن".