کەجەکە: نەورۆز لە دژی زوڵم رۆژی گەشکردنی تێکۆشانە

هاوسەرۆکایەتیی دەستەى بەرێوەبەریی کەجەکە بە بۆنەى نزیکبوونەوە لە نەورۆز رایگەیاند، "فیداییەکانی گەلی کورد وەک ئەو ئاگرەی، کە کاوەی ئاسنگەر بەریدایە کۆشکی زوحاکی زاڵم، ئاگری ئازادییان گەش کردووە".

هاوسەرۆکایەتیی دەستەى بەرێوەبەری کەجەکە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و جەژنی نەورۆزی پیرۆز کرد.

لە راگەیاندراوەکەى هاوسەرۆکایەتیی دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە دا هاتووە، "گەلی کوردستان و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشوازی لە نەورۆزێکی تر دەکەن. لە پێش هەموانەوە مەزڵوم دۆغان، زەکییە ئالکان، رەهشان دەمیرەڵ، بێریڤان، رۆناهی و هەموو شەهیدانی نەورۆز، کە گیان و رۆحی نەورۆزیان گەیاندە ئەمڕۆ، بە رێز و منەتدارییەوە یادیان بەرز رادەگرین.

ئێمە نەورۆز لە رێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین، کە گەلی کوردی کرد بە گەلی نەورۆز و هەموو بەها نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکانی نەورۆزی خستەڕوو. ئێمە نەورۆزی گەلی راپەڕیو و گەلی نەورۆزی گەلی کورد، لە گەریلاکان، کە لە چیا و دەشتەکاندا شەڕ دەکەن، لە هەموو شەرڤانانی ئازادی و لە زیندانیان پیرۆز دەکەین.

ئێمە لەو بڕوایەداین، کە نەورۆزی ٢٠٢١ لەگەڵ هەڵمەتی "کات کاتی ئازادییە" ئاوێتەى یەکتر دەبن و دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە هەڵدەوەشێنێت و لە ئازادکردنی گەلی کورد و رێبەر ئاپۆدا بە رۆڵێکی گەورە هەڵدەستێت، لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە داوا لە هەموو گەلی کورد  دەکەین، کە بەرەو گۆڕەپانەکانی نەورۆز بخرۆشن".

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "لەم رۆژانەى دوایدا لەسەر تەندروستیی رێبەر ئاپۆ هەندێک هەواڵ و زانیاری بڵاوکرانەوە، لەو رووەشەوە دەبێت نەورۆزی ٢٠٢١ ببێتە نەورۆزی تێکشاندنی گۆشەگیری و ئازادکردنی رێبەر ئاپۆ و هەڵمەتی "کات کاتی ئازادییە" گەش بکرێت. ئەم نەورۆزە دەبێت ببێتە نەورۆزێک، کە دڵسۆزی بۆ رێبەر ئاپۆ بگاتە بڵندترین ئاست و ببێتە نەورۆزێک، کە کەس نەتوانێت دەست لە رێبەر ئاپۆ بدات.

"ئەمڕۆ زیاتر پێویستی بە تێکۆشانی هاوبەشی گەلان هەیە"

ئەمڕۆ لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێک دۆخێکی وەک ٢٦٣٣ ساڵ لەوە پێش لە گۆڕێدایە. دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە نەک تەنها زوڵم لە کورد دەکات، بەڵکو سیاسەتێک بەڕێوەدەبات، کە داهاتووی هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەش و تاریک دەکات. رێگا و رێبازێک بەکار دەهێنێت، کە لە زوڵمی زوحاک بۆ سەر گەلان زیاترە. رێک وەک ٢٦٣٣ ساڵ لەوەپێش، ئەم گەلانە پێویستیان بەوە هەیە، کە بە پێشەنگایەتیی کاوە راپەڕن. ساڵی ٢٠٢١ رێک وەک ٢٦٣٣ ساڵ لەوە پێش دەبێت ببێت بە ساڵی راپەڕین و هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە، کە زوحاکی ئێستان. پیرۆزبایی نەورۆزی ٢٠٢١ لە هەموو شوێنێکدا دەبێت بۆ ئەو ئامانجە بێت.

نەورۆز هەم رۆژی پاراستن و بەهێزکردنی هەبوونی گەلی کورد و بەها نەتەوەیەکانە و هەم لەسەر بنەمای خوشک و برایەتیی گەلان رۆژی گەشکردنی تێکۆشانە لە دژی زاڵمەکان. بۆ رۆژی سەربەستیش لە هەموو کات زیاتر پێویستی بەوە هەیە، گەل پێکەوە تێکۆشان گەش بکەن. گەلی کورد لە سەر بنەمای پێکهێنانی یەکێتیی خۆی لەگەڵ گەلانی دراوسێ، کە پێکەوە لە دژی زوڵم تێبکۆشن، هەم هەبوونی نەتەوەی خۆی مسۆگەر دەکات و هەم گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئازاد دەکات، چونکە ئەمڕۆ تێکۆشان لە دژی دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە هەم تێکۆشانی هەبوونی نەتەوەیی و هەم تێکۆشانی ئازادیی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

گەلی کورد ٣٠ ساڵە بە راپەڕین و سەرهەڵدان نەورۆزی پیرۆز کردووە و کردویەتی بە هێزی پیشەنگی ئازادیی هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بە تایبەتی تێکۆشانی ئازادیی ژنانی کورد بەهای جوانێتیی بە بەهای هەزاران ساڵەى نەورۆز زیاد کردووە، گەلی کورد، کە گەلی نەورۆزە، بووەتە رۆژ و قیبلەیەک، کە مرۆڤایەتی بۆ ئازادی رووی تێکردووە.

"هەموو گۆڕەپانەکانی نەورۆز دەبێت ببنە گۆڕەپانێک، کە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسییان تیادا گەش بکرێت"

٨ی ئادار ژنانی کورد نیشانیاندا، کە ژنانی کورد چالاکترین هێزی تێکۆشانی ئازادیی ژنانی جیهانن، ئەوەشیان راگەیاندوە، کە نەورۆزی ٢٠٢١ بە گیانی ئازادیی ژن بە شێوەیەکی بەهێز پیرۆز دەکەن. ئەوەشیان نیشانداوە، کە کۆتایهێنان بە داگیرکەری پاکتاوکار و هەموو زاڵمەکان و زوڵمەکان نزیکە. ژنان و گەنجانی کورد دەبێت داوای ئازادی و حەماسەى ٨ی ئادار بگەیەننە نەورۆز و هەموو گۆڕەپانەکانی نەورۆز دەبێت ببێتە گۆڕەپانی گەشکردنی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی.

لە پیرۆزبایی نەورۆزدا، ئەزموونی دەیان ساڵ و بەڕێکردن و یادکردنەوەی شەهیدان، کە لە ناو راپەرێن دا شەهید بوون، نەورۆزیان کردووەتە ئەوە، کە گەلی کورد تێکۆشانی ژیانی ئازاد و دیموکراسی لە بەرزترین ئاست دا بەڕێوە ببات. هێزی ژیانی ئازاد و دیموکراتیک لە گیانی نەورۆزدا بووەتە ئەو هێزە، کە دەتوانێت هەموو جۆرە زوڵمێک هەڵوەشێنێت. لەبەر ئەوەش زاڵمەکان و هێزە پاکتاوکارەکان هەر لە نەورۆز دەترسن. لە نەورۆزی ٢٠٢١دا بەو گیانە لە هەموو شوێنێکدا بە هێزێکی گەورە دەبێت مرۆڤەکان روو لە گۆەڕەپانەکان بکەن و ئەوەى کە زاڵمەکان لێ دەترسن، مرۆڤ بەسەریاندا بیهێنێت.

فیداییەکانی گەلی کورد، وەک ئەو ئاگرەی نەورۆز، کە کاوەی ئاسنگەر بەریدایە کۆشکەکەى زوحاکی زاڵکم، ئاگری نەورۆز هەڵدەکەن. ئەو ئاگرە، کە کاوە هاوچەرخەکان لە گارە هەڵیانکرد، دەبێت لە دەشت و چیاکان، گوندەکان، گەڕەک و هەموو شوێنێک دا گەش بکرێت و ساڵی ٢٠٢١ بکەنە ساڵی ئازادی.

ئیدی کاتی ئەوە هاتووە، کە رێبەرایەتیی ئازاد لەگەڵ وڵاتی ئازاد بژین.

ژ.ت