کەجەکە: پەدەکە زیان بە یەکڕیزی کورد دەگەیێنێت

کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کەجەکە رایگەیاند، پەدەکە بۆ ئەوەی رەوایەتی بدات بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر بزوتنەوە و گەلەکەمان لە ناو رای گشتی کورد و لە دەروە دەستی بە پرۆپاگەندەی رەشکردن کردووە و رەوایەتی دەدات بە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە.

کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کەجەکە راگەیینراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا رایگەیاند، زانیاری ناڕاست و هەڵە دەدرێت بە کۆنسولخانە و نوێنەرایەتیە بیانیەکانی باشوری کوردستان و بەغدا و بەم شێوەیە لایەنەکان لە دژی بزوتنەوەکەمان هان دەدرێن.

لە راگەیێنراوەکەی کەجەکەدا هاتووە:

"راگەیاندنەکانی پەدەکە و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەم رۆژانەی دواییدا دەستیان بە پرۆپاگەندەیەکی دژ و هەڵخەڵەتاندن کردووە لە بەرامبەر بزوتنەوەکەمان. بەوەش نەوەستاون و زانیاری هەڵە و ناڕاست دەدەن بە کۆنسولخانە و نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی لە باشوری کوردستان و بەغدا و بەم شێوەیە هەوڵ دەدەن لە دژی بزوتنەوەکەمان هانیان بدەن. چەند نوێنەرایەتیەکی بیانیش لەسەر بنەمای زانیاریە ناڕاست و پێچەوانەکانی پەدەکە هەڵخەڵەتاون و لە دژی بزوتنەوەکەمان لێدوانیان بڵاو کردەوە. دەبێت نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی ئەوە بزانن کە لێدوانەکانیان کە لەسەر بنەمای زانیاریە ناڕاستەکانی پەدەکە و دەوڵەتی تورک بڵاو دەکەنەوە، زیان بە یەکێتی و یەکڕیزی کورد و ئارامی ناوچەکە دەگەیێنێت.

'پەدەکە هەوڵ دەدات رەوایەتی بدات بە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە'

بۆیە پەدەکە هەم لە ناو رای گشتی کورد و هەم لە دەرەوە هەوڵ دەدات رەوایەتی بدات بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر بزوتنەوە و گەلەکەمان، بەم مەبەستەش پرۆپاگەندە بۆ رەشکردنمان دەکات و هەوڵ دەدات رەوایەتی بە دەسەڵاتی فاشیست و قڕکەری ئاکەپە-مەهەپە بدات و بزوتنەوەکەمان بە ئامانج دەگرێت. بیانوو دێنێتەوە، رووداوەکان پێچەوانە دەکات و بەم شێوەیە هەوڵ دەدات زانیاری ناراست بڵاو بکاتەوە. هێرشەکەی دوو رۆژ لەمەوبەری ناوچەی ئامێدی کە کرایە سەر هێزەکانی گەریلا، بەشێکی ئەو کارانەیەتی. هەم بەو هێرشە، هەم بە پرۆپاگەندەی دوای هێرشەکەش، ویستیان رێگە بۆ هێرشێکی بەرفراوان خۆش بکەن.

پەدەکە پرۆپاگەندەی هەڵخەڵەتاندن و پێچەوانەکردنی راستیەکانی بەرفراوان کردووە و پرۆپاگەندەی ئەوەش دەکات کە توندوتیژیەکانی ناو خۆپێشاندانەکانی باشوری کوردستانیش گوایا بزوتنەوەکەمانی لە پشتە. بزوتنەوەکەمان هەر زوو هەڵوێستی خۆی لەم بارەیەوە بۆ رای گشتی ئاشکرا کربوو. جارێکی تریش بە پێویستمان زانی کە لەم بارەیەوە هەڵوێستمان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەین؛ "ئەو پرۆپاگەندانەی گوایا، 'گەلی باشوری کوردستان هیچ داواکاری و کێشەیەکی ئابوری و کۆمەڵایەتی و دیمۆکراسی نیە، بەڵکو هێزەکانی دەرەوەن کە دەیانەوێت بارودۆخی باشور بشێوێنن' بە زانابوون دەکرێت. ئەوەی بووەتە هۆکاری ئەنجامدانی چالاکی و ناڕەزایەتی گەل، ئەوا سیاسەتە هەڵەکانی دەسەڵاتی باشورن."  

جارێکی تریش ئاشکرا دەبێت کە پرۆپاگەندەکانی پەدەکە و دەوڵەتی تورک دوورن لە راستیەوە و بە زانابوون دەکرێن و هەوڵ دەدەن بیکەن بە بیانووی هێرشکردنە سەر بزوتنەوەی ئازادی. ئەم هێرشانەی دژی گەل و تێکۆشانی ئازادی لە باکور، رۆژئاوا، شەنگال، مەخمور، باشور و رۆژهەڵات رۆژ بە رۆژ بەرفراوانتر دەبن. ئەم جۆرە پرۆپاگەندانە، رەوایەتی دەدەن بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک بۆ قڕکردنی گەلی کورد و دواڕۆژی ئازادی گەلەکەشمان دەخاتە مەترسیەوە.

پەدەکە ریگە نادات کۆمەڵگای ئێزدی بگەڕێتەوە بۆ شەنگال

پەدەکە هاوکات شەڕێکی قوڕسی دەروونی و تایبەت بەڕێوە دەبات و دەڵێت، "پەکەکە حکومەتی باشوری پێ قبوڵ نیە، ناهێڵێت خەڵک بگەڕێتەوە سەر گوندەکانی خۆی، رێگرە لە بەردەم گەڕانەوە خەڵکی ئێزدی بۆ سەر زێدی خۆیان، لە باشور گێرەشێوێنی دروست دەکات". ئامانجی ئەم هەموو پرۆپاگەندانە ئەوەیە کە گەل هەڵخەڵەتێنێت و رەوایەتی بدات بە هێرشەکانی دژی پەکەکە. لە راستیدا پێشووتریش ئیدیعای ئەوەی کردبوو کە گوایا، پەکەکە پێگەی باشور دەخاتە مەترسیەوە، بەم پرۆپاگەندەیەش هەوڵ دەدات بیانوو بۆ هێرشەکانی بهێنێتەوە. ئێستاش ئەو توندوتیژیانەی لە چوارچێوەی چالاکی و خۆپێشاندانەکانی گەڵدا دێنە ئاراوە، دەخاتە ئەستۆی بزوتنەوەی ئازادی و هەوڵ دەدات ئەم ئیدیعایانەی بسەلمێنێت، بەهێزی بکات و رەوایەتی بە هێرشەکانی خۆی بدات.

داواکاریەکانی گەل راست و رەوان

داواکاریەکانی گەل راست و رەوان، بەڵام رووداوە توندوتیژیەکان زیان بە چالاکیە راست و رەواکانی گەل دەگەیێنێت و دەیانەوێت ئەمە بکەن بە بنەمای هێرش و گێرەشێوێنی هێزەکانی دوژمن. بۆیە توندوتیژیەکان کە زیان بە چالاکی و داواکاریە دیمۆکراسیەکان دەدەت، ناڕاستن.لە لایەکی ترەوە وڵامدانەوەی داوا رەواکانی گەل بە توندوتیژی، کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە. بۆیە پێویستە کێشەکان بە دانیشتن و دیالۆگ لەگەڵ جەماوەر و هەڵوێستێکی دیمۆکراسیانە چارەسەر بکرێن.

ئێمە وەکو بزوتنەوەی ئازادی، لە ناو هیچ هەوڵدانێکی نانەوەی توندوتیژی لە باشوری کوردستاندا نین و لایەنگری ئەوەش نین و هەوڵدانێکی لەم چەشنەش قبوڵ ناکەین. ئەم جۆرە ئیدیعایانەش پرۆپاگەندەی ناڕاستن. ئەوانەی ئەم جۆرە لێدوانانە بڵاو دەکەنەوە، هەوڵ دەدەن کێشەکان پەردەپۆش بکەن و لە بەرپرسیارێتی رابکەن. بانگەوازیمان بۆ گەلەکەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوەیە کە لە دژی ئەم جۆرە لێدوان و پرۆپاگەندە قێزەوەنانە هەڵوێستیان بخەنەڕوو و پوچەڵی بکەنەوە."

ز.ش