هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، "لە چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات گەلەکەمان لە سەرجەم ئەو ناوچانەی تیایدابوون بە دروشمی 'لە هەموو شوێنێک نەورۆز لە هەموو کاتێک ئازادی' بە بەشدارییەکی گەورە پێشوازییان لە جەژنی بەرخودان و ژیانەوەی نەورۆز کرد و پیرۆزیان کرد. گەلی وڵاتپارێزی کوردستان بە ملیۆنان کەس رژانە گۆڕەپانەکان و نەورۆزی ٢٠٢٣یان کە وەک نەورۆزی ٥٠ یەمینی رێبەرایەتی پێناسەکرابوو، پیرۆز کرد. لە ناخی دڵەوە پیرۆزبایی لە گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین و سڵاویان لێدەکەین. نەورۆزی ٢٠٢٣ بە بەشداری ملیۆنان کەس گۆڕدرا بۆ رۆژی تێکۆشانی گەورە لە دژی کۆلۆنیالیزم، جینۆساید و داگیرکەری و فاشیزم. پرۆسەیەکی شکۆمەندانە و سەرکەوتووانە لە نەورۆزدا هاتە ئاراوە. سوپاسی هەموو کەسێک دەکەین کە جەژنی ژیانەوە و بەرخودانیان لە دڵی خۆیاندا هەست پێکرد و رژانە گۆڕەپانەکان یاخود لەو ناوچانەی لێی دەژین پیرۆزیان کرد.
'بە پیرۆزباییەکانی نەورۆز گورزێکی گەورە لە فاشیزمی هەژاو درا'
لە راگەیەندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە، "گەلی وڵاتپارێزی کوردستان نەورۆزیان بە بەهێزی و بە شکۆوە پێشوازی کرد، بەم جۆرە هەڵوێستێکی روونیان لە دژی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست نیشاندا کە ئەو دەسەڵاتدارییە نوێنەرایەتی مێشکی قڕکەری کۆلۆنیالیست دەکات. گورزێکی گەورەی لە فاشیزم وەشاند کە لە لێواری رووخانە. هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست بۆ بەئەنجامگەیاندنی قڕکردنی کوردان دامەزرا و لە سەر دەسەڵات دانرا. بەم ئامانجەوە فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە لە ٢٤ی تەموزی ٢٠١٥دا بە مەبەستی پاکتاوکردن و داگیرکەری دەستی بە هێرش کرد. ئێمە وەک گەل و بزوتنەوە لە ٢٤ی تەموزی ٢٠١٥ بەدواوە لە دژی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە لە ناو هەڵوێستێکی بەرخودانی هەمەلایەنەداین و خۆڕاگری دەکەین. وەک ئێمە بەر لە ئێستا زۆر جار رامانگەیاندووە؛ دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لە ئەنجامی تێکۆشانی ئێمە لە لێواری رووخانە. تائێستا لە بەرامبەر هەموو چەشنە هێرشێکی داگیرکەری، کۆمەڵکوژی، ئەشکەنجە، گرتن، گوشار و کردەوەی شەڕی تایبەت وەک گەل و بزوتنەوە ئێمە بە بەرخودانێکی گەورە وەڵاممان داوەتەوە و نەمانهێشتوە کە ئاکەپە-مەهەپە ئامانجەکانی بێنێتەدی. ئەوەی ئاکەپە-مەهەپەی هێناوەتە لێواری رووخان ئەم تێکۆشانەیە. گەلەکەمان بە بەشدارییەکی بەهێز لە پیرۆزباییەکانی نەورۆز گورزێکی دیکەی گەورەی لەم فاشیزمە وەشاند".
'بە ملیۆنان کەس بەشدارییان لە نەورۆزدا کرد و داوای ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆیان کرد'
راگەیەنراوەکەی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەم جۆرە بەردەوامە:
"لە نەورۆزدا گەلی وڵاتپارێزی کوردستان وەفاداری خۆی بۆ رێبەر ئاپۆ بەشێوەیەکی بەرچاو نیشاندا. هەڵوێست و پەیامی بەرجستەی گەلەکەمان لە نەورۆز ئەمە بوو. رێبەر ئاپۆ لە پێناو ئازادیی گەلی کورد هەموو شتێکی بەخت کرد. بۆ سەرلەنوێ ژیاندنەوەی گەلی کورد کە سیستمی کۆلۆنیالیستی قڕکەر هێنابوویە لێواری لەناوچوون، رێبەر ئاپۆ بە بەرپرسیارێتی و بڕوایەکی گەورەوە دەستی بەم تێکۆشانە کرد کە لە ئەنجامیدا گەلی کورد گەیشتە ئەم ئاستە. ئەم تێکۆشانە کە رێبەر ئاپۆ بەر لە ٥٠ ساڵ لە قۆناغی نەورۆزدا دەستیپێکرد گەلی کوردی لە لەناوچوون رزگار کرد و سەرلەنوێ هەبوونی ئەوی مسۆگەر کرد. ئەو رێپێوانی ئازادییە کە رێبەر ئاپۆ دەستیپێکرد ئەمڕۆ لە گۆڕەپانەکان گۆڕدراوە بۆ هاواری ئازادیی ملیۆنان مرۆڤ. گەلی کوردستان لە ئەنجامی ئەم تێکۆشانەدا لە لەناوچوون رزگاریبوو و ئێستا لە کەسایەتی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپەدا مێشکی داگیرکەر قڕکەر لە لێواری رووخانە. بێگومان گەلی وڵاتپارێزی کوردستان باش دەزانێت کە ئەوەی ئەمەی هێناوەتە ئاراوە رێبەر ئاپۆیە. گەلی کوردستان تائێستا بە وشیاری قووڵی ئەوەوە جوڵاوەتەوە و نەورۆزی ٢٠٢٣شی بەو وشیاریەوە پێشوازی کردووە. بە ملیۆنان کەس بەشدارییان لە نەورۆزدا کردووە و بە یەک دەنگ دژی گۆشەگیری وەستانەوە، داوای ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆیان کرد. بەم هەڵوێستەوەوە گەلی کوردستان بە هەموو کەسی نیشاندا کە رێبەر ئاپۆ ئیرادەی ئەوانە و بەردەنگی چارەسەرکردنی پرسی کردە.
'گەنجان هەموو شوێنیان کرد بە گۆڕەپانی نەورۆز'
گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستانیش لە ماوەکانی رابردوودا بەهێزتر جوڵانەوە. گەنجان لە هەموو شوێنێک خاڵی پشکنین و بەربەستەکانی داگیرکەرانیان لەبەردم خۆیان راماڵی و وایان کرد کە نەورۆز لە سەر بنەمای بەرخودان پیرۆز بکرێت. هەموو شوێنێکیان کرد بە گۆڕەپانی نەورۆز. فاشیزمی ئاکەپە- مەهەپە ویستی لە رێگەی دانانی بەربەستەوە نەورۆز تەنیا لە هەندێک گۆڕەپاندا قەتیس بکەن، بەڵام گەنجان ئەو بەربەستانەیان هەڵوەشاند و نەورۆزیان بۆ شەقام و گەڕەکەکان گواستەوە. بەم هەڵوێستەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان نەورۆزی ٢٠٢٣ شکۆمەندانەتر بەڕێوەچوو و گەیشتە سەرکەوتن. لە ناخی دڵەوە پیرۆزبایی لە گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین کە بە ئەرکی پێشەنگایەتی خۆیان هەڵسان و هەروەها نەورۆز لە هەموو گەنجان پیرۆز دەکەین. گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان جارێکی دیکە نیشاندیاندا کە گیانباز و فیدایی رێبەر ئاپۆن و لە سەر رێچکەی ئەستێرە سورەی کوردستان هاوڕێ عەلی چیچەک رێدەکەن. گەنجان بەم هەڵوێستەیان ئەوەیان خستەبەرچاو کە وتەی ' ئێمە بە گەنجی دەستمان پێکرد و بە گەنجی دەگەینە سەرکەوتن'ی رێبەر ئاپۆیان کرد بە کردار.
'ژنان گیانی ٨ی ئاداریان گەیاندە گۆڕەپانەکانی نەورۆز'
ژنان گیانی بەرخودانی ٨ی ئاداریان گەیاندە گۆڕەپانەکانی نەورۆز و وایان کرد کە نەورۆز زیاتر بە هێز، بە هەستی بەرخودانەوە پیرۆز بکرێت. ئێمە پیرۆزبایی لە هەموو ژنان دەکەین کە لە ٨ی ئادارەوە تا نەورۆز پردی بەرخودانیان دروست کردووە و واتا و رەنگیان بە نەورۆز بەخشی. بە رێز و خۆشەویستییەوە سڵاویان لێدەکەین.
سپاسی رێکخراو و کەسایەتییەکان دەکەین
لە نەورۆزدا زۆر رێکخراو، دامەزراوە و کەسایەتی پەیامیان هەبوو. سەلماندیانکەلەگەڵ تێکۆشانی گەلی کوردستاندان و هەڵوێستی یەکگرتوویان خستەڕوو. ناڕەزایەتییان بەرامبەر گۆشەگیری و ئەشکەنجە لەسەر رێبەر ئاپۆ نیشاندا. ئێمە زۆر بە واتاداری دەبینین کە رێکخراو و کەسایەتیە شۆڕشگێڕ، سۆسیالیست، وڵاتپارێز، دیموکرات بەشداری نەورۆزیان کرد، بە وتە و هەڵوێستیان نیشانیاندا کە لە گەڵ گەلدان. بەهۆی ئەو هەڵوێستەیانەوە سوپاسی هەموو کەس دەکەین و پیرۆزباییان لێدەکەین. پەیامی سەرۆکی یەنەکە بەڕێز بافڵ تاڵەبانیش لەو چوارچێوەدا بە واتا و گرنگ دەبینین و وەک هەڵوێستێکی وڵاتپارێزی هەڵیدەسەنگێنین.
'گەلی کورد نیشانیدا کە لە هەڵبژاردندا هەڵوێستێکی چۆن دژی فاشیزم دەگرێتەبەر'
گەلی کوردستان لە نەورۆزدا لە بەرامبەر فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە هەڵوێستی روونی نیشاندا و ئەوەی خستە بەرچاو کە لە هەڵبژاردندا دەبێت هەڵوێستێکی چۆنی هەبێت. گەلی وڵاتپارێزی کوردستان بە تێکۆشانی خۆی تا ئێستا سیاسەتی پاکتاو و جینۆسایدی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپەی پوچەڵکردووەتەوە. بەو پەیامەی کە لەنەورۆزدا رایگەیاند، بە هەموو کەسی نیشاندا کە ئەوە دەباتە سەر. دەبێت هەموان ئەو هەڵوێستەی گەلی کوردستان ببینن و باش لێی تێبگەن. فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە کە دوژمنی کوردانە، بە دڵنیاییەوە دەڕوخێت و فاشیزم لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە. بە رووخانی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە نەک هەر ئازادی گەلی کورد دێتە دی هەروەها گەلانی تورکیاش لە ژێر گوشاری فاشیزم رزگاریان دەبێت و رێگە لەبەردەم تورکیای دیموکراتیک و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکراتیک دەکرێتەوە. ئێمە جارێکیتر نەورۆز ٢٠٢٣ لە هەموو کەس پیرۆز دەکەین و بەو ئامانج و ئاواتەوە داوا لە هەموو کەس دەکەین کە گوڕ بە تێکۆشان لە دژی دەسەڵاتداری ئاکەپە- مەهەپەی فاشیست بدەن.
ئێمە لەو بڕوایەداین کە ساڵی ٢٠٢٣ دەبێتە ساڵی رووخانی فاشیزم".
هـ . ب