هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە سەروبەندی ساڵیادی شەهیدبوونی شێخ سەعید و هەڤاڵانیدا کە ساڵی ١٩٢٥ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لەسێدارەدرابوون، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. کەجەکە رایگەیاند کە گەلی کورد شێخ سەعید و شەهیدانی دیکە هەرگیز لەیاد ناکات و باسی لەوەکردووە، "لەسەر ناو بزوتنەوەی ئازادیی کورد لە ساڵیادی لەسێدارەدانیاندا جارێکی دیکە یادی شێخ سەعید و هاوڕێیانی دەکەینەوە. وەک رۆڵەی شێخ سەعید و هەڤاڵانی، سەید رەزا و بەسێکان، عەلیشێر و زەریفەکان ئێمە ئەو تێکۆشانەی ئەوان لە پێناویدا گیانی خۆیان بەخشی ، دەگەیەنینە سەرکەوتن. گەلی کوردستان لە دژی هەموو چەشنە پلانێکی پاکتاوکردن و هێرشی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە خۆڕاگری دەکات و تێکۆشان هێندەی تر گەورە دەکات، رێگەنادات کە سیاسەتی کۆمەڵکوژکردنی کوردان بگاتە سەرکەوتن، کۆلۆنیالیزمی کۆمەڵکوژکار و خیانەتی هاوکاری لەناو دەچن و شکست دەهێنن".
'گەلی کورد هەرگیز رەنج و گیانبازی ئەوان لەبیر ناکات'
راگەیەندراوی کەجەکە بەم جۆرەیە: "دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، بە لەسێدارەدانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی لە ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٢٥ کۆمەڵکوژییان گەورەتر کرد. لە کەسایەتی شێخ سەعید و هەڤاڵانیدا بە رێز و پێزانیەوە یادی سەرجەم شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی دەکەینەوە، جارێکی دیکە بەڵێن دەدەین کە پەیوەست بین بە یادی ئەوان و تێکۆشانی ئەوان بە سەرکەوتن تاجدار بکەین.
شێخ سەعید و هەڤاڵانی بەرامبەر بە نکۆڵی کردن لە کوردان، لە دژی ستەم و ناحەقی دەوڵەتی تورک وەستانەوە و لەپێناو ئازادی تێکۆشان. لە هەموو هەلومەرجێکدا تێکۆشان و بۆ هەتا هەتایە پەیوەست بوون بە بەهاکانی تێکۆشانەوە. لە دژی هەڕەشەکانی لەسێدارەدانی رژێمی قڕکەر و دوژمنی کوردان، هەڵوێستیان نیشاندا و ئەوەیان خستەبەرچاو کە بە بەهێزی دڵسۆزی کوردستانن. تێکۆشانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی کە گیانیان بەخت کرد لەلای گەلی کورد واتادار و بەنرخە. گەلی کورد رەنج گیانبازی ئەوان و یادی ئەوان هەرگیز لەبیر ناکات.
لەگەڵ لەسێدارەدانی شێخ شەعید پرۆسەی کۆمەڵکوژی لە کوردستان دەستیپێکرد
لە رێگەی پەیماننامەی لۆزانەوە کە بەر لە سەدەیەک واژۆ کرا، دەوڵەتێکی نوێ لە تورکیا دامەزرا، کوردستان دابەشکرا و لە دژی گەلی کورد نکۆڵی و سرینەوە دەستیپێکرد. ئەو دەوڵەتەی لە سەر بنەمای تورکبوون دامەزرا، قڕکردن و کۆمەڵکوژکردنی کوردان کردە ئامانجی سەرەکی خۆی. بەو ئامانجەوە لە کوردستان سیاسەتی تواندنەوەی کولتوری و کۆمەڵکوژی خستەگەڕ، ناسنامە، زمان و کولتوری گەلی کوردی قەدەغە کرد، ناسنامەی تورکبوونی بەسەر گەلی کورددا سەپاند. بێ گومان گەلی کورد ئەو ستەم و ناحەقیەی قەبوڵ نەکرد و لە دژی گوشار و سەپاندن خۆڕاگری کرد. بەڵام دەوڵەتی تورکیش لە رێگەی توندوتیژی و کۆمەڵکوژییەوە ویستی ئەوە بسەپێنێت. وەک شێخ سەعید و هەڤاڵان چەندین رێشسپی کورد بەرامبەر پارچەکردنی کوردستان، ستەم و ناحەقی لە سەر کورد، وەستانەوە. دەوڵەتی تورکیش ئەوەی کردە بیانوو و لە کوردستان دەستی بە کۆمەڵکوژی کرد. خۆی لە خۆیدا ساڵی ١٩٢٥ لەبەر ئەوەی شێخ سەعید و هەڤاڵانی بەرامبەر ستەم وەستانەوە و داوای مافەکانی گەلی کوردیان کرد، دەوڵەتی تورک دەستی بە هێرش کرد، شێخ سەعید و هەڤاڵانی ئەو کە داوای ئازادی گەلی کوردیان دەکرد، لە سێدارەی دان و کۆمەڵکوژی گەورەی کرد. لەو رێگەوە لە کوردستان پرۆسەیەکی کۆمەڵکوژی دەستیپێکرا. لەسێدارەدانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی ئەوەی خستەبەرچاو کە دەوڵەتی تازە دامەزراو چ کاراکتەرێکی هەیە، بە چ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ کورد دەکات. رێبەر ئاپۆ دەستنیشانی کردووە کە بەو هێرشانەی لە شوباتی ١٩٢٥ دەستیان پێکرا و بە لەسێدارەدانی شێخ سەعید کۆمەڵکوژکردنی کوردان دەستیپێکرا.
ئەرکی ئاکەپە-مەهەپە کۆمەڵکوژکردنی کوردانە
دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و کۆمەڵکوژکار هێشتاش خاوەنی کاراکتەری دوژمنایەتی کوردانە و کۆمەڵکوژکردنی کوردان هێشتا بەلایەوە ئامانجی سەرەکیە. لەم سەرەدەمەدا ئەو سیاسەتە لەسەر دەستی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست بەرێوەدەبرێت. دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە دەیەوێت کۆمەڵکوژی کوردان کە لە رێگەی پەیمانی لۆزانەوە بە شێوەیەکی فەرمی دەستیپێکرد، لەسەد ساڵەی دووەمیشدا بەڕێوەببات. لە بناغەی ئەقڵیەتی ئاکەپە-مەهەپە لەبارەی سەدەی تورکیاوە ئەو راستیە بوونی هەیە. ئەوەی لە بنەڕەتەوە پلانەکانی دەوڵەتی تورکی لەناوبرد، رابوونی رێبەر ئاپۆ و پەکەکە، دەستپێکردنی تێکۆشانی ئازادییە. بەو تێکۆشانە بە پێشەنگایەتی بزوتنەوەکەمان دەستیپێکرد، بەر بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەری کۆمەڵکوژکار گیرا تا سیاسەتی لەناوبردنی کوردان نەگەیەنێتە ئەنجام و سەرلەنوێ هەبوونی کورد مسۆگەر کرا. دەوڵەتی تورک کە تێگەیشت تا بزوتنەوەی ئازادی کورد لەناو نەچێت کورد کۆمەڵکوژ ناکرێن، لەو کاتەوە هەموو هێزی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی بزوتنەوەی ئازادیی کورد پاکتاو بکات. بەو ئامانجەوە هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست دامەزرا و لە سەر دەسەڵات دانرا. ئەرکی سەرەکی بەردەم ئاکەپە-مەهەپە ئەوەیە کە بزوتنەوەی ئازادی پاکتاو بکات و کورد کۆمەڵکوژ بکات.
گەلی کوردستان لێپێچینەوە لە ناپاکەکان دەکات
وەک چۆن پێشتر شێخ سەعید و هەڤاڵانی بە پیلانگێڕییەک دەستگیرکران، دواتریش لەسێدارەدران و لە کوردستان پرۆسەی کۆمەڵکوژی دەستیپێکرا، ئێستاش دەسيڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە سیاسەتی کۆمەڵکوژی و قڕکردن بە پشتیوانی هەندێک کوردی هاوکار و خاین بەڕێوەدەبات. ئەو کەسە خائینانە لەپێناو سامان و دەوڵەمەندیدا دەچنە پاڵ ئاکەپە-مەهەپە کە نکۆڵی لە کورد دەکات، زمان، ناسنامە و کولتوریان قەدەغە دەکات و کۆمەڵکوژیان دەکات. بێگومان گەلی وڵاتپاڕێزی کوردستان ئەقڵیەتی خیانەتکار و هاوکاری شکست داوە. بەو تێکۆشانەی نەوسەدەیە بەردەوامە، گەیشتوونەتە ئەو هۆشمەندیە. ئەمرۆ بە هۆی ئەو هەڵوێستەی گەلی کوردستان، ئەوانەی شکۆی خۆیان فرۆشتووە بە ئاکەپە-مەهەپە، خۆیان وەک کورد و نەتەوەپەرست نیشان دەدەن و هەوڵ دەدەن خیانەتی خۆیان بشارنەوە. بەڵام تەنیا هێرش دەکەنە سەر بزوتنەوەی ئازادی کورد و هەوڵ دەدەن تێکۆشان لاواز بکەن. لەکاتێکدا کوردستان هەموو رۆژێک لە ژێر هێرش و داگیرکەریی دوژمندایە، منداڵانی گەنجی ئەم گەلە هەموو رۆژێک خۆڕاگری دەکەن و شەهید دەبن، رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی لە ژێر ئەشکەنجە و گۆشەگیری رەهادایە، هەموو رۆژێک هێرش دەکرێتە سەر شەنگال و رۆژئاوا هەموو رۆژێک دەیان وڵاتپارێز لەپێناو ئەم دۆزەدا دەستگیردەکرێن و راپێچی زیندان دەکرێن، گەل لە ژێر گوشارێکی گەورەدایە، ئەو کەسە خائینانەی لە ناو دەوڵەمەندی و ئاسودەییدان، نە قوربانی دەدەن، نە هیچ شتێکی بچوک لەدەست دەدەن. چۆن دەکرێت ئەوانە باس لە کوردبوون و نەتەوەپەرستی دەکەن؟ ئاشکرا و روونە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە کوردبوون، وڵاتپارێزی و نەتەوەپەرستیەوە نییە. کوردبوون و نەتەوەپەرستی ئەوان بە تەواوەتی ساختەیە. لەو رێگەیەوە تەنیا هەوڵ دەدەن خیانەتی خۆیان بشارنەوە. کوردبوون، وڵاتپارێزی و نەتەوەپەرستی نەک بە پشتیوانی کردن لە دەوڵەتی داگیرکەر و دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە دەکرێت، دەبێت لەبەرامبەر ئەوە بوەستنەوە، لە تەنیشت گەلەکەیانەوە بن و خاوەنداری لە بەهاکانی ئازادی بکەن. ئیتر لە کوردستان هەڵوێستی وڵاتپارێزی و هەڵوێستی خیانەت بە هێڵێکی ئەستوور لەیەکتر جیاکراونەتەوە. لە کوردستان بوارێکی بەو جۆرە نەماوە کە بەو دەمامکانە خیانەت بشارنەوە. گەلی کوردستانی وڵاتپارێز ئەو خائینانە دەناسنەوە کە هەوڵ دەدەن بە دەمامک راستی خۆیان بشارنەوە و بە دڵنیاییەوە لێپرسینەوەی پێویست لەگەڵ خائینان دەکات.
لەسەر ناوی بزوتنەوەی ئازادی کورد لە ساڵایادی لە سێدارەدانیاندا ئێمە جارێکی تر یادی شێخ سەعید و هاوڕێیانی بەرزڕادەگرین. وەک رۆڵەکانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی، سەید رەزا و بەسێکان، عەلیشێر و زەریفەکان ئێمە ئەو تێکۆشانەی کە لەپێناویدا گیانیان بەخت کردووە، دەگەیەنینە سەرکەوتن. گەلی کوردستان لە دژی هەموو جۆرە پلانی پاکتاوکرد و هێرشی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە خۆڕاگری دەکەن، زیاتر گوڕ بە تێکۆشان دەدەن، ناهێڵن کە سیاسەتی قڕکردنی کورد سەربکەوێت، کۆلۆنیالیزمی کۆمەڵکوژکار و خیانەتی داردەست و هاوکار شکست دەهێنن".
هـ . ب