کەجەکە یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی ئەنقەرەی کردەوە

بە بۆنەی حەوتەمین ساڵیادی كۆمەڵكوژیی ١٠ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٥، كە لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەریی هەدەپە لە ئەنقەرە ڕوویدا، كەجەكە ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە، هاوكات لە زۆرێك لە شارەكانی باكووری كوردستان و توركیا یادی قوربانییانی ئەو كۆمەڵكوژییە كرایەوە.

ئەمڕۆ بەبۆنەی حەوتەمین ساڵیادی ئەو كۆمەڵكوژییەی كە ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٥ لە میتینگی هەدەپە لە بەردەم وێستگەی شەمەندەفەری ئەنقەرە ڕوویدا و لە ئەنجامدا ١٠٣ كەس كوژران، كۆما جڤاكێن كوردستان- كەجەكە ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و هەروەها لە زۆریەك لە شارەكانی باكوری كوردستان و توركیا یادی قوربانیانی ئەو كۆمەڵكوژیە كرایەوە.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا كەجەكە، وێڕای شەرمەزار كردنی ئەو كۆمەڵكوژییە ئاماژەی بەوەكردووە، “كۆمەڵكوژیی ئەنقەرە یەكێكە لە گەورەترین كۆمەڵكوژییە سیاسییەكانی مێژووی توركیا، بكوژانی ئەم كۆمەڵكوژییە هاوپەیمانی فاشیستی ئاكەپە و مەهەپەن و ئەم كۆمەڵكوژییەیان لەسەر دەستی داعش ئەنجامدرا، وەك لەم كۆمەڵكوژییە تێدەگەین، ئاكەپە و مەهەپە لە هێرشەكانیاندا داعش بەكاردەهێنن، لەكاتێكدا پێشتر كۆمەڵكوژی كوردان لەلایەن بەرەی دژ (کۆنترا) ئەنجام دەدرا”.

كەجەكە ڕوونیشیكردووەتەوە، “بۆ زانینی پشتپەردەی كۆمەڵكوژییەكەی ١٠ی تشرینیی یەكەمی ٢٠١٥ پێویستە ئاوڕ لە هاوپەیمانی نێوان كورد و هێزە دیموكراتییەكانی توركیا بدرێتەوە، كە بە كۆبوونەوەی ئەو هێزانە لە ناو هەدەپەدا لە هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا توانرا سەركەوتنی بەرچاو بەدەستبهێنرێت، ئاكەپە لە دەسەڵات خرابوو، ئەمە یەكەم جاربوو لە مێژووی توركیادا ئاكەپە و دەوڵەت شكستبهێنن و هیوایەك دروست ببوو، كە توركیا لەسەر بنەمای دیموكراسی دابمەزرێت”.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەی كەجەكەدا هاتووە، ژنان و گەلی كورد و گەلی توركیا و هێزە دیموكراسییەكان لە بەرامبەر گوشار و هێرش و كۆمەڵكوژییەكانی هاوپەیمانی فاشیستی ئاكەپە و مەهەپە چوونەتە بەرخۆدانێكی گەورەوە، ئەم خۆڕاگرییە واتادار و گەورەیە ئومێدی ئازادیی زیاتر كردووە و تەنانەت ئەمڕۆش هاوپەیمانی ئاكەپە و مەهەپەی گەیاندووەتە ئاستی لەناوچوون.

لە لایەكی ترەوە هەر ئەمڕۆ لە زۆرێك لە شارەكانی باكوری كوردستان و توركیا لەوانەش ئامەد، ئیزمیر، ڕوحا، ئەدەنە و چەندین شاری تر، یادی قوربانییانی كومەڵكوژیی ١٠ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٥ كرایەوە و ئیدانەی ئەو كۆمەڵكوژیە كرا و بەشداربووان جەختیان لەوەكردەوە؛ ئەوانەی ئەو كردەوانە دەشارنەوە، هاوبەشی ئەو تاوانانەن.

كۆمەڵكوژیی میتینگی هەدەپە لە ئەنقەرە لە كاتێكدا بوو، پێشتر و دوای ئەو كۆمەڵكوژییە چەندین هێرش و كردەوەی لەو شێوەیە لەسەر دەستی داعش بە پاڵپشتی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ سەر كوردان ئەنجامدراوە، ٥ی حوزەیران ٢٠١٥ لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەری هەدەپە لە شاری ئامەد بۆمبێك لە لایەن چەتەكانی داعش تەقێنرایەوە، كە لە ئەنجامدا ٥ كەس گیانیان لەدەستدا و بەدەیان كەسیش بریندار بوون.

هەروەها لە ٢٠ تەمموزی ٢٠١٥ لە پرسوس-یش چەتەیەکی داعش خۆی لەناو چالاكی گەنجان كە بۆ پشتگیریی كۆبانێ ڕێكخرابوو تەقاندوە و لە ئەنجامدا ٣٣ گەنج گیانیان لەدەستدا.

ڕۆژی ٢٠ی ئابی ٢٠١٦یش داعش لە ئاهەنگێكی هاوسەرگیریی لە ناوچەی دیلۆك تەقینەی خۆكوژی ئەنجامدا، كە بە هۆیەوە ٥٧ كەس گیانیان لەدەستدا، كە ٤٠ كەسیان منداڵ بوون.

ئەو كۆمەڵكوژییانەی داعش كە سەرجەمیان دژی گەلی كورد بە پاڵپشتی دەوڵەتی داگیركەری تورك ئەنجامدراون، تا ئێستا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەنقەرەوە هیچ بەدواداچوونێكییان بۆ نەكراوە و هیچ كەسێكیش لەسەر ئەو كردەوانە دەستگیرنەكراوە.

ف.ق