ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لە شاری هەولێر دەربارەی شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان و هێرۆ گردبوونەوە و لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.
هۆزان قادر سەرۆکی ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لە کۆنگرەکەدا ڕایگەیاند، بەمەبەست ئەم کۆنگرەیەمان هێناوەتە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، تا بەردەوام هەڵوێستی لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا و بەتایبەتی دەربارەی دۆخی ڕۆژنامەنووسان.
ئاماژەی بەوەشکرد، تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم بەردەوامە، بەتوندی سەرکۆنەی ڕووداوەکەی دوێنێ کە دوو رۆژنامەنووسی ژن تیرۆر کران دەکەین، داواش لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین فشار بخەنە سەر وڵاتانی دراوسێی عێراق بۆ دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ لەو کەسانەی دەستیان لە هەڵگیرساندنی شەڕ نیە و بەشدار نین تێیدا و مەدەنین.
باسی لەوەشکرد، بەهۆی شەهیدبوونی هەردوو ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینەوە، لێرە بە پێویستی دەزانین داوا لە تورکیا بکەین هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان ڕابگرێت و ئێمەی ڕۆژنامەنووس تێکەڵی ململانێکانی نەکات.
هۆزان قادر جەختی لەوەشکردەوە، بەداخەوە لەم نێوەندا هەڵوێستی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم زۆر لاوازە و ناتوانن سەروەری خاکەکەمان بپارێزن، لە کاتێکدا ڕۆژانە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە بۆردوومان گوند و ناوچەکانی کوردستان دەکرێت و خەڵکی بێتاوان دەکرێنە ئامانج.
دووپاتیشی کردەوە، شەهیدکردنی ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە پاساو هەڵنەگرە و دژی هەموو ڕێسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکانە.
دوێنێ دەوڵەتى داگیرکەرى تورک ئۆتۆمبێلێکى لە سنوورى شارۆچکەى سەیدسادق بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە دوو ڕۆژنامەنووسى ژن شەهید و شەش ڕۆژنامەنووسى دیکەش برینداربوون.