کەمال بولبول: بە هۆی دواکەوتنەوە تراژیدیایەکی گەورە روویدا

پەرلەمانتاری هەدەپە کەمال بولبول رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی لەکاتی خۆیدا و زوو بەهانایانەوە نەچوون لە ژێر بینا رووخاوەکاندا تراژیدیایەکی گەورە روویدا.

ناوەندی هەواڵ

پەرلەمانتاری هەدەپە کەمال بولبول سەبارەت بە بومەلەرزەکە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و ئەوەی خستەڕوو کە لە سەمسور کە یەک لەو شوێنانەی کوردستانە کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بە هۆی بومەلەرزەوە، خەڵک هەست بەوە دەکەن کەس خاوەندارییان ناکات و سەرنجی راکێشا بۆ سەر ئەوەی کە بەهەزاران تەرم لە ژێر خانووە رووخاوەکاندان، دامودەزگاکانی دەوڵەت نە بە شێوەی مادی و نە بە شێوەی مەعنەوی هاوکارییان ناکەن.

بولبول باسی لە دۆخی سەمسور کرد و بەم جۆرە درێژەی پێدا: " لە سەمسور بەهەزاران خانوو رووخاون. بەداخەوە لە کاتی خۆیدا بەهانایانەوەنەچوون و بەو هۆیەوە لەوێ کارەسات و تراژیدیایەکی گەورە روویدا. تائێستاش دەوترێت لە ژێر خانووە رووخاوەکانەوە دەنگ دەبیسترێت، بەڵام لەم کاتە بەدواوە ئەستەمە. ئێمە دەچینە ئەو شوێنانە و هەوڵ دەدەین تیمی جیاجیا بەڕێوەببەین. لەسەرەتاوە تا ئێستا ئافاد، شارەوانی و هیچ دەزگایەکی دەوڵەت لە رووی مادی و مەعنەوییەوە هیچ هاوکارییەکیان نەگەیاندووە.

'خەڵک خۆیان بە بێ پارێزراوی هەست دەکەن'

بولبول ئەوەسی خستەڕوو کە داروپەردووی خانووەکان هەڵناگیرێنەوە و ژمارەیەکی زۆر بە هۆی درەنگ بە هاناوەچوونەوە ژیانیان لەدەستداوە و وتی، "کۆمەڵگا خۆی بە ناپارێزراو هەست دەکات. لە رووی تەندروستیەوە هیچ خزمەتگوزارییەک نییە. ئەمڕۆ سەردانی نەخۆشخانەی سەمسورم کرد و پزیشکانی ئەوێ پێیان وتم کە بەشێکی زۆری قوربانیانی بومەلەرزە دەست و پێیان لەدەستداوە. بە شێوەیەکی تەواوەتی و رێکوپێک خۆیان نەگەیاندووەتە تەواوی شارەکە و هێشتا هاوکاری نەگەیشتووەتە گوندەکانیش. وەک هەدەپە لەگەڵ رێکخراوە دیموکراتیکەکان لەوێ کۆبووینەوە، ناوەندێکی بەڕێوەبردنمان ساز کرد و مێزی قەیرانمان دروست کرد.

'پێشبینیمان بۆ ئەو لێکەوتانەی بومەلەرزەکە دەکرد'

بولبول رایگەیاند، ئەو کاتەی بومەلەرزە روودا، ئەو لە مێردین بووە و بەهۆی گوڕی بومەلەرزەکەوە پێشبینیان بۆ ئەو ئەنجام و لێکەوتانە کردەوە و وتی، "کەسوکارمان لە سەمسور و مەرەش وتیان: 'راستە بومەلەرزە روویداوە کاریگەری دەبن'. ئێمە دەستبەجێ خۆمان گەیاندە سەمسور".

بولبول رایگەیاند کە مێزی قەیرانی هەدەپە و رێکخراوە دیموکراتیکەکان ساز دەکرێت و لە کۆتاییدا وتی، "دوێنێ شارەوانی جنار هات و لە جەمخانەی یەنی مەحەلە چێشتخانەی دروست کرد. بۆیەکەم جار شەوی رابردوو خواردنی گەرممان خوارد. وەک گەلی کورد بووینەتە شایەتی زۆر تراژیدیا و کۆمەڵکوژی گەورە. بەڵام ئەم تراژیدیایە گەورەترە".

 

هـ . ب