لە شاری سلێمانی کۆمەڵکوژی ٦ ی ئاب یادکرایەوە
لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان، بە دیکۆمێنتارییەک یادی کۆمەڵکوژی شەهیدانی ٦ ی ئابی ساڵی ١٩٩٤ی قەڵادزێ کرایەوە.
لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان، بە دیکۆمێنتارییەک یادی کۆمەڵکوژی شەهیدانی ٦ ی ئابی ساڵی ١٩٩٤ی قەڵادزێ کرایەوە.
لە ئەنجامی بۆردوومانی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران لە ٦ ی ئابی ١٩٩٤ لە شاری قەڵادزی کۆمەڵکوژی ڕوویدا و لە ئەنجامدا ٢١ هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و ٨ هاوڵاتی برینداربوون تەنها لە یەک ماڵدا، کە شەهید و بریندارەکان زۆربەیان خزم و کەسی یەکتر بوون .
هەریەک لە ڕێکخراوی (سی. پی. تی.) لقی کوردستانی عێراق و دەزگای میدیای شار پرێس دەربارەی ئەو کۆمەڵکوژیە لە ڕێگەی شایەتحاڵ و گەواهیدەرانی ئەو کۆمەڵکوژیە دیکۆمێنتارییەکیان ئامادەکرد، بە ناوی ( بۆردوومانی نێوان دوو زێ، مردن لە پێناو نەخنکاندا) لە هۆڵی سینەما سالمی شاری سلێمانی بە بەشداری کەسوکاری شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژیە و ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیان ئەو دیکۆمینتاریە نمایش کرا کە تێکڕای ٤٥ خولەک بوو.
لە دیکۆمنتاریەکە بریندار و شایەتحاڵانی ئەو کۆمەڵکوژیە بە بەڵگە و دیکۆمێنت ئەوەیان دەسەلەماند کە کۆمەڵکوژیان بەرامبەر کراوە، ڕەخنەی ئەوەشیان کرد کە تا ئێستا هیچ لایەنێکی نێوخۆی هەرێم لای لێیان نەکردۆتەوە کەیسەکەی نەجوڵاندوە لە ئاستی نێودەوڵەتی لە ئاستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق شەهیدەکانیان وەک شەهید هەژمار نەکراون.
"یەک بگرن کۆتایی بە بۆردوومانی تورکیا و ئێران بهێنن"
لە دوای دیکۆمێنتارییەکە حسێن عەلی ئەو هاوڵاتیەی کە کۆمەڵکوژیەکە لە ماڵی ئەودا ڕوویداوە بۆ ئامادەبووان قسەی کرد و وتی: "شەهیدانی ئێمە شەهیدی هەر چوار پارچەی کوردستانن، هەروەها هەموو شەهیدێکی کوردستان بە شەهیدی خۆمان دەزانین، داواکارین هەرچی زووە هێزە کوردیەکان لە ناوخۆیاندا یەکێتی و یەکڕیزی درووست بکەن و کۆتای بەو بۆردوومانە بهێنن کە تا ئێستا لەسەر گەلەکەمان بەڕێوەدەچێت لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و ئێران".
پیتەر ئۆرگیان، ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی و یەکێک لە ئامادەکارانی دیکۆمیتاریەکە، دەربارەی کارەکەیان قسەی کرد وتی: "تکایە با هەموو کەسێک لەسەر ئەو کەیسە کار بکات، پەیامی خێزانی قوربانیەکان بڵاو بکەنەوە، باسی ئەوە بکەن کە چۆن خەڵکی سڤیلیان بە ئامانج گرتووە و تا ئێستاش هەر بەردەوامە، بەداخەوە لە هیچ بەشێکی مێژوودا تۆماریش نەکراون".
"دوو هەزار کەیسی شەهید و بریندار هەیە بە هۆی بۆردوومانی سەر سنور"
ناوبراو وتیشی: "بە پێی زانیاری و داتاکانی کە ڕێکخراوەکەمان لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ئێستا دیکۆمێنتی کردوە لە ناوچە سنوریەکان بە هۆی بۆردوومانەکان دەوڵەتی تورکیا و ئێران تا ئیستا زیاتر ٢٠٠٠ کەیسی شەهید و برینداری سڤیلمان هەیە ".
"ساڵی پار خوێناویترین ساڵ بووە لە ماوەی ٨ ساڵی ڕابردوو"
ناوبراو وتیشی: "لە ساڵی ٢٠١٥ تا ئێستا، ساڵی پار خوێناویترین ساڵ بوو بە هۆی بۆردوومانەکانی سەر سنوور لەلایەن دەوڵەتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان".