کۆمەڵکوژی ئەنفال؛ رێگریی لە یادکردنەوە کرا، بانگەواز بۆ یەکگرتوویی راگەیەندرا

ئاستەنگی بۆ مەراسیمی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال سازکرا. لە لێدوان و راگەیەندراوەکاندا بانگەواز بۆ یەکگرتوویی کرا.

خزم و کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال لە چەمچەماڵ و گەرمیان لەسەرلەبەیانییەوە چووە سەر مەزاری قوربانیان و رێگەیان نەدا بەرپرسانی حکومی و هێزە سیاسیەکان بچنە سەر مەزارگەکە.

ئەمڕۆ، ٣٥ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر تاوانی ئەنفالدا، كە تێیدا ١٨٢ هەزار هاوڵاتی كورد زیندە بەچاڵ كران و گولـلەباران كران، هەروەها زیاتر لە چوار هەزار گوند خاپوركران.

لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ و لە مەزاری ئەنفالكراوان لە گوندی دێبنەی گەرمیان، ئەمڕۆ یادی ئەو تاوانە لەلایەن كەسوكاری ئەنفالكراوانەوە كرایەوە.

هەرچەندە ئیدارەی گەرمیان پێشووتر ڕایگەیاند، یادی ۳٥ ساڵەی تاوانی ئەنفال بەفەرمی و بەمەراسیمێکی گەورە، لە جێگای ساڵانی یادکردنەوەکە لەسەر مەزاری ئەنفالکراوەکان دەکرێتەوە، بەڵام بەهۆی ڕێگری كەسوكاری ئەنفالكراوەكانەوە یادەکە لە هۆڵی هونەر کرایەوە.

لەگەڵ هەڵهاتنی خۆری بەیانیدا، بەشێک لە کەس و کار و نەوەی ئەنفالکراوەکان، لە دەروازەی مەزاری ئەنفالکراوەکان گردبونەوە و ڕایانگەیاند، ڕێگا نادەن، هیچ بەرپرسێکی حکومی و حزبی بێته سەر مەزارەکە.

عەتا ڕەفعەت، یەکێک لە بەشداربووانی گردبونەوەکە رایگەیاند:  ئێمە وەک کەسوکاری ئەنفالکراوەکان بە ڕێگریکردن لەسەردانی کردنی بەرپرسانی حکومی و حزبی بۆسەر مەزار ئەنفالکراوەکان، یادی ۳٥ ساڵەی تاوانی ئەنفال دەکەینەوە.

وتیشی:  ئێمە لێرە گردبوینەتەوە تا ڕێگیری بکەین لەو بێڕێزییەی حکومەت بە کەسوکاری ئەنفالکراوەکانی دەكات، بەداخەوە دێنە یادەکە چەند قسەیەکی بریقوباق دەکەن و تاجە گوڵینە دادەنێن و هەندێک بەڵێن بەکەس وکاری ئەنفال دەدەن و دەڕۆن، تا ساڵێکی تر کەس نایانبینێتەوە و بۆ هەر کارێک ڕوویان تێدەکەی وەڵامت نادەنەوە.

كەسوكاری ئەنفالكراوەكان، بۆ ڕێگری لە سەردانی بەرپرسان لە بەیانیەوە لەسەر مەزاری ئازیزانیان ماونەتەوە و ناوچەكە چۆڵناكەن، بۆئەوەی ڕێگە نەدەن هیچ بەرپرێسك سەردانی مەزارەكە بكات.

هـ .ب