كۆمەڵكۆژی كوردەكان لەلایەن ناتۆوە؛ ڕژاندنی خوێن لەبێدەنگی راگەیاندنەكاندا

یەكێك لەوەحشیانەترین كۆمەڵكۆژیەكانی مێژووی مرۆڤایەتی لەعەفرین پێكهات. هەموو راگەیاندنە رۆژئاوایەكان بەبێ جیاوازی پشتیوانیان لەرژێمی فاشیستی توركیا و بەرەی نوسرە لەدژی منداڵان و ژنانی عەفرین كرد.

بەیانی چوارهەمین ساڵیادی داگیركردنی عەفرینە لە ١٨ی ئاداری ساڵی ٢٠١٨یە. ئەوەی لەعەفرین وەكو یەكێك لەكانتۆنەكانی رۆژئاوا روویدا، زۆر بابەت لەخۆی دەگرێت كە دەتوانێت ببنە وانەیەكی پەروەردەیی بۆ مرۆڤایەتی.

دەوڵەتی تورك و گروپە چەتەكانی هاوكاری لەكاتێكدا یەكێك لەوەحشیانەترین و قیزەونترین كۆمەڵكۆژیەكانی مێژوویان پێكهێنا كە لەلایەنی بەرامبەریشەوە یەكێك لەگەورەترین بەرخۆدانەكانی مێژوو لەعەفریندا ئافراند. نوسینەوەی ئەوەی لەعەفریندا روویدا زۆر ئاسان نییە.

گەل و ژنان و تێكۆشەرانی یەكینەكانی پاراستنی گەل لەكاتێكدا دوو مانگ زیاتر بەرخۆدانیان نواند كە توركیا بەدەیان فرۆكەی شەڕكەری سەرقاڵی بۆمبارانی ئەوان بوو. لەزەوینیشەوە وەحشیترین و پاشكەوتووترین گروپەكان كە تەنیا جیاوازیان لەگەڵ داعش ناو و جل و بەرگەكەیان بوو، لەسنورەكانی توركیاوە بەرەو عەفرین بەتانكەكانی لئوپاردی ئەڵمانیەوە ملینا دەنا.

ئەوەی روویدەدا، تەنیا شەڕێكی نابەرابەر و ناهاوسەنگی سەربازی لەگەڵ دووهەمین هێزی ناتۆ نەبوو. ئەمە ماسكەیەك بوو نێوان دوو ئایدیۆلۆژی كە یەكێ پێداگری لەسەر وەحشیەت و پاشكەوتوویی دەكرد و ئەوی تریش لەسەر مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی. هێرشی سەر عەفرین بەپێخستنی گڵۆپی سەوزی روسیا و بێدەنگی ئەمریكا پێكهات. زەوی و ئاسمانی عەفرین لەباكوری سوریا بۆ مناوەرەی هێزە ئاسمانی و زەوینیەكانی داگیركەران كراوە بوو.

توركیا، مەكتەب، نەخۆشخانەكان و ماڵی هاوڵاتیانی مەدەنی بۆمباران و كۆمەڵكۆژ دەكرد. هێزە عەسكەرەیانیش لەزەوینەوە دەستیان بە دزی و دەستدرێژی و كۆشتن كردبوو لە گوندە سنوریەكان. ئەوەی لەعەفریندا روویدەدا، لەراستیدا پاراستنێكی هەمەلایەنە لەكۆمەڵگەی مرۆڤی و دووبارەبوونەوەی كۆبانێ بوو. ژمارەیەكی زۆر لە تێكۆشەرانی ئینتەرناسیونالیست لەسەرانسەری دنیاوە خۆیان دەگەیاندە یەكینەكانی پاراستنی گەل و هاوشانی گەلی كورد دەستیان دابووە تێكۆشان.

خەڵكی عەفرین لەكاتێكدا بۆ پاراستنی وڵاتەكەیان و خاكەكەیان لەبەرامبەر بە تۆپ و دەبابە و فرۆكەكانەوە سینگیان كردبووە قەڵغان كە جیهان پشتی تێیان كردبوو. هیچ كام لەدەوڵەتەكان لەدنیادا بەو كۆمەڵكۆژییەی دەوڵەتی تورك لەعەفرین ئەنجامیدا، كاردانەوەیەكیان نیشاننەدا. دەستە بەخوێنەكانی ئەردۆغان لەهیچ كام لەراگەیاندنە پڕخوێنەرەكانی دنیا نیشان نەدران. خوێنی كوردەكان لەبێدەنگیدا رژا. عەفرین لەكاتێكدا دوای دوو مانگ بەرخۆدان و خۆڕاگری داگیركرا، كەچی درۆە راستەقینەكانی بەرێوەبەرانی رۆژئاوایی و بانگەشەكانی مافی مرۆڤ لەدنیای سەرمایەداریدا وەكو مەلەفێكی زیندوو و رۆشن دەمینێتەوە.

شەڕی ئۆكرانیا نیشانیدا كە ئەگەر ئاكامە ناخۆشەكانی شەڕ بۆ گەلانی جیهان بگۆازرێتەوە، رای گشتی مردنی منداڵان، ژنان و پیران و داگیركاری و كۆمەڵكۆژی و رژاندنی خوێن قەبوڵ ناكەن و لەبەرامبەر لەوە روودەدا لەكۆچە و كۆلان و شەقامەكاندا دەست بەناڕەزایەتی دەكەن. رای گشتی شەڕە مەحكوم و ریسوا دەكەن، بەڵام كاتێك بزانن و بیبینن. بۆیەش مرۆڤ دەتوانێت بڵێت كە بێدەنگی لەڕادەلەبەری راگەیاندنەكان لەبەرامبەر بەكۆمەڵكۆژی و شەڕی داسەپاوی دەوڵەتی داگیركەری تورك و خۆ دزینەوە لەبەرخۆدانی خەڵكی عەفرین لەلایەن راگەیاندنە پڕخوێنەر و پڕ بینەرە جیهانیەكانەوە هۆكارەكەی چی بوو.

دەوڵەتی تورك بەئەرێكردنی دەوڵەتانی ناوبراو و بێ دەنگی ئەو راگەیاندنانە بوو كە توانی كۆمەڵكۆژی لەعەفرین بەراحەتی پێكبێنێت و دوور بێ لەتوڕەیی گەلانی دنیا. هیچ شوێن پێیەكی ئەو راگەیاندنانەی كە ئێستا لەكەیڤن لەعەفریندا بوونی نەبوو. دڵگرانی ئەوان لەكەیڤ بۆ مرۆڤایەتی نییە، ئەمە لەعەفریندا بەو خوێنەی كە رژاوە پشتڕاست دەكاتەوە.

ف.ق