کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی کوردستان پێشێلکارییەکان لە تورکیا و باشووری کوردستانی شەرمەزار کرد

کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی کوردستان بەرتەسککردنەوەی ئازادی رادەربڕین و پێشێلکارییەکان بەرامبەر ئازادی کاری راگەیاندن لە تورکیا و باشووری کوردستانی سەرکۆنە کرد.

لە راگەیەندراوێکی کۆمەڵەکەدا هاتووە، "ئێمە رووداوەکانی ئەم دواییەی پەیوەست بە پێشێلکردنی ئازادی رادەربڕین و ئازادی کاری رۆژنامەوانی لە تورکیا و باشووری کوردستان بە توندی شەرمەزار دەکەین".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە دەستگیرکردنی رۆژنامەوانان فرات جان ئارسلان، دەلال ئایکوز و سیبەل یوکلەر لە تورکیا ئەوە دەردەخات کە تورکیا بووەتە زیندان بۆ رۆژنامەوانان.

هەروەها سەپاندن و برینەوەی چوارساڵ سزای زیندان بە سەر رۆژنامەوان شێروان شێروانی لە باشووری کوردستانیش وەک خراپبوونی دۆخی ئازادی راگەیاندن لە باشووری کوردستان پێناسە کراوە.

کۆمەڵەکە داوای کرد کە رۆژنامەوانانی زیندانی دەستبەجێ ئازاد بکرێن و ئازادی کاری رۆژنامەوانی گەرنتی بکرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "رۆژنامەوانی تاوان نییە، مافێکە و ئەو مافە دەبێت لە هەموو هەلومەرجێکدا دەستەبەربکرێت و پارێزراو بێت".

هـ . ب