كۆمیته‌ی شه‌هیدانی په‌ژاك: گه‌له‌كه‌مان به‌جۆش و خرۆشه‌وه‌ به‌شداری له‌ نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ بكه‌ن

كۆمیته‌ی شه‌هیدانی په‌ژاك په‌یامی پیرۆزبایی نه‌ورۆزی بڵاوكرده‌وه‌ و داوای له‌ گه‌لی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كرد كه‌ به‌ جۆش و خرۆشی شۆڕشگێڕییه‌وه‌ به‌شداری له‌ پیرۆزباییه‌كانی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵدا بكه‌ن و یادی شه‌هیدانی رێگای ئازادی بكه‌نه‌وه‌.

كۆمیته‌ی شه‌هیدانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (په‌ژاك) به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌. له‌ په‌یامی كۆمیته‌كه‌دا كه‌ به‌ به‌رفراوانی له‌سه‌ر واتا و گرنگی مێژوویی نه‌ورۆز و ئه‌و شه‌هیدانه‌ی كه‌ له‌ تێكۆشانی ئازادی گه‌یشتوونه‌ته‌ كاروانی شه‌هیدان هه‌ڵسه‌نگاندنی كردووه‌ و به‌م جۆره‌ به‌رده‌وام بووه‌:

"ئێمه‌ له‌ سه‌روبه‌ندی هاتنی به‌هار و نه‌ورۆزی به‌رخودانداین، ئه‌و جه‌ژنه‌ مێژووییه‌ بۆ كوردان هێمای به‌رخودان و تێكۆشانه‌ له‌ دژی سته‌م و داگیركاری. به‌و بۆنه‌وه‌ ئێمه‌ ئه‌و جه‌ژنه‌ له‌ هه‌موو گه‌لی كورد و به‌ تایبه‌تی بنه‌ماڵه‌ی هێژا و سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی رێگای ئازادی پیرۆز ده‌كه‌ین. وێڕای رێزلێنان له‌ یاد و بیره‌وه‌ری سه‌رجه‌م شه‌هیدانی رێگای ئازادی و رزگاری ئێمه‌ جارێكی تر جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ تا به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی شه‌هیدان كه‌ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگای ئازادی و دیموكراتیكه‌ ئێمه‌ تێكۆشان و به‌رخودانی خۆمان درێژه‌ پێده‌ده‌ین. داوا له‌ هه‌موو گه‌له‌كه‌مان به‌تایبه‌تی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كه‌ین به‌ جۆش و خرۆشی شۆڕشگێڕییه‌وه‌ به‌شداری له‌ پیرۆزباییه‌كانی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ بكه‌ن و یادی شه‌هیدانی رێگای ئازادی بكه‌نه‌وه‌".

هـ . ب