کۆمیتەی پەیوەندیەکانی پەکەکە: وەرن لە بەرامبەر خیانەتی و داردەستی پەدەکە یەکبگرین

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەکەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاند، پەدەکە لە بەرامبەر بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد هەڵوێستێکی خیانەتکارانە نیشان دەدات و داوای لە هەمووان کرد کە لە دژی خیانەت و داردەستی پەدەکە یەکبگرن.

راگەیەندراوەکەی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەکەکە بەم جۆرەیە:

"پەدەکە پیلانگێری، پرۆپاگەندە و چەپەڵترین پلانەکانی پێش دەخات و بە شێوەیەکی ئاشکرا لە بەرامبەر بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد خیانەت دەکات. رژێمی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست لەسەر گەلی کورد قڕکردن ئەنجام دەدات، بە زۆرەملێ گەل کۆچبەر دەکات و لەسەر پیرۆزترین بەهاکانی گەلی کورد تەرمی شەهیدان و گۆڕستانەکان کردەوەی بێ ئەخلاقی و نامرۆڤانە ئەنجام دەدات. پەدەکە لەگەڵ رژێمێکی لەو جۆرە چارەنوسی خۆی گرێداوە و لە دژی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان شەڕ دەکات، واتە کەوتووتە دۆخێکی بەو رادەیە داماڵدراو لە کەسایەتی. بە دڵنیاییەوە ئەوەی کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و قڕکەر بەرە باشووری کوردستان پەلکێش دەکات و رێگە لەبەردەم لکاندن دەکاتەوە خودی پەدەکەیە. هەموو کردەوەکانی وەک تاڵانکاری ژینگەی کوردستان، کۆچبەرکردنی گەل بە زۆرەملێ و وێرانکردن و خاپورکردنی گوندەکان ئەنجامی کۆنسێپتی هاوکاری و داردەستەیی پەدەکە و دەوڵەتی تورکە.

پەدەکە نەک هەر لە رووی سەربازییەوە لەگەڵ دەوڵەتی تورک لە هاوکاریدایە، هەروەها بۆ رەوایەتی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ لکاندن و داگیرکردنی باشوری کوردستان دەدات و بێ ئەوەی شەرم لە خۆی بکات هەوڵێکی زۆری خستووەتەکار و لە زۆر لاوە دیدار ئەنجام دەدات و هەموو دەرفەتە دیپلۆماتیکەکانی خۆی لەو چوارچێوەدا بەکاردەهێنێت.

پەدەکە بە پڕۆپاگەندەی درۆیینە و ساختەکارانە، هەوڵ دەدات کە ناوی پەکەکە بزڕێنێت، رۆژەڤەکە بگۆڕێت و تاوانەکانی بشارێتەوە. گەلەکەمان زۆر باش دەزانێت کە پەکەکە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی دیموکراتیکی ئیکۆلۆژیک و ئازادیخوازە. لە هەمان کاتدا گەلەکەمان راستی ئەقڵیەتی پیاوسالار، دژبەری ژنان و دوژمنایەتی ئیکۆلۆژیک و ژینگەی پەدەکەش باش دەزانێت. هەروەها پەدەکە هێشتاش بێ ئەوەی شەرم بکات و رووڕەش بێت، پەکەکە وەک بەرپرسیاری ئاگرکەوتنەوەکانی هەولێر و کەرکوک نیشان دەدات. بەڵام بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگرەوە سەلمێنرابوو کە ئاگرکەوتنەوە ئاماژەبۆکراوەکان لەلایەن میت و پاراستنەوە ئەنجامدراون. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەموو رۆژێک و هەموو ساتێک گوند و دارستانەکانی باشوری کوردستان بۆردومان دەکات و دەیانسوتێنێت، هاوبەشی ئەو تاوانەش خودی پەدەکەیە.

ئەنجومەنی ئاسایشی بە ناو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە لە راستیدا تەنیا ئەنجومەنی ئاسایشی بنەماڵەی بارزانیە، بە شێوەیەکی مەبەستدار و نامەردانە پەکەکە لە هەوڵی کوشتنی بەرپرسی پەدەکە ئەکرەم ساڵحەوە بە بەرپرسیار ناودەبات. ئێمە بە روونی رایدەگەیەنین کە ئێمە ئەو تۆمەتبارکردنە بێ بنەما و ناڕەوایە رەتدەکەینەوە. دوای ئەو راگەیەندراوەی پەدەکە ئەوەندەی هەڕەشە لە بەڕێوەبەرایەتیمان کراوە، لە کوێی باشوری کوردستان دەبێت با ببێت، هەر رووداوێک بۆ هاوڕێیەکمان بێتە ئاراوە، بە دڵنیاییەوە ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی پەدەکە دەبێت.

گەلەکەمان ئەوە باش دەزانێت کە لە هەندێک ناوچەی باشوری کوردستان لە کاتی جیاجیا بە دەستی میت و پاراستن چەندین شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێز تیرۆرکران. گەلی کورد دوبارە باش دەزانێت کە بکوژانی ئەو تاوانانە بە پشتیوانی پاراستن هەڵاتوون و چوونە هەولێر. زۆر ئاشکرایە کە بەرپرسیاری ئەو تاوانانە پاراستنە.

گەلی کورد بە قۆناغێکی مێژوویی و گرنگدا تێپەڕدەبێت. دەبێت هەموو گەلی وڵاتپارێز، رۆشنبیر، ئەکادیمیسیان، حزب و رێکخراوەکانی کوردستان لە دژی هێڵی خیانەت و داردەستەیی پەدەکە بە هێڵی وڵاتپارێزییەوە پەیوەست بن. پەیوەست بەوەوە دەبێت گەلەکەمان بزانێت کە تەنیا بەم جۆرە پارێزگاری لە هەبوون، ئازادی و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان دەکرێت".

هـ. ب