دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، ڕۆژی ١٧ی ئابی ٢٠٢١، چوار جار نەخۆشخانەی سکێنی-ی شەنگالی بە فرۆکەی شەڕ بۆردومان کرد. لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا، ٤ کارمەندی تەندروستی بە ناوەکانی عەلی ڕەشۆ خدر، سەیدۆ ئیلیاس ڕەشۆ، حەجی خدر و موخلیسە سیدار شەهید بوون. هەروەها ٤ شەڕڤانی یەبەشە بە ناوەکانی حەمید سەعدون، خدر شەرەف، ڕامی سالم و مەیسەم خدر خەلەف شەهید بوون، کە بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەکە بوون.
کۆمیتەی تەندروستی شەنگال بە بۆنەی ٢ەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی نەخۆشخانەی سکێنی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە:
"داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، ئێزدییەکانی لە شەنگال کۆمەڵکوژ کرد، بەڵام نەیانتوانی ئێزدییەکان لەناوببات و شەنگال وێران بکات. دەوڵەتی تورک و پەدەکەی هاوکاری، بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان تەواو بکەن، هەموو جۆرە هێرشێکی نا ئەخلاقی و نامرۆڤانەیان دەستپێکرد. کاتێک هێرشیان کردە سەر کۆمەڵگەی ئێزدی، هیچ یاسایەکی مرۆڤایەتی و شەڕیان لەبەرچاو نەگرت و هەموو جۆرە هێرشێکیان بۆ خۆیان بە ڕەوا بینی.
ڕوژی ١٧ی ئابی ٢٠٢١، دەوڵەتی تورک بە ھاوکاری پەدەکە، لەبەر چاوی ھەموو جیھان، تاوانێکی نوێی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامدا. ٤ جار نەخۆشخانەی سکێنی لەلایەن فڕۆکەی شەڕی دەوڵەتی تورکەوە بۆردومان کرا.
لەئەنجامی ئەو هێرشانەدا، ٤ کارمەندی تەندروستی بە ناوەکانی عەلی ڕەشۆ خدر، سەیدۆ ئیلیاس ڕەشۆ، حەجی خدر و موخلیسە سیدار شەهید بوون. هەروەها ٤ شەڕڤانی یەبەشە بە ناوەکانی حەمید سەعدون، خدر شەرەف، ڕامی سالم و مەیسەم خدر خەلەف، کە بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەکە بوون، شەهید بوون.
بەپێی یاسای تاوانە نێونەتەوەییەکان، هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکان و خەڵکی مەدەنی و بێ چەک تاوانی جەنگە. دەوڵەتی تورک نەتەنیا لە شەنگال تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دا، بەڵکو بەمجورە مۆری خۆی لە تاوانێکی جەنگی دیکە دا، کە بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان قەدەغەیە.
دەوڵەتی تورک، بۆ ئەوەی ئەو تاوانەی پەردەپۆش بکات، بانگەشەی ئەوەی کرد، ئەو شوێنە نەخۆشخانە نییە، بەڵکو بارەگایەکی سەربازی یەبەشە-یە.
بەڵام لەبارەی نەخۆشخانەکە، ئەو زانیاری، شایەتحاڵ و دیمەنانەی بەردەستە، پشتڕاستی دەکاتەوە، کە ئەو شوێنە نەخۆشخانەیەکە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگەی ئێزدی و گەلی عەرەب دروستکراوە. سەرباری ئەوەی بەڵگەی پێویست لەبەردەستایە، بەڵام تا ئێستا لەسەر ئەو ھێرشە دەوڵەتی تورک سزا نەدراوە و هەمووان بێدەنگن.
تا ئێستا بە تایبەتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، پزیشکانی بێ سنوور، دامەزراوە تەندروستییە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبارەی ئەو تاوانە دژە مرۆڤایەتییە دەستیان بە لێکۆڵینەوە نەکردووە. وەک کۆمیتەی تەندروستی شەنگال داوا لە سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکان و حکومەتی عێراق دەکەین، ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و بەرامبەر ئەم تاوانە جەنگیانە بێدەنگ نەبن. نە تەنیا ئەو هێرشە، لە ماوەی ساڵانی نێوان ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢٣، دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە، ٣٠ جار هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە. لەو هێرشانەدا ٣٠ کەس کە پێشەنگ و فەرماندەکانی کۆمەڵگەی ئێزدیشیان تێدایە شەھیدبوون و ٢٥ کەسیش بریندار بوون. ئەو هێرشانە تا ئەمڕۆش بەردەوامە و دەوڵەتی تورک ھەر دەرفەتێکی بۆ بڕەخسێت هێرشەکانی ئەنجام دەدات."
ژ.ن