کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆز: ئامادەکارییەکان بۆ ئاهەنگی نەورۆزی کەرکوک کۆتایی هاتووە

کۆمیتەی ئامادەکاری ئاهەنگی نەورۆز لە کەرکوک، کۆتایی بە ئامادەکارییەکانی هێناوە و بانگەوازی لە هەموو لایەک دەکات بەشداربن لە ئاهەنگی نەورۆزی کەرکوک.

لە شاری کەرکوک، کۆمیتەی ئامادەکاری ئاهەنگی نەورۆز تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی ڕاگەیاندن و داوا لە هەمووان دەکات بەشداری ئاهەنگی نەورۆزی کەرکوک بن لەژێر دروشمی (با نەورۆزی ئەمساڵ بکەین بە نەورۆزی یەکڕیزی و پێکەوەژیان لە کەرکوک).

ئێوارەی ئەمڕۆ سۆران سەردار ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆز لە کەرکوک لەسەر کۆتا ئامادەکارییەکان بۆ ئاهەنگی نەورۆز لە شارکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: با نەورۆزی ئەمساڵ بکەین بە نەورۆزی یەکڕیزی و پێکەوەژیان لە کەرکوک)‌، هەروەها هەموو ئامادەکارییەکانیان کۆتاییپێهێناوە، هەریەکە لە هونەرمەندان "سیروان شوانی، بەرهەم شەمامی، ژینە سەقزی، دیار دەرسیم، عەباس سەڵاح داودە و دیار عەلی" لە ئاهەنگەکەدا بەرهەمی هونەری پێشکەش دەکەن."

هەروەها سۆران سەردار داوای لە تەواوی هاوڵاتیان و لایەنەکانی شاری کەرکوک کرد بەشداری ئاهەنگەکەی ٢٥ی ئازار بکەن، کە بڕیارە کاتژمێر ٠١:٠٠ی پاش نیوەڕۆ لە ناوچەی شیوەسور بەڕیوەبچێت، هەروەها داوا لە هاوڵاتیان کرد ڕەچاوی ڕێنەماییە تەندروستیەکان بکەن و دەمامک ببەستن بۆ خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا."