دیوانی هاوسەرۆکایەتی کۆنگرەی گەل لەبارەی ئاستی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و هاوکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ داگیرکەراندا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
دیوانی هاوسەرۆکایەتی کۆنگرەی گەل لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەیدا وتی: "گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان تێکۆشانێکی گەورەی بۆ ئازادی و دیموکراسی بەڕێوە دەبات. لە هەمان کاتدا دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان له قەیرانێکی گەورەدا تێوەگلاون.
لەم پرۆسەیەدا کە جەنگی جیهانی سێیەم لەئارادایە، جەنگ و قەیرانەکان لە زۆربەی شوێنەکانی جیهان بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووی لە زیادبوون کردووە. ئەم دۆخە بەگشتی کاریگەری لەسەر هەر چوار دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان هەیە."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە دەوڵەتی تورک لە بەر تێکۆشانی ئازادیی کە ٥٠ ساڵە بە پێشەنگایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەدەچێت ڕووبەڕووی ناچاری بووەتەوە و ڕایگەیاند: "بەتایبەتی دوای تێکشکاندنی داعش و سەرکەوتنی ڕۆژئاوا، دەوڵەتی تورک ماوەی ١٠ ساڵە شەڕێکی گڵاوی لە دژی گەلی کورد و گەریلاکان لە سێ پارچەی کوردستان دەست پێکردووە، دەوڵەتی فاشیست بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی چەمکێکی تایبەتی ئامادە کرد و بە هەموو تواناکانییەوە خۆی ئامادە کردووە. بەڵام لە بەرامبەر گەریلاکانی ئازادیی سەرکەوتوو نەبوو و ڕووبەڕووی شکستی هەمەلایەنە و ئابووری بووەتەوە.
'هیچ وڵاتێک جیا لە بنەماڵەی بارزانی ئامادە نەبوو قبوڵی بکات خزمەت و هاوکاریی دەوڵەتی تورک بکات'
بەو پێیەی کە دەوڵەتی تورک باوەڕەی وابوو کە بەتەنیا هێزی ئەوەی نییە لەم شەڕە گڵاوەدا سەربکەوێت، داوای هاوکاری له زۆر وڵات کرد بەڵام وەکوو پێویست ئەنجامی به دەست نەهێنا، تەنها بنەماڵەی بارزانی به هەموو تواناکانیانەو کەوتنە خزمەت دەوڵەتی تورک و داواکارییەکەیان قبوڵ کرد، ئێستا بە سەرکردایەتی بنەماڵەی بارزانی بەرە بەرە باشوری کوردستان وەک هەرێمێکی سەر بە دەوڵەتی تورک داگیر دەکرێت.
دەوڵەتی تورک بە سەرکردایەتی بنەماڵەی بارزانی گوندەکانی باشوور بۆردومان دەکات و ماڵەکانیان دەسووتێنێت و گوندنشینان دەکوژێت و ئاوارە دەکات و خۆی لە ناوچەکە جێگیر دەکات.
دەوڵەتی تورک گەورەترین داگیرکەری خاکی کوردستانە واتە گەلی کورد وەک مەزنترین نەتەوە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بوونی قبوڵ ناکرێت و لە بەرزترین ئاستدا، دوژمنایەتی دەکات. بەڵام ناتوانێت بە تەنیا دوژمنایەتی خۆی بەردەوام و بەئەنجام بگەیەنێت. بەڵام به هاوکاری بنەماڵەی بارزانییەوە بەئاسانی دژایەتی گەلی کورد دەکات.
لە درێژەی ڕاگەیاندنەکەی کۆنگرەی گەل دا هاتووە:
"ئەگەر دەوڵەتی تورک سەربکەوێت، ئەوا 'کوردی ئازاد' لە چوار پارچەی کوردستاندا تووشی شکست دەبێت. لە باشوور تەنیا بنەماڵەی بارزانی وەک 'کوردێکی نۆکەر' قازانج دەکات. کوردی نۆکەر لە ناو گەلی کورددا بە 'جاش' دەناسرێت. لەسەرەتاوە تا ئێستا هەموو هەوڵێکی بنەماڵەی بارزانی، هەمیشە لە پێناو بنەماڵەکەیاندا بووە نەک لەپێناو دەستکەوتی نەتەوەیی و یەکێتی گەلی کورد. ئەم عەقڵیەت و بنەماڵەیە هۆکاری هەموو کێشەکانی نێوان حیزبەکان و ڕێکخراوە کوردییەکان بووە تا ئێستا.
ئەمڕۆش هەمان عەقڵیەت لە پێگەی هاوپەیمانی نێوان دەوڵەتی تورک و داعش و بنەماڵەی بارزانیدا نوێ بووەتەوە. ئەو عەقڵیەتەی کە لە ساڵی ١٩٦٨، لە دژی شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵات لە گەڵ شاهی ئێراندا سەودای کرد، لە ساڵی ١٩٧١ لەدژی دکتۆر شڤان و هاوڕێکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورک ڕێککەوتنی کرد، لە ساڵی ١٩٩٦بۆ گرتنی هەولێر ڕێککەوتنی لەگەڵ سەدام کرد، ئەمڕۆش هەمان عەقڵیەت لە دژی ئازادیخوازانی کورد و بەرژوەندییەکانی باشوور لەگەڵ دەوڵەتی تورک هاوپەیمانی کردووە.
'بەهۆی بێدەنگییەوە خیانەت هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە'
لە هەموو جیهاندا ئەم سیاسەتە بە خیانەت دەناسرێت و هەڵوێستی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و تیکۆشانێکی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی بەڕێوەدەچێت. بەداخەوە لە کوردستان بەرامبەر بە خیانەتەکەی بنەماڵەی بارزانی بێدەنگییەکی گەورە هەیە. بەهۆی ئەم بێدەنگییەوە، خیانەت ئەوەندە گەورە بووە کە لە سنووری خیانەت تێپەڕیوە.
ئەمە گەورەترین مەترسییە بۆ هەموو چوارپارچەی کوردستان. بەهۆی ئەم بێدەنگییەوە خیانەتی بنەماڵەی بارزانی گەیشتووەتە لوتکە. ئێستا لە باشووری کوردستان هەموو دەسەڵات تەسلیم بە دەوڵەتی تورک دەکەن.
لەم پڕۆسەیەدا کە باشووری کوردستان لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە پێشکەش بە دەوڵەتی تورک دەکرێت، هێرشی دەوڵەتی تورک لە باکووری کوردستان گەیشتووتە بەرزترین ئاست. جگە لە هێرشەکانی سەر زیندانییەکان، بۆ سەر پارتە سیاسیەکان و گەلی کورد، ئێستا لە بەرزترین ئاستدا هێرش دەکەنە سەر کولتوور، زمان و تەنانەت دژایەتی ئاهەنگی هاوسەرگیریی و سەمای کوردی دەکەن.
دەوڵەتی تورک هەمان سیاسەت و هێرشەکانی، بۆ سه ڕ ڕۆژئاوا و به گشتی بۆ سەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد له چوار پارچەی کوردستان، پەرە پێدەدات.
دیوانی هاوسەرۆکایەتی کۆنگرەی گەل لە کۆتایی بەیاننامەکەدا بانگەوازێکی ئاراستەی گەلی کورد کرد؛
"کاتی ئەوە هاتووە، بە بەرخۆدانی گەریلاکان و گەلەکەمان ڕژێمی فاشیستی دەوڵەتی تورک تێکبشکێنین. دەرفەتەکانی سەرکەوتن ڕەخساوە. بە شکستی ڕژێمی فاشیستی دەوڵەتی تورک، چارەسەری سیاسی بۆ'کوردی ئازاد' لە چوار پارچەی کوردستاندا بەرهەم دێت.
'ترس لە مردن خراپترە، بێدەنگی لە بەرامبەر خیانەت و داگیرکاریدا قبوڵکراو نیە'
بەڵام بۆ سەڕکەوتن بەسەر خیانەت و داگیرکاریدا پێویست بە تێکۆشان هەیە. پێویستە بێدەنگی لە دژی خیانەت بشکێنرێت. ترس لە مردن خراپترە. بێدەنگی ئەمڕۆ بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە.
داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین:
مێژوو و گەل لە هەمووان دەپرسێت: 'دژی خیانەت و داگیرکاری چیتان کرد؟'
بۆ ئەوەی وەڵامێکی ئەرێنی بۆ ئەم پرسیارە بدەینەوە، پێویستە هەمووان بەرامبەر بە خیانەتی بنەماڵەی بارزانی و داگیرکاریی دەوڵەتی تورک هەڵوێستمان هەبێت و دەنگ و تێکۆشانی خۆمان بەرز بکەینەوە.
لە ڕاستیدا بە بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ و گەریلاکانی فیدایی کوردستان، هەلومەرجی مێژوویی بۆ شکستی خیانەت و داگیرکاری هاتووتە پێش. دەوڵەتی تورک و بنەماڵەی بارزانی هەردووکیان لەناو قەیرانێکی گەورەدان. ئەوان موحتاجی هەموو کەسێکن. وەک گەل و دۆستانمان دەتوانین هاوپەیمانی نێوان تورکیا و بارزانی و داعش بکەینە دەرفەتی سەرکەوتن لەم قۆناغە مێژووییەدا.
بۆ ئەوەی تێکۆشان دژ بە هاوپەیمانی داگیرکەری و خیانەت بەرز بکەینەوە، بە گەلی کوردستان و دۆستانمان دەڵێین، کات کاتی سەرکەوتنە، کاتی خاوەنداری لە بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ و گەریلاکانمانە.