پێنجەمین کۆنگرەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە شەنگال بەردەوامە، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی سنونە بە درووشمی «بە ئەفسوونی نیسان شەنگال بنیات دەنێین و خۆبەڕێوەبەری پتەو دەکەین».
کۆنگرەکە بە خوێندنەوەی نامەی پارت و ڕێکخراوە کوردییەکان دەستیپێکرد، لەگەڵ نامەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) و بزووتنەوەی کۆمەڵگەی ئێزیدی و بزووتنەوەی ئازادیی ژنان و وەفدی ئەڵمانی و ئێزیدی لە عەفرین، نامەی هەرێمی کوردستانو دۆستە ئەڵمانییەکانی ئێزیدییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان؛ ئەوەش وەک پاڵپشتییەک بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک.
«سەرکردە و سیاسەتمەدارەکانمان لە کۆمەڵگەی خۆمان هەڵدەبژێرین»
لە کۆنگرەکەدا چیچەک یەڵدز بە نوێنەرایەتی مەجلیسی کۆمەڵگەی ئێزیدی لە ئەوروپا گوتی: «ئێمە ئەمڕۆ لەسەر خاکێکی پیرۆزین، لەگەڵ پارێزەرانی خاکی پیرۆز، لە نزیکەوە دەڕوانینە خەباتی ژنان و گەنجانی ئێزیدی، وەختێک دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر جار دوای جار هێرشدەکاتە سەر ئەم خاکە پیرۆزە».
هەروەها گوتی: «دوژمن سات بە سات چاودێریمان دەکات، بەڵام بە دوژمن دەڵێین هیچ هێز و دەسەڵاتێک ناتوانێت لە شەنگال دوورمان بخاتەوە، سەرکردە و سیاسییەکانمان ئامادە دەکەین و ڕێگەنادەین بێگانەکان فەرمانڕەواییمان بکەن، پاڵپشتی شەڕڤان و سیاسی و کەسێتییە ئایینییەکانی کۆمەڵگەکەمان دەبین، لە دڵەوە پیرۆزبایی ئەم کۆنگرەیە دەکەین و هەر بژی بەرخۆدانی شەنگال».
«شەنگال شکۆی کوردستانە»
پاشان، سەبریە سەفکات بەناوی کەنەکەوە نامەیەکی خوێندەوە، پاش پیرۆزبایی لە ئامادەبووان و میوانان، گوتی: «شەنگال شکۆی کوردستانە، دەڵێین بەرخۆدانی شەنگال، بەرخۆدانی ئێمەیە و هێزی خۆمان لە بەرخۆدانی ژنە ئێزیدییەکانەوە وەردەگرین».
هەروەها گوتی: «بڕیاری ڕەشی قڕکردنمان هەڵوەشاندەوە، بەڵام ئەمڕۆ بەرامبەر بڕیارێکی سۆی وەستاوین، بۆیە دەبێت ئاگاداربین و دژی بوەستین، بەڵێنەکەی فەرماندە زەردەشت و پیر چەکۆ و ڕۆژنامەنووس نوژیان لەیاد ناکەین، بژی بەرخۆدانی شەنگال، بژی ڕێبەر ئاپۆ کە گەلی کوردستانی یەکخست و بە هزر و فەلسەفەکەی هەمووانی هۆشیار کردەوە».
«پاراستنی شەنگال پاراستنی ڕێبەر ئاپۆ و کوردستانە»
لە کۆنگرەدا خێزانی فەرماندەی کۆمەڵگەی ئێزیدی مام بەشیر بەشداربوون، هاژینی مام بەشیر، دایە سەبریە و خانی خوشکی پیرۆزبایی کۆنگرەیان کرد و گوتیان: «پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەکە لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەین، دەبینە دەنگی مام بەشیر و مام زەکی و هەموو شەهیدانی کوردستان، شەنگال دەپارێزین، چونکە پاراستنی شەنگال پاراستنی ڕێبەر ئاپۆ و کوردستانە».
«کۆمەڵگەی ئێزیدی ڕوودەکاتە ئازادی»
لە نامەی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی، تیشک خرایە سەر ئەم خاڵانە: «باجێکی گەورەمان بەخشی تا گەلەکەمان بتوانێ بە زمان و باوەڕی تایبەتی خۆی بڕیاری تایبەت بە خۆی بدات، هەروەها بەرخۆدانێکی بێ وێنەمان ئەنجامدا، لە ئەنجامی ئەم بەرخۆدان و تێکۆشانە، ئەمڕۆ گەلەکەمان ڕوودەکاتە ئازادی بە باوەڕ و هزر و هێز و زانینەوە، ئێمە دڵنیاین گەلی ئێزیدیمان بەم هیوا و باوەڕە جێگەی ڕاستەقینەی لە مێژوودا دەکاتەوە».
«بڕیاری دانپیانان بە جینۆساید گرنگە، بەڵام ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری پێویستی بە دانپیانانی فەرمییە».
لە ئەڵمانیاوە، دۆستانی کۆمەڵگەی ئێزیدی و شەنگال بەشداری کۆنگرە بوون، لە نامەکەیاندا ئاماژەیان بە بەرخۆدانی کۆمەڵگەی ئێزیدی کرد لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و گوتی: «ئێمە ئەمڕۆ لێرەین لەپێناو تێکۆشانێکی هاوبەش، چونکە تێکۆشانی کۆمەڵگەی ئێزیدی، بەتایبەت تێکۆشانی دایکان و گەنجانی ئێزیدی، هێزی گەورەمان پێ دەبەخشێت».
هەروەها لە نامەکەدا هاتووە: «پەرلەمانی ئەڵمانیا دانی ناوە بە جینۆسایدی ئێزیدییەکان، ئەمە گرنگە چونکە هەنگاوێکە بۆ دانپیانان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، ئێمە پاڵپشتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی شەنگال دەکەین».
پاش خوێندنەوەی نامەکان، بۆچوون و هەڵسەنگاندنەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ کۆمەڵگەی ئێزیدی و شەنگال لە کۆنگرەدا خوێنرایەوە، پەیامەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە جۆشوخرۆش و گوتنەوەی درووشمی «بژی ڕێبەر ئاپۆ» پێشوازی لێ کرا.
کۆنگرەکە بەردەوانە کە خوێندنەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە کاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لەماوەی دوو ساڵدا.
ف.ق