بەبۆنەی ١ ی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە، کۆنگرەی ستار ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە:
«کار ئازادییە، ڕەنج واتە ژیانی شەرەفمەندانە. ڕۆژی ١ ی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران پیرۆزبێت لە هەموو دایکان و جووتیاران و کرێکاران و شۆڕشگێڕان، ئەوانەی کاردەکەن بە ئامانجی بنیاتنان و ڕزگارکردنی ژیانی گەلان لە کۆیلایەتی و سەرکوت.
هەروەها ئەم ڕۆژە پیرۆزدەکەین لە ڕێبەر ئاپۆ، خاوەنی کاری پیرۆز، ئەو کەسەی بەهۆی کار و بەرخۆدان و هزرییەوە، ژنان و پیاوان و مناڵان و پیران بە شکۆ و ئازادییەوە دەژین».
هەروەها لەدرێژەدا هاتووە: «بۆ ماوەی سەدان ساڵ و لە بەروارێکی دیاریکراودا، گەلانی سەرتاپای جیهان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە ئاهەنگ دەگێڕن و ئەم یادە پیرۆز دەکەن. لە زۆر وڵاتدا بە ڕۆژی کار ناودەبرێت، هەروەها وەک ئاهەنگێکی کۆمەڵایەتی یاد دەکرێتەوە نەوەک ئاهەنگێکی سەر بە دەسەڵات، گەل بەشێوەیەکی کۆمەڵایەتی و کۆمۆناڵ ئەم یادە دەکەنەوە، بە ئامانجی دەنگ بەرزکردنەوە دژی ستەمی خاوەنکار کە ناچاریان دەکات بۆ کاتێکی زۆر کاربکەن».
لە ڕاگەیاندراوی کۆنگرەی ستار باس لە ڕووداوی ساڵی ١٨٨٧ کراوە، کە بووە مایەی دانپایانان بەم ڕۆژەدا وەک ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، «لەڕێگەی خۆپیشاندان و ڕێپێوانی چینی کرێکارەوە (پرۆلیتاریا)، ئەم خۆپیشاندان و ڕێپێوانانە پڕبوون لە تێکۆشان و ڕاپەڕین، زۆرێک لە کرێکارانی ناوچەی «شیکاگۆ های مارکێت» لە ساڵی ١٨٨٦، بۆ ماوەی ٨ کاتژمێر لە کارکردن وەستان، داوای کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کاریان دەکرد. بەڵام چونکە دەسەڵات ئیرادە و بوونی مرۆڤی وەک پرسێک نەدەبینی، ئەم ڕووداوە بۆ هۆی شەهیدبوونی نزیکەی ١١ کرێکار. شەهیدبوونی ئەم کرێکارانە کاریگەری گەورەی هەبوو، بۆیە دان بەم ڕۆژەدا نرا، وەک ڕۆژی ڕاپەڕین و بەرخۆدان دژی ستەمکاران یاد دەکرێتەوە».
ڕاگەیاندراوەکە جەخت لە پیرۆزی مرۆڤ و کاری مرۆڤ دەکاتەوە: «لەگەڵ ئەوەی مرۆڤ و کاری مرۆڤ پیرۆزن، دەتوانین بڵێین، دەبێت خۆمان بپارێزین لە نەفرەتی توڕەیی سیستەمە سەرمایەدارییەکان و ڕاپەڕین لە دژیان، هەندێک ماف وەرگیراون، بەڵام پاش ئەوەی ئەم سیستەمانە ڕێگەی دڕندانە پیادە دەکەن بۆ وەستاندن و سەرکوتی خۆپیشاندانەکان. بۆیە لەگەڵ سەرهەڵدانی شؤڕشی پیشەسازی و پێشکەوتنی، پاش ئەوەی هەندێک پەرەسەندنی باشی لێ کەوتەوە، بەڵام پشتی دەبەست بە قازانج و سەرمایە، بووە نەخۆشییەک دژی ژن و کۆمەڵگە، وەک ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت».
لە ئاماژەیەکدا بۆ ئاکامەکانی ڕەوشی کشتوکاڵی دەڵێت: «پیشەسازیگەریی بەر دڵی کشتوکاڵ کەوت، هەڵبەت کشتوکاڵ ڕەگەزێکی سەرەکییە بۆ کۆمەڵگەی مرۆیی و هۆکاری مانەوەیەتی، ئیتر لەبەردەم پیشەسازییدا داڕما. چونکە لەڕێگەی ئەم ستەمەوە دابڕانێک لە کار سەریهەڵدا، بەتایبەت لەنێوان زەوی و خاک، ئەمەش بووە مایەی تەشەنەکردنی بێکاری و بەتاڵی کە بووە نەخۆشییەک لە کۆمەڵگەدا، هەروەک ڕێی خۆشکرد بۆ کۆچکردنێکی سیستەماتیک.
«ڕەوشی ژن لەسایەی ئەم سیستەمەدا بووە بەشێکی بێنرخ و دابڕاو لە ژیان، چونکە بە چاوپۆشێ لە بڕی تێکۆشان و پێداگرییەکەی لە بنیاتنان و پاراستنی کۆمەڵگە و ژینگە، بەجدییەوە کار دەکات، کەچی کارەکەی بێ نرخ دەکرێت، کرێی کارەکەی نزم و بێبەرامبەر دەکرێت».
ڕاگەیاندراوەکە جەخت دەکاتەوە لەسەر پێویستی کار و گەڕانەوە بۆ گوند، دەڵێت: «لەپێناو ڕزگارکردنی وڵات و کۆمەڵگەکەمان و پاراستنی ژیانی کشتوکاڵی و بەهای کاری دەستیمان، هەروەها وەستانە دژی ماشێن و کەرەستە پیشەسازییەکان کە وەک ڕۆبۆت کاردەکەن، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ گوند و کێڵگەکان و بەهێزکردنی کشتوکاڵ. تا ژیانێکی ژینگەیی و شکۆمەند بژین. چونکە لە ژیانێکی پڕ لە بێکارییدا شکۆمەندی نابینرێتەوە».
لەکۆتاییدا، کۆنگرەکە داوا لە هەموو ژنە کرێکار و تێکۆشەرەکان دەکات، دەسپێشخەریی بکەن و ڕووبکەنە کار و ڕەنج، هەمووان وەک مێروولە بێ وەستان کاربکەن، لەکۆتایی ڕاگەیاندراوەکە جەخت دەکاتەوە لەوەی «گەرەنتیکردنی شۆڕش بەرئەنجامی تێکۆشان و کاری نەپساوەیە. تاوەکو هەموو ڕۆژەکانمان ببێتە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران».
هەر بژین هەموو کرێکارانی ئازادی، بژی ژنی کرێکار، بژی ژیانی شکۆمەندانە.
ف.ق