بابەتی گرنگ

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی قەسەدە: ئامادەین گەلەکەمان بپارێزین

فەرماندەی گشتی قەسەدە، مەزڵوم عەبدی وتی: "گەر هێرشەکان ڕوو لە خاک و سنورەکانمان بکەن، ئەوا لە ئامادەیی پاراستنی گەلەکەمانداین."

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی قەسەدە

هێزەکانی سوریایی دیموکراتیک (قەسەدە) پەیوەست بە پێشهات و ڕووداوە نوێیەکانی دۆخی ئێستایی سوریاوە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا. لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا مەزڵوم عەبدی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریایی دیموکراتیک وەڵامی پرسیاری میدیاکارانی دایەوە و وتی: "دۆخێکی نوێی سیاسی و سەربازیی لە ئارادایە. ئێمە لایەنگر و پاڵپشتی چارەسەریین و ئامادەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمەکە. دەبێت سیستەمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە نێو پرۆسەی گفتوگۆی چارەسەرەکییاندا بێت."

'مەترسی لەسەر ژیانی هەزاران هاوڵاتی هەیە'

لە بەردەوامی قسەکانییدا مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی قەسەدە ڕایگەیاند، لە حەلەب مەترسیی لەسەر ژیانی هەزاران هاوڵاتیی هەیە، هەوڵدەدەین چارەسەرێکی دیپلۆماسیی بۆ ڕزگارکردنی ژیانیان بدۆزینەوە، هەڕەشەی دەوڵەتی تورک بۆسەر منبج و ناوچەکانی دیکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەیە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەزڵوم عەبدی جەختی کردەوە لەوەی دۆخی ئێستای سووریا بەرپرسیارێتیمان دەخاتەسەر کە هەنگاوی بڕیاردەر بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی مەدەنی و دابینکردنی ئاسایش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی قەسەدە بگرنەبەر، ئەوەی لەم دۆخەدا گرنگە کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی بۆ ڕزگارکردنی گەلەکەمانە لە دەوروبەری حەلەبە، قەسەدە بەشێک لە هێزەکانی لە دەوروبەری حەلەب بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا گەڕاندووەتەوە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر هەوڵەکان بۆ بەڕێکردنی ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی تەل ڕەفعەت و شەهبا بە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.

هەروەها ئاماژەی بە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ٢٥٠ هەزار کەسە و هێشتا لەژێر هەڕەشەدان، هێزەکانی سووریای دیموکراتیک بەردەوام بە چاونەترسییەوە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ئامادەن، هەروەها جەختی کردەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هەوڵی نەتەوەکەمان لە پاراستنی ناسنامەی کوردی لە حەلەبی نوێدا، لە دژی هەوڵە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورک بۆ هەڕەشەکردن لە منبج و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕێگەی دیالۆگ و ئاشتییانە

سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورک، فەرماندەی گشتیی قەسەدە جەختی کردەوە لەسەر ئارەزووی هێزەکانی بۆ "چارەسەری کێشەکان لەگەڵ تورکیا بە شێوەیەکی ئاشتییانە" و گەیشتن بە کەمکردنەوەی توندوتیژیی لە ڕێگەی ناوبژیوانیی ڕووسیا و ئەمریکا، ئەو ڕوونیشی کردەوە، قەسەدە هێزی پێویستی هەیە بۆ سنووردانان بۆ هەر هێرشێکی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکانمان، هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، دۆخی ئەمنی لە هەندێک ناوچەی سووریادا گەورەترین بۆشایی تێدایە، بەتایبەت لە ڕەقه و دێرەزۆر و بادیه دوای کشانەوەی سوپای سووریا، کە ئەمەش دەرفەت بۆ داعش دەڕەخسێنێت بۆ پەرەپێدانی کاریگەریی خۆی لەو ناوچانەدا.

بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی قەسەدە لە دژی داعش

مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوەشدا، قەسەدە بە شێوەیەکی چڕوپڕ لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش کار دەکات، هەوڵە هاوبەشەکان دژ بە داعش لە ماوەی داهاتوودا دووهێندە دەبن.

"لەگەڵ بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکانین"

سەبارەت بە چارەسەری سیاسیی قەیرانی سووریا، مەزڵوم عەبدی جەختی کردەوە، گۆڕانکارییە تازەکان لە سووریادا داوای بوونی چارەسەرێکی سیاسیی بۆ وڵات دەکەن، هێزەکانمان پاڵپشتیی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ـی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن، کە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی گشتگیر بۆ قەیرانەکان، قەسەدە بەردەوام پەیوەندی لەگەڵ هەیئەتی تەحریری شام لە حەلەب دەکات، جەخت لەسەر گرنگیی "دوورخستنەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەر هێرشێک" دەکاتەوە.

هەماهەنگی و گرتنەبەری چارەسەریی سیاسی

لە کۆتاییدامەزڵوم عەبدی ئاشکرایکرد وەک قەسەدە تا ئێستا لەگەڵ هەتەشەدا ڕووبەڕوونەبونەتەوە و  وتی: "سەرەڕای توندوتیژیی لە هەندێک ناوچەدا، هێزەکانی سووریای دیموکراتیک هەتا ئێستا لەگەڵ هەیئەتی تەحریری شام ڕووبەڕوونەبووەتەوە، ئێمە لە هەماهەنگیی بەردەوامداین لەگەڵ هەموو لایەنەکان، لەوانەش عێراق، ڕووسیا و ئەمریکا بەردەوام بە شێوەیەکی خولی دەبێت بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژیی لە ناوچەکەدا و گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی کە سەقامگیریی سووریا بە گشتیی دابین بکات."