پەیەدە: پێویستە هێرش بۆ سەر عەلەوییەکان ڕابگرن، مەترسی شەڕی ناوخۆی لێدەکەوێتەوە

پەیەدە بەرامبەر هێرشەکان بۆ سەر عەلەوییەکان کاردانەوەی نیشاندا و ڕایگەیاند؛ "پێویستە هێرشەکان ڕابگرن، چونکو لێکەوتەکانی بۆ هەموو سوریا قورس دەبێت و ڕەنگە شەڕی ناوخۆی لێبکەوێتەوە."

مەجلیسی گشتی پەیەدە سەبارەت بە پێشهاتەکان لە هەرێمی عەلەوییەکان لە کەناراوەکانی سوریا، حومس، دیمەشق و گوندەکانی حەما بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "دوێنێ لە کەناراوەکانی سوریا، حومس و دیمەشق، هەروەها گوندەکانی حەما کە عەشیرەی عەلەوی تێیدا نیشتەجێن، خۆپیشاندان ئەنجامدرا، ئەم خۆپیشاندانانە دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی پێشێلکارییەکان دژی پەرەستگای عەلەوییەکان، شێخ ئەبو عەبدوڵا ئەل حوسێن بن حەمدان ئەل خەسیبی کە لە حەڵەب ڕوویدا ، دیسان لە سۆشیال میدیا بڵاو بووەوە کە تەقە لە خۆپێشاندەران کراوە لە ئەنجامدا برینداری لێکەوتەوە و قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندرا. هەروەها لە حما داری سەری ساڵ سوتێندرا ئێمە بە نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوانە دەکەین. ئێمە هەرجۆرە پێشێلکاریی دژی هەر باوەڕ، کولتوور، ئایین و هۆز و نەتەوەیەک شەرمەزار دەکەین. هاوکات هۆشداری دەدەین کە ئەم پێشێلکاریانە وڵاتەکەمان سوریا بەرەو شەڕی ناوخۆیی دەبات. ئێمە پێداگری لەوە دەکەینەوە کە پێویستە هەرچی زووتر کۆتایی بە دۆخی دابەشبوونی نیشتمانی بهێندرێت."

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا بانگەوازی لە گەلی سوریا و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی و ئیدارەی سیاسی لە دیمەشق کراوە کۆتایی بەو پێشێلکارییانە بهێنن و بەم شێوەیە ڕاگەیەندراوە: "چارەسەر ئەوەیە گەلانی کەناراوەکان بۆ خۆیان هەرێمەکانی خۆیان بەرێوە ببەن. بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر جۆرە شەڕ و ئاڵۆزیەکی عەشیرەیی بکرێت، گەلانی ئەو ناوچانە دەبێت خۆیان ئەمنیەتی هەرێمی خۆیان بپارێزن. بۆ نووسینەوەی پەیماننامەیەکی کۆمەڵایەتی کە دان بە مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی سووریادا بنێت بە شوناسی نەتەوەیی، کولتووری و ئایینیەوە، دەبێت لیژنەیەک لە هەموو پێکهاتەکانی سوریا پێکبهێنرێت. لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە هەموو کەسێک دەکەین کە ئیدانەی ڕووداوە عەشیرەییەکان بکەن و کۆتایی بە لێدوان و هەڕەشەکان بهێنن، ئەگەرنا بەرەو شەڕێکی ناوخۆیی دەچین، کە لێکەوتەکانی زۆر وێرانکەر دەبێت بۆ هەموو سوورییەکان، بۆیە بانگەوازی لە هەموو هێزە دیموکراتیکەکانی سووریا دەکەین کە پێکەوە بۆ ڕاگرتنی ئەو پێشێلکارییانە کار بکەن، لەم پرۆسەی تێپەڕبوونەدا پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی سوریا بەرەو ئارامی ببەین."