کەنەکە: دەبێت ئێمە لە دژی داگیرکەری خاوەنی هەڵوێست بین!

زەینەب موراد هاوسەرۆکی کەنەکە رایگەیاند، لە باشووری کوردستان بوار بۆ یەکێتیی نەتەوەیی هەیە و وتی، "هەموو حیزبە کوردستانییەکان دەبێت لە دژی هێرشەکان و داگیرکەری خاوەنی هەڵوێست بن".

زەینەب موراد هاوسەرۆکى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە) ئەمڕۆ لە شاری هەولێر و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لەبارەی ئەنجامی سەردانەکانیان بۆلای حزب و لایەن و ڕێکخراوەکان ڕایگەیاند: "لە ئەنجامى سەردانەکانمان بۆمان دەرکەتووە، کە زەمینە بۆ یەکڕیزیی و پێکهێنانى یەکدەنگى نەتەوەیى هەیە و لەوباوەڕەداین، کە بە بەرخۆدانییەکى نەتەوەیى و بە پشتگیریى دۆستان و ئازادیخوازان، دەتوانین ئەم هەوڵى هێرش و داگیرکارییە بشکێنێن".

لەبارەی ئەو حزبانەی، کە پێشوازییان لێنەکردوون، هاوسەرۆکی کەنەکە، وتی: تاوەکو ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بێ وەڵام بووە. لەبارەى کۆبوونەوە لەگەڵ ئێمە، نوێنەرەکانى ئەوانمان نەبینى و بەدەنگەوە هاتنیان نە ئەرێنى بوو نە نەرێنى بوو، دەکرێت خۆیان وەڵام بدەنەوە، کە هۆکارى وەڵام نەدانەوەیان بۆچى دەگەڕێتەوە دەرگاشمان بۆ و هەموو پارت و رێکخراوەکان کرایەوە بەشداربن لەگەڵمان.

وتیشی: "لەماوەى دوو مانگى کارکردن لە باشوورى کوردستان کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان هەوڵیدا دەنگە کۆک و ناکۆکەکان ببینێت و هەوڵى یەکخستنیان بدات، تاوەکو لەم دۆخە هەستیار و مەترسیدارەدا هەرتاکێک بەرامبەرییان بە ئەرکی سەرشانى خۆیان هەستن، بە هەرجۆرێک کە بتوانن دژى داگیرکارییەکان بوەستنەوە چونکە گەلى کورد لە ئیستادا زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستى بە یەکدەنگىی و یەکڕیزىی هەیە لەپێناو گەشتن بە خواست و ئامانجەکان، کە ئەوەش خۆى لە گفتوگۆ و لێکتێگەشتن دەبینێتەوە".

زەینەب موراد، ئاماژەى بەوەشکرد، "بە دوورکەوتنەوە لە شەڕى ناوخۆى و شەڕى ماڵوێرانى دانیشتن لەسەر مێزى گفتوگۆ، دەتوانرێت کێشە ناوخۆییەکان کۆتاییان پێ بهێندرێت و بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن، چونکە نەبوونى یەکدەنگىی و یەکهەڵوێستىی، سەنگەرەکانى بەرگریى لە کوردستان لاواز دەکات".

لەبارەی ئەو کەس و لایەنانەی، کە کەنەکە بینیوێتی"کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان هەوڵیداوە هەموو پارتە سیاسییەکانى کورد و کوردستانى و فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوەکان و ڕۆشنبیران و ڕاگەیەنکاران و ئەکادیمیستان و ڕیکخراوەکانى ژنان و بەشێک لە سیاسەتمەداران لە ئاستى هەرێمى و عێراقى ببینێت".

هاوسەرۆکی کەنەکە بە پێویستی دەزانێت، "هەموو پارتە کوردستانییەکان لەبەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکان یەک هەڵویست بن و بۆ زیاتر پەرتنەبوونى کۆمەڵگا و پاراستنى دەستکەوتەکان و وەستانەوە لەدژى داگیرکاریى دەوڵەتى تورکیا پێویستمان بە فشار و کارى زیاتر و ئیرادەیەکى بەهێز هەیە".

هەروەها، داوای لە تەواوى خەڵکى کوردستان و بەتایبەت پارتە سیاسییەکان و ژنان و لاوان و ئازادیخوازان و دۆستانى کوردستان لە جیهان کرد، کە هەوڵەکانیان زیاتر چڕبکەنەوە بۆ فشارخستنە سەر لایەنە سیاسییەکان لەپێناو کۆتایهێنان و دوورکەوتنەوە لەشەڕى ناوخۆ و ڕێگریى لە داگیرکارییەکانى تورکیا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەماوەى دوو مانگى ڕابردوودا کۆنگرەى نەتەوەىی کوردستان- کەنەکە، سەردانى بەشێکى زۆرى لایەنە سیاسیەکان و رێکخراوەکان و فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى کوردستانی کرد، لەبارەى دروستکردنى یەکدەنگى بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکانى تورکیا بۆ سەرهەرێم و هەوڵدان بۆ ڕێگرییکردن لە دروستکردنى شەڕى ناوخۆ لە نێوان پارتە کوردییەکاندا.

ژ.ت