کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، لە بارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کورستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەقی راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:
هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی هەرێمی باشووری کوردستان لە قۆناغێکی زۆر تایبەتدا بەڕیوەدەچێت. قۆناغێک کە لە ٣٣ ساڵەی تەمەنی ئەو هەرێمە فەرمییەو خولەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا هەرگیز ئەوەندە ئاڵۆز و پڕ قەیران نەبووە. لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان، ناتەبایی لایەنە سیاسییەکان و گرژییە توندەکەی نێوانیان، قەیرانی ئابووری و بژێوی خەڵک و بێ دەرامەتیی، کەمی خزمەتگوزاری و بێکاریی، لەکارکەوتنی پەرلەمان و کەمتەرخەمیی حکومەتی کاربەڕێکەر و قەرزە کەلەکەبووەکانی سەری، نیگەرانیی خەڵک و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان، گرتن و دەمکوتکردنی رۆژنامەوانان، قەیران و کێشەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا، هەروەها دەستتێخستنی سەربازی و ئەمنی و ئاژاوەگێڕیی دەوڵەتانی هەرێـمی لە باشووری کوردستان، ئەمانەو گەلێک پرسی دیکە ئەو خەسلەتانەن کە باشووری کوردستان و دەسەلاتی بەڕیوەبەریی هەرێمیان پێ دەناسرێنەوە،.
هەلوێستی دەسەڵاتی ناوەندیی ئێراقیش بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان نەک هەر هەڵوێستێکی دۆستانە نییە، بەڵکو بەبەردەوامیی لەهەوڵی بنکۆڵکردن و درووستکرنی کێشەی دیکە و بجووکردنەوەی ئەو قەوارەدایە. جگە لەوەی لەدوای پڕۆسەی ریفراندۆمی٢٠١٧وە، بەشێکی زۆری خاکی باشووری کوردستانی خستەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، پڕۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافیای شارو شارۆچکەکانی کوردستانیشی درێژە پێدا. لە لایەکی تریشەوە بە رێککەوتن لەگەڵ دەولەتانی هەرێمیی خەریکی پیلانگێڕان و لەناوبردنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانە. لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا رێککەوتن ئیمزا دەکات و پارتە کوردستانییەکان قەدەغە دەکات، رێگا بە تورکیا دەدات بە قوڵایی دەیان کیلۆمەتر بێتە خاکی کوردستانەوە و لەسەر حسابی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان رێککەوتنی ئابووری و ئەمنی و سەربازی ئیمزا دەکات. هەروەها لەگەڵ دەوڵەتی ئێرانیش بە مەبەستی سەرکوتکردنی خەباتی رەوای گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان، پەیماننامەی بێکاریگەریی و کۆنترۆڵکردنی هێزە سیاسییەکانی ئەو پارچەیەی کوردستان و بەزۆر راگواستنیان ئیمزا دەکات. ئەمانەش ئەو سیمایانەن کە هەڵوێستی حکومەتی ناوەندی ئێراق و بەشێکی زۆر لە سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی ئێراقیان پێ دەناسرێنەوە.
لە لایەکی ترەوە حکومەتی ئێراق بەنیازە رێک لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و لە مانگی نۆڤەمبەری داهاتوودا، سەرژمێری گشتیی لە ئێراق بەڕێوەبەرێت. ئەم پڕۆسەیە لە کاتێکدا بەرێوەدەبرێت کە هیچ کام لە بڕگەکانی مادەی ١٤٠جێبەجێ نەکراون و کێشەی ناوچە دابڕاواکان نەک هەر چارەسەرنەکراوە، بەڵکو بە ئاقارێکی خراپتریشدا رۆیشتووە.
سەرباری هەموو ئەمانەش پرسێکی زۆر گرنگ هەیە ئەویش داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیایە لە باشووری کوردستان. بە دەیان بنکەی سەربازی بە هەموو جۆرە چەکێکی سوک و گران، بە چەکی قەدەغەکراوی نێونەتەوەیییشەوە لە هەرێم جێگیرکراون، چەندین ساڵە تورکیا لە هێرش و دەگیرکاریی بەردەوامە. دەیان بنکەو بارەگای سیخۆڕیی و دامەزراوەی سیاسی و ئابووری کلتوریی لەو هەرێمەدا دامەزراندووە. تورکیا بە جۆرێک بەشێکی گەورەی لەو هەرێمە، بەتایبەتیش لە ناوچەی بادینان داگیرکردووە و خۆی تێدا جێگیرکردووە، وەک خاوەن ماڵ و زۆر بێشەرمانە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی ئەو ناوچە داگیرکراوانەدا دەکات.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا گەلی کوردستان لە هەموو پارچەکانیدا لە شار و گوندو زیندان و چیاکانی وڵاتدا، بە هیواو ئیرادەیەیەکی بەهێزەوە لە بەرخۆدانێکی بێوێنەدایە و هیوای بە سەرکەوتنی گەورە هەیە. هەڵبژاردنێکی شەفاف و بێ غەشی پەرلەمانی باشووریش بەشێکە لەو بەرخودان و هیوایە.
بەلێ، رێک لە هەلومەرجێکی ئاوا ناسک و هەستیار و چارەنووسسازدا هەڵبژرادنی پەرلەمانی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت. قۆناغێکی چارەنووسسازە چونکە لە لایەکەو مەترسی گەورە لەسەر دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە هەموو پارچەکاندا هەیە و لە هەمانکاتیشدا دەفەرتی گەورەمان لەبەردەمدایە.
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کە هەمیشە داوای تەبایی و یەکڕیزی گەلی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی دەکەین، داواش دەکەین پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کەش وهەوایەکی ئارام و شارستانیانەدا و بێ دەستێوەردان و بەلاڕیدابردن بەرێوەبچێت. بە زمان و رەفتاری بەرپرسیاریانە و دوور لە توندوتیژیی بانگاشەی هەڵبژاردن بکرێت. هەڵبژاردنێکی روون کە خەڵکی باشووری کوردستان ئازادانە بتوانن دەنگی خۆیان بدەن. ئێمە دڵنیاین کە گەلی باشووری کوردستان هۆشیارن و دەنگی خۆیان بەو بەربژێرانە دەدەن کە بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان دەپارێزن و بەرگری لە دەستکەوت و ماف و ئازادیەکانیان دەکەن و بۆ کوردستانێکی ئازاد و دژ بە داگیرکاریی و پیلانی نەیاران تێدەکۆشن.. هیوای گەورەی ئێمە ئەوەیە لە ئاکامی هەڵبژاردنێکی ئاوا درووست و بەجێدا ئەنجامەکەی قبوڵبکرێت و دواییش حکومەتێکی کارا کە وەلامدەرەوەی خواستەکانی دەنگدەران و هەموو گەلی کوردستان بێت، دابمەزرێت و دەست بەکارەکانی بکات.
بەم بۆنەیەوە ئێمە جارێکی تر دەڵێین:
١. ئەم هەڵبژاردنانە گرنگن، پێویستە خەڵک بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە کاندیدی نیشتمانپەروەر بدەن کە بەرژەوەندی گەلەکەمان بپارێزن و خزمەتی خەڵک بکەن.
٢. هەڵبژاردن بە هەموو شێوەیەک بە شەفافیەت و بێ ساختەکاری ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی ئەنجامێکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانە دەربکەوێت.
٣. پێویستە هەموو لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن بانگاشەو پلان و پڕۆژەکانیان بە زمانێکی سیاسی لە پەیام و پڕوپاگەندەی خۆیاندا بخەنە ڕوو، زمانی تاوانباری و سوکایەتی بەکارنەهێنن. هەڵبژاردن لە کەشێکی دیموکراسیدا ئەنجام بدرێت، لە هیچ شوێنێکدا توندوتیژی بەرامبەر کەس بەکارنەهێنرێت.
٤. هەموو لایەنەکان ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن بگرن بە پێی ئەنجامی هەڵبژاردن و حکومەتێکی دیموکراسی و .
دادپەروەر دابمەزرێت."