کەنەکە لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ٥ حیزبی باشووردا کۆبوویەوە
شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ئەمڕۆ سەردانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ ٥ فراکسیۆنی حیزبە سیاسییەکانی ناو پەرلەماندا کۆبوونەوە و باسی داگیرکەریی تورکیایان کرد.
شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ئەمڕۆ سەردانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ ٥ فراکسیۆنی حیزبە سیاسییەکانی ناو پەرلەماندا کۆبوونەوە و باسی داگیرکەریی تورکیایان کرد.
سەردانی شاندی کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە چوارچێوەی یەکێتیی نەتەوەیی لە باشووری کوردستان بەردەوامیی هەیە.
شاندەکەى کەنەکە بە سەرۆکایەتیی هاوسەرۆکی کەنەکە زەینەب موراد و بە یاوەریی زەینەب موستەفا، رامان مەجید و بێکەس قادر سەردانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیان کرد.
شاندەکە لەگەڵ بزووتنەوەى گۆڕان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە)، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵەى دادگەریی کوردستان و نەتەوەی نوێ کۆبوویەوە.
هاوسەرۆکی کەنەکە زەینەب موراد لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە بە رۆژنیوزی راگەیاند، لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان گفتوگۆیان کردووە.
زەینەب موراد راشیگەیاند، هەوڵ هەیە، کە لە پەرلەمان لەسەر بابەتی داگیرکاری کۆبوونەوەیەک رێکبخرێت تاوەکو بتوانێت رۆڵی خۆی لە دژی داگیرکەری بگێڕێت.
ئاماژەی بەوەکرد، هەندێک لایەن هەوڵ دەدەن تەنها بابەتی داربڕین بکەنە رۆژەڤ، بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت، کە داربڕین و سوتاندنی سروشتی کوردستان ئەنجامی داگیرکەرین.
هاوسەرۆکی کەنەکە ئەوەشی وت، "پێویستە لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک هەڵوێستێکی روون هەبێت و پەرلەمان بتوانێت لەسەر ئاستی نێونەتەوەیدا لە دژی داگیرکەری بە رۆڵی خۆی هەستێت".
ژ.ت