کەنەکە پشتیوانی لە مافی کوردانی فەیلی دەکات و یادی کۆمەڵکوژکردنیان دەکاتەوە

كۆمیتەی کوردانی فەیلی لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى ٤١هەمین ساڵیادی راگواستن و کۆمەڵکوژکردنی کوردانی فەیلی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

كۆمیتەی کوردانی فەیلی لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى ٤١هەمین ساڵیادی راگواستن و کۆمەڵکوژکردنی کوردانی فەیلیی رایگەیاند، ٤١ ساڵ لەوە رژێمی بەعسی لە ناوچووی عێراق زیاتر لە ٦٠٠ هەزار کوردی فەیلیی بە زۆر راگواست بۆ ئێران و زیاتر لە ٢٠ هەزار گەنجی فەیلیشی راپێچی زیندانەکان کرد و بێسەروشوێنی کردن.

راشیگەیاندوە، کوردان فەیلی بە هۆی هەڵکەوتەى جۆگرافییان و بەشداریی بەردەوامیان بە خەباتی رزگاریی کوردستاندا بە بەردەوامی کەوتوونەتە بەر شاڵاو و پەلاماری رێژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرباری ئەوەى ١٨ ساڵە رژێمی بەعس رووخێنراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەک ماف بۆ کوردانی فەیلی نەگەڕاوەتەوە، بەڵکو هێشتا لە ناوچەکانیاندا هەڕەشەیان لەسەرە.

  كۆمیتەی کوردانی فەیلی لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (کەنەکە) داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە کوردستانی و حیزب و رێکخراوەکان کردووە خاوەنداری لە کوردانی فەیلی بکەن.

دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە

لە یادی چلویەکەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی و راگوێزانی زۆرەملێی کوردانی فەیلی

بەر لە 41  ساڵ، لە پرۆسەیەکی شۆڤینیی و دڕندانەدا، لەلایەن رژێمی بەعسیی لەناوچوونی دەوڵەتی عێراقەوە زیاتر لە 600 هەزار هاوڵاتی کوردی فەیلی بێ تاوان بە زۆرەملێ و قەرەقۆشیانە ناسنامەی عێراقیان لێ سەندرایەوە و لە سەر خاک و زێدی خۆیان  دەرکران و ئاودیوی سنوورەکانی ئەودیوی دەوڵەتی ئێران کران. پاشان دەست بەسەر ماڵ و موڵکیان دا گیرا و دواتر زیاتر لە ٢٠ هەزار جەوانی کوردانی فەیلی دەستگیر کران و خرانە زیندانەوە و بێسەر و شوێن کران كه‌ تا رۆژی ئەمڕۆ چارەنووسیان نادیارە.

كۆمەڵكوژی کوردانی فەیلی، برینێكی ساڕێژنەكراوەی نەتەوەیی گەلی كورد و کوردستانە. كوردانی فەیلی وه‌كو به‌شێكی ره‌سه‌نی نەتەوەی كورد هەمیشە له‌ ناو  خەبات و تێکۆشانی بزووتنەوەی نەتەوەیی و نیشتیمانی گه‌له‌کەمان جێییان گرتووه‌ و رۆڵەکانی بوونەتە قوربانی. بەھۆی گرنگی شوێنی جوگرافیای نیشتەجێبوونیان كە دەكەوێتە ناوەڕاستی عێراق و بەدرێژایی سنووری دروستکراوی نێوان عێراق و ئێران و هەروەها رۆڵی گرنگ و کاریگەرییان له‌ خەبات و تێكۆشانی نه‌ته‌وه‌ییدا و به ئەگەری ئه‌وه‌ی کە  بە ژیانی ژێردەستەیی ڕازی نه‌بوون، ملکەچ نەبوون‌ به‌رامبه‌ر دیكتاتۆریه‌ت. هه‌میشه‌ لە پێناو ئازادی کوردستان و وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانیان ڕێگه‌ی خه‌باتیان هه‌ڵبژاردوه‌. به‌ به‌رده‌وامی مێژوو كه‌وتوونەتە‌ به‌ر شاڵاوی پروسه‌ی قڕكردن و له‌ ناو بردن له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌ یه‌ك له‌ دوا یه‌كه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراق.

لە رۆژگاری ئەمڕۆمان دا و دوای ١٨ ساڵ بە سەر روخانی رژێمی له‌ ناوچووی بەعسی گۆڕبەگۆڕ لە عێراقدا، هێشتا کەیس و مافە زەوتکراوەکانی کوردانی فەیلی بە هەڵواسراوەیی ماوەتەوە و خەڵکە زەرەرمەندەکەی لەژێر یاسا نادادپەروەریەکان دا ژیان بەسەر دەبەن و برینە رۆحیەکانیان ساڕێژ نە بووە.

له‌ ئێستادا کۆردانی فەیلی لەو هەرێمانەی کە تێیدا نیشتەجێن، لەژێر هێڵی شۆڤینیی و توندڕەویی دوچاری دەردەسەری دەبنەوە و ژیانیان لە مەترسیدایە.

ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ک ن ک  ـە کە یادی ئەم کارەسات و فەرمانەی لە دژی گەلەکەمان بەبیر دێنینەوە،  سەری رێز و نەوازش لە بەردەم پاکڕەوانانی کوردانی فەیلی دادەنوێنین و داوای مافەكانیان لە عێراق و كوردستان و سەكۆ نێودەوڵەتیەکان بە ڕەوا دەزانین و ھەوڵ و خەبات و تێكۆشانی لە پێناودا دەكەین.

لە هەمان کاتیشدا داوا لە دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان و تەواوی حیزب و هێز و رێکخراوە کوردستانیەکان دەکەین کە لە کوردانی فەیلی و کەیسەکانیان بە خاوەن دەرکەون و بەیەکەوە هەوڵی ئەوە بدەن کە ئەو تاوان و زوڵمەی سەر کوردانی فەیلی نەهێڵن و بیانپارێزن. پشتیوانیی خۆمان بۆ هەلوێستی لایەنە دڵسۆزەکان لەو پێناوه‌ دا ده‌كه‌ین.

گەڕاندنەوەی مافە رەوا و زەوتکراوەکانی کوردانی فەیلی، سەرەتا  پێویستی بە یەکڕیزی  ناوخۆیی خودی فەیلیەکان هەیە و هەروەها هێز و لایەنی کورد لەناو دەوڵەتی فیدڕالی عێراقدا  ئەو پرسگەلە بە هی خۆیان بزانن.

سڵاو لە گیانی پاكی قوربانیانی كۆمەڵكوژی كوردانی فەیلی و تەواوی گیانبه‌ختكردوانی كورد و كوردستان.

ژ.ت