لە راگەیەندراوێکدا دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) سەبارەت بە رووداوەکانی رۆژی ٢ی ئەیلولی کەرکوک و شەهیدبوونی ژمارەیەک خۆپیشاندەر رایگەیاند: دۆخی کەرکوک گرێدراوی پیلانێکی چەندین ساڵەیەو تورکیاش رۆڵی خراپی لەو ئاژاوە نانەوە بینیوەو بەردەوامە لە دەستێوەردانەکانی لە کاروباری ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکان بەرپرسیارێتی ئاسایی کردنەوەی ئەو بارودۆخەو، سنوردانان بۆ دەستێوەردانی دەرەکی لە ئەستۆی حکومەتی عیراق و وسەرۆکایەتی کۆمارە.
ئاماژەی بەوەشکردووە: "لە پیلانی شومی لۆزانەوە تا رووداوی ٢ی ئەیلولی خوێناوی کەرکوک سیاسەتی بن پێکردنی مافەکانی گەلی کوردستان پەیڕەو دەکرێت. داگیرکەرانی کوردستان دژی دەستکەوتەکانی کوردن بەتایبەتی لەباشوری کوردستان".
دەقی راگەیەندراوەکەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە بارەی رووداوەکانی کەرکوک:
گەلی کوردستانی تێکۆشەر
جارێکی تر کەرکوک بوە گۆڕەپانی ململانێیەکی نەخوازراوو، لە دەرئەنجامی ناڕەزایی کورد لە سیاسەتی خراپ بەڕێوەبردنی شارەکە ناڕەزایی و خۆپیشاندانی مەدەنی دروست بوو، لە ئەنجامدا ھێزە ئەمینەکانی شارەکە بە فیشەک و توندوتیژی رووبەڕووی دەنگی دلێری خەڵک بونەوەو چەند ھاوڵاتیەکی کورد شەھیدو بریندار بوون. بەرپرسیارێتی ئەو کوردکوژییە، بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی پارێزگاری کەرکوکە. پێویستە ئەوانەی دەستیان چۆتە خوێنی ھاوڵاتیانی کورد سزای یاسایی بدرێن.
دۆخی کەرکوک گرێدراوی پیلانێکی چەندین ساڵەیەو تورکیاش رۆڵی خراپی لەو ئاژاوە نانەوە بینیوەو بەردەوامە لە دەستێوەردانەکانی لە کاروباری ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکان بەرپرسیارێتی ئاسایی کردنەوەی ئەو بارودۆخەو، سنوردانان بۆ دەستێوەردانی دەرەکی لە ئەستۆی حکومەتی عیراق و وسەرۆکایەتی کۆمارە.
رووداوە نەخوازراوەکانی کەرکوک بەتایبەتی و ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکان دەرھاوێشتەی چارەسەر نەکردنی کێشەکانن لەسەر بنەمای نەخشە رێگای دەستوریی کە خۆی لەمادەی ١٤٠ دا دەبینێتەوە. پێویستە بە پێی مادەی ١٤٠ ی دەستوری ھەمیشەیی عیراق چارەسەری کێشەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم بکرێت و رەچاوی تایبەتمەندی ناوچە تەعریبکراوەکان بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە نەتەوە یەکگرتوەکانیش بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاشتی و سەلامەتی خەڵکی ناوچە دابڕاوەکانیان دەکەوێتە ئەستۆو بەپێی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی دەبێت رۆڵیان ھەبێ لە پاراستنی مافی مرۆڤ لەو دەڤەرە.
نابێ ئەو راستیە فەرامۆش بکرێت کە نەبوونی ستراتیژی ھاوبەشی کوردستانی وملململانێی حیزبی وبەرژەوەندی تەسکی حیزبەدەسەڵاتدەرەکان درزی گەورەی دروست کردوە کە داگیرکەرانی کوردستان دەستێوەردان،لە ململانێ سیاسیەکانی نێوان ھێزەکانی کوردستان بکەن.لەنێوان ھێزە کوردستانیەکان. و لایەنەکانی تریش لەلایەکی ترەوە.
بۆ گەیشتن بە ھەموو ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان پێویستە ھەوڵەکان چڕ بکرێتەوە تاوەکو یەکێتی و یەک دەنگی لە ئاستی باڵادا پێک بھێنرێت و مەرامی خراپی داگیرکەران لەبار ببرێت. بانگەواز دەکەین بۆ سازدانی کۆنفرانسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و پێکھێنانی کۆمیتەیەکی ھاوبەش بۆ دانانی ستراتیژو پلانی خەبات و تێکۆشان . کەرکوک شارێکی کوردستانیەو پێویستە ستراتیژێک دابڕێژرێت بۆ مسۆگەرکردنی پاراستنی ئاشتەوایی و تایبەتمەندی و رێزگرتن لە پێکەوە ژیانی پێکھاتەکانی کەرکووک و خەڵکی کوردستان و بەھەموو نەتەوەو ئاین و ئاینزاکان.
لە پیلانی شومی لۆزانەوە تا رووداوی ٢ی ئەیلولی خوێناوی کەرکوک سیاسەتی بن پێکردنی مافەکانی گەلی کوردستان پەیڕەو دەکرێت. داگیرکەرانی کوردستان دژی دەستکەوتەکانی کوردن بەتایبەتی لەباشوری کوردستان.
نابێ ئەوە فەرمۆش بکرێت کە نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی کە ئامانجی ھەموو ھێزێکی نیشتمانی و کوردێکی ئازادیخوازە دەرفەت دەدات و دەبێتە مایەی ئاسانکاری بۆ داگیرکەری کوردستان، ئەم رووداوە خوێناویەی کەرکوکیش درێژکراوەی ھەمان پیلانی شۆڤێنیانەی داگیرکەرانی کوردستانەو وریایی پێویستە بۆ رێگە گرتن لەو ئاشوبەی کە دەوڵەتی تورکیاو بەکرێگیراوەکانی دەیانەوێ بیخوڵقێنن و پێکھاتەکانی کەرکوک بکەنە سوتەمەنی بۆ گەیشتن بە مەرامی فراونخوازیی و داگیرکاریان.
نەمری بۆ شەھیدانی رۆژی ٢ ی ئەیلولی خوێناوی و ھەموو شەھیدانی کوردستان".
هـ . ب