کەنەکە سەردانی ئاشوریەکانی کرد
کەنەکە لەگەڵ ئاشوورییەکان کۆبووەوە پرسی داگیرکارییەکانی سەر باشووری کوردستان و کردنە ئامانجی گوندە مەسیحیی نشینەکانیان کردە باسی کۆبوونەوەکەیان.
کەنەکە لەگەڵ ئاشوورییەکان کۆبووەوە پرسی داگیرکارییەکانی سەر باشووری کوردستان و کردنە ئامانجی گوندە مەسیحیی نشینەکانیان کردە باسی کۆبوونەوەکەیان.
لە چوارچێوەی سەردانەکانی بۆلای حزب و ڕێکخراوەکانی باشووری کوردستان، شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سەردانی حزبی بەیت ئەلنەهرینی کرد، کە یەکێتییەکی تایبەت بە ئاشوورییەکانە و لەلایەن یوسف یەعقوب مەتە، سەرۆکی حزب و چەند بەرپرسێکی دیکەی حزبەکەوە پێشوازییان لێکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و ئەو مەترسییانە کرد، کە لە بێدەنگیی و نەبوونی هەڵوێستی لایەنەکانەوە دێتە کایەوە، هەروەها ئەوە خرایەڕوو، بۆ سەروەریی خاکی کوردستان و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا، هاتنە لای یەکی لایەنەکان هەنگاوی سەرەکییە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، ئاماژە بەوە کرا، ئەو ناوچانەی دەوڵەتی تورک لە ئێستادا هێرشیان دەکاتە سەر هەرێمەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینایە، دانیشتوانی ئەو ناوچانەش زۆرینەیان مەسیحیین، ئەمەش مەترسیی بۆسەر ئەوان و دانیشتوانی دیکە دروستکردووە، گوندەکانیان بەهۆی بۆردومانەکانەوە وێران دەکرێت و خەڵکەکەی ئاوارە دەبن.
ئاشوورییەکان ئاماژەیان بەوەکرد، لەگەڵ یەکڕیزیی لایەنەکانی کوردستانداین و ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەین.
شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان شەوی ڕابردوو سەردانی دەزگای سورایا بۆ ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی کلدانییەکانیان کرد لە شاری هەولێر.
شاندەکە ئەمانجی سەردانەکەی بۆ ڕوونکردنەوە و داوای هەڵوێستی لە کلدانییەکان کرد، لەبەرامبەر ئەو داگیرکارییانەی، کە دەکرێتە سەر خاکی باشووری کوردستان و ئەوانیش پشتیوانیی خۆیان بۆ داخوازیی و هەوڵەکانی کەنەکە نیشاندا.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییشدا، نەوزاد پۆڵس سەرۆکی دەزگای سورایا ڕایگەیاند: ئێمە پشتیوانی هەنگاوەکانی کەنەکە دەکەین، هەمووان کۆدەنگین لەسەر پاراستنی کوردستان، ئەو خاکەی بە درێژایی مێژوو تێیدا ئاوارە و دەربەدەر بووین، هەمووان پێکەوە هاوکار دەبین بۆ دیالۆگی سیاسیی لەنێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان.
ف.ق