کەنەکە: ئازەربایجان و دەوڵەتی تورک لە قەرەباخ کۆمەڵکوژی دەکەن

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەبارەی رووداوەکانی ناوچەی قەرەباخ (ئارتساخ) رایگەیاند: دوای ١٠٨ ساڵ جارێکی تر گەلی ئەرمەنی لەسەر خاکی خۆیان دەکوژرێن و ئاوارە دەکرێن.

لە راگەیەندراوەکەی دەستەی سەرۆکایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستاندا هاتووە، "چەند ڕۆژێکە  لەبەرچاوی جیهان کارەساتێکی مرۆیی لە ناوچەی قەرەباخ (ئارتساخ) روودەدات. دوای ١٠٨ ساڵ جارێکی تر گەلی ئەرمەنی لەسەر خاکی خۆیان دەکوژرێن و ئاوارە دەکرێن. ئەوەی ئێستا لە ناوچەی قەرەباخدا روودەدات، پاکتاوکردنی نەژادی و درێژەدان بە جینۆسایدی ساڵی ١٩١٥ و هاوشێوەکانیەتی. ئەمڕۆ لە ناوچەی قەرەباخ، لە لایەن دەوڵەتی ئازەربایجان و دەوڵەتی تورکەوە کۆمەڵکوژی و پاکتاوێکی ئیتنیکی دەکرێت. بە پێی هەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ئەمە تاوانی دژی مرۆڤایەتیە. بەداخەوە ئەم کارەساتە لەبەر چاوی دونیا ڕوودەدات و دونیاش چاوی لێیەتی.

کەنەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "کاتێک سەیری دیمەنەکانی قەرەباخ دەکەین دیمەنەکانی شنگال و عەفرین و سەرێکانی دێنە بەرچاومان. ئەگەر ناویشیان جیاواز بێت، بەڵام تاوانباران وەک یەک بن، لەم هێرش و کۆمەڵکوژییانەدا دەوڵەتی تورک یان ڕاستەوخۆ هێرش دەکاتە سەریان یان لە پشت پەردەوە. دەوڵەتی تورک لە هەموو ئەو حاڵەتانەدا شکستی هێنا. ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک دەیەوێت سنوورەکانی فراوانتر بکات و ببێتە دەسەڵاتێکی هەژموونیی گەورەتر لەسەر حسابی گەلی کورد و گەلی ئەرمەنستان و گەلی یۆنان. ئەوەی ئەمڕۆ لە قەرەباخ دەگوزەرێت، دەرئەنجامی ئەو عەقڵیەتەیە. ئەگەر ڕێگری لەم عەقڵیەتە نەکرێت، دیمەنەکانی ئەمڕۆی قەرەباخ لە زۆر شوێنی تردا چەنبارە دەبنەوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە، جارێکی دیکە پشتیوانی خۆمان بۆ گەلی ئەرمەنستان دەردەبڕین و بە توندی هێرشەکانی ئازەربایجان و دەوڵەتی تورک بۆسەر ئەرمەنستان شەرمەزار دەکەین.  داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان و هەموو ڕێکخراو و هێزە نێودەوڵەتییەکان دەکەین لەبەرامبەر ئەم کارەساتە بێدەنگ نەبن و ڕێگری لە هێرشەکان و پاکتاوی نەژادی بکەن".

هـ . ب