کەنەکە: زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامیی نیشانەی لاوازبوونیەتی!

کەنەکە رایگەیاند، رژێمی ئێران لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا نزیکەی ١٠٠ کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکردووە و ئەمەش نیشانەی لاوازی و گۆشەگیریەکەیەتی.

كۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان راگەیەنراوێکی لەبارەی شەپۆلی دەستگیرکردن لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، دەوڵەتی ئێران و تورکیا لە قەیرانی گەورەی سیاسیی و ئابووریی دان و لە ئاستی نێونەتەوەییدا تا دێت زیاتر گۆشەگیر و بێ متمانە و تەریک دەبن. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی لە رێگای زیاترکردنی زەبروزەنگ و چاوترسێنیەوە هەوڵ دەدەن پێچەوانەکەی نیشان بدەن.

کەنەکە ئەوەی خستەڕوو، " دەوڵەتی ئێران و تورکیا لە قەیرانی گەورەی سیاسیی و ئابووریی دان و لە ئاستی نێونەتەوەییدا تا دێت زیاتر گۆشەگیر و بێ متمانە و تەریک دەبن. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی لە رێگای زیاترکردنی زەبروزەنگ و چاوترسێنیەوە هەوڵ دەدەن پێچەوانەکەی نیشان بدەن."

راگەیەنراوی کەنەکە بەم شێوەیەیە:

"ساڵی ٢٠٢٠، ساڵێکی بە تایبەتیی سەخت  بوو بۆ گەلانی ئێران. سەرەڕای دیکتاتۆریی ڕژیم، باری ئابووریی خەڵک خراپتر بوو و پەتای کۆرۆنایش بوو بە سەرباری هەموو  ئەو نەهامەتیانە لە بێکاریی و نەداریی و هەژارییەک کە لە ٤٢ ساڵی ڕابردوودا زیاتر و زیاتر بوون.

خەڵکانی ئێران، بەتایبەتیی خەڵکی کوردستان، گیرۆدەی سیستەمێکی ستەمکار بوون کە دەست وەردەداتە هەموو بوارێکی کۆمەڵگا و وردەوردە دنەی خەڵک دەدات کە دژی یەکتر بدوێن و زەمینەی هەڵاواردن و ڕەگەزپەرستیی لە ناو خەڵکدا خۆش دەکات بۆ ئەوەی لە رێگای دوورخستنەوەی کۆمەڵانی خەڵک لە یەکتری و بەین و جیاوازیی بخەنە ناو خەڵک و بەو شێوەیە بە شەڕی یەکترەوە سەرقاڵیان بکات.

هاوکات دەوڵەت کەوتووەتە داتاشینی تاوان و هەڵبەستنی درۆدەلەسە بۆ تاوانبارکردنی ئەو تاکانەی کە بە بچووکترین شێوە دەیانەوێت باسی دیموکراسیی و ئازادیی و نان و ئاو بکەن. مۆری خیانەت و ناپاکیی و کوفر لە هاووڵاتیانی ئاسایی دەدات و بە مەبەستی چاوترساندن و ڕەشبگیریی ئەنجام دەدات و بازووی خۆی نیشان دەدات.

تەنیا لە سێ هەفتەی ئەم مانگی یەکەی ئەم ساڵی زاینییدا  نزیکەی سەد (١٠٠) کەس گیراون و بێ سەروشوێنن کە ژمارەیەکی بەرچاویان کچان و ژنانن. هەموو ئەمانە هیچ دەستڕەسییەکیان بە وەکیل و پارێزەر ناگات و تەنانەت ئەو یاسایانەیش نایانپارێزێت کە خودی کۆماری ئیسلامیی ئێران بانگەشەیان بۆ دەکات.

لە فەزایەکی دیکتاتۆریی و فاشیزمی مەزهەبیی و ئایینیی، بێکاریی و هەژاریی و بێخزمەتگوزاریی تەنگی بە خەڵک هەڵچنییوە. بە ئەژمارن ئەوانەی لە تاوی بێدەرەتانیی و دەستەوەستانییدا پەنا دەبەنە خۆکوژیی، کە زۆربەیان ژنن. دەوڵەت تەنانەت ڕێگای کۆڵبەرییش لە خەڵک دەگرێت و گەرەکیەتی لە ڕێگای برسیکردنەوە چۆک بە خەڵک دابدات و ناچاری تەسلیمبوون بە دۆخی ئێستایان بکات.کێشەی خانەوادەیی و تێکهەڵچوونی خەڵکی نزیک یەک و دەراوسێی و هاوشاریی بەشێکن لەو نەخۆشینانەی کە دەرئەنجامی فەزا سیاسیی و ئابووریەکە دروست بوون.

لە کاتی وادا پێویستە گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران ستراتیژ و ئامانجی سەرەکیی لە بیر نەکەن و نەبنە بەشێک لە کایەی دەوڵەت. یەکیەتیی و یەکگرتوویی و هاودەنگیی خەڵکی کوردستان تەنیا فاکتەرێکن کە بەرەو ئاسۆی روونمان دەبەن.

کاری خەباتگێرانی کوردستانیی دەبێت ئەوە بێت کە ژمارەی دۆست و یاران بۆ خەباتی ئازادیخوازیی زیاد بکەن و دۆزی کوردستان ڕوون بکەنەوە.

دەوڵەتی ئێران و تورکیا لە قەیرانی گەورەی سیاسیی و ئابووریی دان و لە ئاستی نێونەتەوەییدا تا دێت زیاتر گۆشەگیر و بێ متمانە و تەریک دەبن. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی لە رێگای زیاترکردنی زەبروزەنگ و چاوترسێنیەوە هەوڵ دەدەن پێچەوانەکەی نیشان بدەن.

لەو بارەوە  ک ن ک ـه داوا لە هەموو پارچەکانی کوردستان دەکات کە خاوەن لە رەنج و قوربانیی و فیداکاریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەر بکەون و پشتوپەنایان بن و لە سەر خەباتی یەکگرتوویی کوردستانیی بەردەوام بن. زیندانیانی سیاسیی سەری بڵند و هەوێنی تێکۆشانی ئێمەن. سەرکەوتن لە هەر بستێکی خاکی کوردستان سەرکەوتنی هەموومانە و هەر جۆرە زیانێک زیانە لە هەموو کوردستان.

بە دڵنییایەوە دەسەڵاتی داگیرکەریی و کۆنەپەرستیی لە کوردستان شکست دەهێنێت و تێکۆشانی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان سەرکەوتوو دەبێت!"

ف.ق